پەرەگراف
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوی بەنداوەكانی لە عێراق دەگرێتەوەو ئەو كارەش بە "ناچاری" ناودەبات بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە.
گرتنەوەی ئاوی ڕوباری زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە كەرتەكانی ئاژەڵداری، بەرهەمهێنانی ماسیو گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی گرفتی گەورە دەكاتەوەو هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵیش دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێران بەنداوی كۆڵەسەی خستەكار كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر زێی بچوك دروستكراوەو كاریگەری تەواوی لەسەر ئاوی زێی بچوك دروستكرد، هاوكات ئەو وڵاتە سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوێكی ترە لەسەر هەمان ڕوبار بەناوی كانی سێو، "بەو پێیەش ئەگەر ئێران بیەوێت پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان نەبێت، دەتوانێت 100% ئاوی زێی بچوك بگرێتەوە" كە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاوی سەرزەوییە لە هەرێمی كوردستان.
عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جارێكی دیكە ڕەخنە لەوكارەی ئێران گرتو باسیلەوەكرد ئەو ئاوانەی وڵاتی دیكە تێیدا هاوبەشن پێویستە بە هەماهەنگیو ڕێككەوتن بێتو نابێت وڵاتێك زیان لە وڵاتەكەی دیكەبدات، وتی"بەداخەوە بەنداوی كەڵوەسە كە لەنزیك سەردەشتە ئاو گلدەدەنەوەو زێی بچوكیان بە تەواوی بۆ بڕیوە."
وەزیری كشتوكاڵ ئەوەشی خستەڕوو، عێراقیان ئاگاداركردوەتەوە، چونكە ئەو ئاوی بەنداوەكانی دوكانو دەربەندیخان لە هەرێم دوای بەردانەوەیان سودمەندی گەورە عێراقەو زیان مەندی گەورەش لە كەمبوونەوەیان هەر عێراقە.
"ئێستا كاتی گرتنەوەی ئاو نییە لە دونیاداو كاتی بەردانەوەی ئاوە، بەڵام ئێران لە جەژندا گرتییەوە كە پێچەوانەی بەهای دینیو مرۆییە، لە جەژندان 48 كاتژمێر دانیشتوانی قەڵادزێ بێ ئاوبوون"عەبدولستار مەجید وای وت.
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكرد بەردەوامن لە هەوڵەكانیانو ئەمڕۆ ئێران بەڵێنی پێداون ئەو كێشەیە چارەسەربكەن، ئەوەشی خستەڕوو ئەوبڕە ئاوەی لە هەرێم كۆدەبێتەوە لە بەنداوی دوكانو دەربەندیخان ناچارن زیاتر گلیبدەنەوە، چونكە پێویستیانە بەشێوەی سەرەكی بۆ خواردنەوە.
عەبدولستار مەجید وتیشی"بۆیە ناچارین ئاوی كەمتر بكەینەوە، نامانەوێت ئاو لە عێراق بگرینەوە، بەڵام ناچارینو تا هاوڵاتییەكی ئێمە پێویستی پێبێت ناتوانم بەریبدەمەوە، ئاوی دوكان بە ناچاری كەممان كردوەتەوە، لە 180 مەتر سێجا لە چركەیەكدا كەممان كردوەتەوە بۆ 50 مەتر سێجا لە چركەیەدا، چونكە پێویستمان بەئاوەكەیە بەتایبەت بۆ خواردنەوە."
گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە، سەرباری كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزێ، هاوكات كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر زۆربەی چالاكییە ئابورییەكانی دانیشتوانی پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێرو كەركوكو سەدان پڕۆژە زیانیان پێدەگات، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەكی مەیدانیی دوو پسپۆڕی بواری جوگرافیا لە زانكۆی ڕاپەڕین.
لە توێژینەوەكەدا كە پێشتر پەرەگراف ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردەوە، بەشێوەیەكی زانستی تیشكخراوەتەسەر كاریگەرییە هەنوكەییو درێژخایەنەكانی ئەو بڕیارەی ئێران، هاوكات پلانی كورتخایەنو درێژخایەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كاریگەریو مەترسییەكانی كەمبونەوەی ئاوی زێی بچوك خراوەتەڕوو.
بە بۆچوونی توێژەران كاتی گرتنەوەی ئاوەكە لەلایەن ئێرانەوە پێدەچێت پەیوەندیداربێت بە پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە كە بڕیارە 25-9 لە هەرێمو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، "چونكە ئەم پڕۆژەیەی ئێران ڕاستە لە ساڵی (2007) ەوە كاری تێدا دەكرێت، بڕیار وابوو لەزستانی داهاتوودا پڕۆژەكە بخەنە كار، بەڵام بۆچی لەم وەرزی هاوینەدا ئاوەكەیان گرتەوە؟! بێگومان پەیوەندیدارە بە م بڕیارەی هەرێمەوە."