45 هەزار تەن شلیك لە پارێزگای كوردستان بەرهەم دەهێنرێت

28-06-2017 06:44
هەزاران خێزان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان میوەی شلیك بەرهەم دەهێنن.

 

پەرەگراف

 

بەرهەمی ئەمساڵی شلیك لە پارێزگای كوردستان 45 هەزار تەنەو زیاتر لە 12 هەزار خێزان لەو پارێزگایە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەو میوەیەن.

 

مەڵبەندی سەرەكی شلیك كە بە زێڕی سوور ناودەبرێت پارێزگای كوردستانە(شاری سنە مەركەزیەتی) سەرباری دابینكردنی پێداویستی پارێزگاكە ئەو میوەیە بەهۆی باشیی جۆرەكەی دەنێردرێتە شارەكانی تاران‌و ئەسفەهان‌و بەشێكی هەناردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئیدارەی كشتوكاڵی كوردستان پلانی هەیە كە بتوانێت شلیكی كوردی ڕەوانەی وڵاتانی عەرەبی بكات.

 

"لە سەرتانسەری وڵاتدا 62 هەزار تۆن شلیك بەرهەم دێت كە ڕێژەی بەرهەمی ئەو زێڕە سوورە لە پارێزگا 45 هەزار تۆن لە ساڵە" محەمەد فەرید سێپەری، جێگری ڕێكخراوی جەهادی كشتوكاڵی كوردستان وادەڵێت.

 

 

میوەی شلیك پێویستییەكی زۆری بەئاو هەیەو زیاتر لەوناوچانە دەچێنرێت كە ئاوی زۆریان هەیە، لە مانگی ئایارەوە(مانگی5) پێدەگات‌و تاماوەی 3 مانگ چەندینجار بەرهەمەكەی لەلایەن جوتیارانەوە لێدەكرێتەوەو ڕەوانەی بازاڕەكان دەكرێت.

 

زۆرترین بەرهەمی شلیك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسێ ‌كوچكەی نێوان (سنە، مەریوان و كامیاران) بەرهەمدێت، ئەوناوچەیە بەهۆی شاخاوی بوون، هەروەها بوونی چەندین ڕووباری گرنگی وەك: گاوەڕۆو سیروان، شوێنێكی لەبارە بۆچاندنی شلیك.

 

كوئین ئێلیزا، پاروس، دیامۆنت لەو جۆرانەی شلیكن كە لە پارێزگای كوردستان بەرهەم دێن، ئیدارەی كشتوكاڵی شاری سەوڵاوا كە سەر بە پارێزگای كوردستانە، پێشبینی كردووە كە ئەمساڵ زیاد لە 700 تەن شلیك تەنیا لەو شارە كۆبكرێتەوە كە زیاتر لە 50 دۆنم زەویی شلیكی تێدا چێندراوە.

 

 

 

سەوڵاوا یەكێكە لە باشترین شوێنەكانی بەرهەمهێنانی شلیك لە ئێران، ئیدارەی ئەو شارە پلانی داڕشتووە كە زیاتر لە 30 دۆنمی دیكە لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی بكاتە شلیك، ئەوەش بەرهەمی شلیك لەو شارە دەگەیەنێتە زیاتر لە هەزارو 200 تەن.

 

مێژووی شلیك لەپارێزگای كوردستان

 

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (ناوەندی هاوئاهەنگی زانست‌و پیشەی شلیك-ی ئێران) بۆیەكەمجار چاندنی شلیك لەساڵی ١٩٣٨ لەلایەن ئیدارەی كشتوكاڵی سنەوە هێنرایە ئەوشارەو لەباخی (فەلاحەت)ی ئەو شارەدا چێندرا، بەڵام دوای شەڕی جیهانی دوهەم‌و داگیركرانی شاری سنە لەلایەن بەریتانییەكانەوە، باخی (فەلاحەت) لەلایەن ئەوانەوە سوتێندراو ئیدی ئەو میوەیە لەكوردستانی ڕۆژهەڵات نەما تاوەكو 40 ساڵ دواتر.

 

 

دواتر چاندنی شلیك لە ساڵی ١٩٧٤ لەشاری مەریوان-ی پارێزگای كوردستان پەرەی سەند، ئەوەش دوای ئەوەهات كە كەسێك بەناوی شێخ عوسمان نەقشبەندی چەندین بن شلیك-ی لەدەرەوە هێنابوو، لەباخەكەی خۆیدا لەگوندی مەحمود ئاوای شاری مەریوان چاندبووی.

 

 

پاشان چاندنی شلیك لەشارەكانی مەریوان، كامیاران‌و سنەو دەوروبەری بووە باو، بەچەشنێك ئێستا وەك بەشێكی جیانەكراوە لەژیانی خەڵكی ئاو ناوچانەی لێ هاتووە.