پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ئەو 36 تانكەرە بەنزینەی لە ئێرانەوە هێنرابوون بۆ سلێمانیو ماددەی ژەهراوییان تێدابوو، گەڕێندرانەوە بۆ خاكی ئێران، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش چەند بڕیارێكی لەسەر ئەو كەیسە دەركرد بەوەی ئەو كۆمپانیایەی بەنزینەكەی هێناوە بخرێتە لیستی ڕەشەوەو غەرامە بكرێت بە بڕە پارەیەك كە دەگاتە زیاتر لە 2 ملیار دینار.
سەرەتای ئەم مانگە 42 تانكەر بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كران، ئەو تانكەرانە پێش ئەوەی داخڵی ناو سلێمانی ببن دەستیان بەسەرداگیرا، دوای ئەوەی زانیاریی درابوو بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كە بەنزینەكەیان ژەهراوییە، هەرچەندە لە تاقیگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشماخ لە پشكنین دەرچووبوون، بەڵام دوای پشكنینەوەیان لە سلێمانی، دەركەوت كە 36 تانكەریان ماددەی ژەهراویی تێدایە.
لە تاقیگەكەی باشماخ ماددەی بێنزی ناو بەنزینی ئەو 36 تانكەرە ڕێژەكەی 0.3 بووە، بەڵام لە پشكنینەكەی سلێمانی بێنزەكەی 11 بووە كە ئەوەش ڕێژەیەكی مەترسیدارە بۆسەر ژینگەو تەندروستی خەڵكو بە بۆنكردن یاخود سوتاندنی بەنزینەكە ماددەیەكی ژەهراویی بڵاودەبێتەوەو مرۆڤ توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەكات.
بەشی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشماخ بە پەرەگرافی وت"بەنزینی ئەو 36 تانكەرە نەشیاوبووە بۆ بەكارهێنانو بۆسەر تەندروستی خەڵكو ژینگە كێشەی هەبووە، شەوی ڕابردوو گەڕێندرانەوە بۆ خاكی ئێران."
لەبارەی وەرگرتنەوەی ئەو تانكەرە ژەهراوییانە لەلایەن ئێرانەوە، بەشی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشماخ وتی"هەرشتێك هی گەڕانەوەبێت كتابی بۆدەكەینو ئێران وەریدەگرێتەوەو كێشەی نییە."
تانكەرە بەنزینە ژەهراوییەكان لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ ئێران. فۆتۆ: دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بەكۆی دەنگ بڕیاریدا ئەو كۆمپانیایەی بەنزینەكەی هاوردەكردووە، بخرێتە لیستی ڕەشەوەو بەپێی یاسای گومرگی سزابدرێت، لایەنی كەمتەرخەمی حكومیش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، لیژنەی یاسایی ئەنجومەن چاودێری ئەو كەیسە دەكات تا دەگاتە خاڵی كۆتایی.
ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی تەندروستیو ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەوان نوسراویان پێنەگەیشتووە كە تانكەرەكان گەڕابێتنەوە، بەڵام ئەنجومەنەكەیان بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوكەیسە داوە.
"ئەو كارمەندانەی كە پشكنینان بۆ كردووە لە گومرگی باشماخو ئاسانكاریو ساختەكارییان بۆ كردووە دورخراونەتەوەو كارمەندی دیكە دانراون لەشوێنیان" ڕێبوار ئەحمەد وای وت.
هەرچەندە 6 تانكەر لەكۆی 24 تانكەر بەنزنەكە لە پشكنین دەرچوون، بەڵام لەبەرئەوەی سەرجەمیان وەكو یەك كەیس مامەڵەیان لەگەڵ كرا، ڕێگە نەدراوە ئەو 6 تانكەرەش داخڵی ناوشار ببنو دابەشبكرێن بەسەر بەنزینخانەكاندا، پەرەگراف هەوڵیدا چارەنوسی ئەو 6 تانكەرە ئاشكرابكات، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگاو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ زانیارییان لانەبوو.
تانكەرە بەنزینە ژەهراوییەكان لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ ئێران. فۆتۆ: دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ.
سەرۆكی لیژنەی تەندروستیو ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەدەخاتەڕوو ئەو ماددە ژەهراوییەی لەو بەنزینەدا بووە یەكێكە لەو ماددانەی هانی خانە شێرپەنجەییەكانی لەشی مرۆڤ دەدات كە دروست ببنو چالاك ببن.
ڕێبوار ئەحمەد باسیلەوەشكرد كە غەرامەی كۆمپانیاكە لە 2 ملیار دینار زیاتردەبێت، وتی"بەدڵنیاییەوە ئەم كەیسە قورسەو 2 ملیار دینار سزاو نرخی بەنزینەكەش كە ملیۆنێكو 300 هەزار لیترە زۆرە، بەدڵنیاییەوە تەداخولات هەیە بۆ كەمكردنەوەی سزاكە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا ئەمڕۆ بەكۆی دەنگ بڕیاری تەواوەتی لەسەر داوە."
لەبارەی ئەگەری داخڵبوونی بەنزینی ژەهراوی بۆناو سلێمانی لە ڕابردوودا، ڕێبوار ئەحمەد وتی"حەتمەن ئەمە حاڵەتی یەكەم نییە، بەدڵنیاییەوە حاڵەتی دیكە هەبووەو تێپەڕیوەو ساختەكاریی بۆ كراوە."