ئێران بەڵێنیداوە بەشێك لە ئاوی زێی بچوك بەربداتەوە

03-07-2017 06:39
ئاوی زێی بچوك لە سنوری قەڵادزێ.

 

پەرەگراف

 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵێنیان بە قائیمقامی قەڵادزێ داوە بەشێك لە ئاوی ڕوباری زێی بچوك بەربدەنەوە كە زیاتر لە 10 ڕۆژە گرتویانەتەوەو زیانی بۆ كەرتەكانی كشتوكاڵ‌و سامانی ماسی‌و ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ هەبووە.

 

بەكر بایز، قائیمقامی قەڵادزێ بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد كاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرپرسانی شاری سەردەشت پەیوەندییان پێوەكردوون‌و وتویانە كاتژمێر 5 بەشێك لە ئاوی زێی بچوك بەردەدەنەوە، وتی"چاوەڕوانی ئاوەكە دەكەین‌و نزیكەی 15 كاتژمێری پێدەچێت تا دەگاتە سنوری ئێمە، ئێستا ئێمە دڵنیانین كردویانەتەوە یان نا، چونكە پەیوەندیمان پێوەكردوون وەڵامیان نییە."

 

بەوتەی قائیمقامی قەڵادزێ، ئێران بەشێك لە ئاوی زێی بچوك بەردەداتەوە نەك هەمووی، وتیشی"بایی ئەوەندە دەبێت كێشەكانی كشتوكاڵ‌و ئەو كێشانەی دیكە كە دروست بووە چارەسەر بكات."

 

لە 22-6-2017وە ئێران ئاوی زێی بچوكی گرتەوە بەمەبەستی پڕكردنی بەنداوی كۆڵەسە كە تازە دروستی كردووە لە سنوری شاری سەردەشت، گرتنەوەی ئاوی زێیەكە كەرتەكانی ئاژەڵداری، بەرهەمهێنانی ماسی‌و گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی گرفتی گەورە كردەوەو هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵیی خستە بەردەم هەڕەشە.

 

قائیمقامی قەڵادزێ ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە بە وردی خەمڵاندنیان بۆ زیانەكانی ئەو چەند ڕۆژەی گرتنەوەی ئاوەكە نەكردووە، بەڵام زیان بە سامانی ئاو و ماسی‌و كشتوكاڵ‌و ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ گەیشتووە.

 

دوای گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوی بەنداوەكانی لە عێراق گرتەوەو ئەو كارەشی بە "ناچاری" ناوبرد بەهۆی پێویستی ئاوەكە لە ناوخۆی هەرێم.

 

جگە لە بەنداوی كۆڵەسە، ئێران سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوێكی ترە لەسەر هەمان ڕوبار بەناوی كانی سێو، "بەو پێیەش ئەگەر ئێران بیەوێت پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان نەبێت، دەتوانێت 100% ئاوی زێی بچوك بگرێتەوە" كە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاوی سەرزەوییە لە هەرێمی كوردستان.

 

عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم، دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جارێكی دیكە ڕەخنەی لەوكارەی ئێران گرت‌و باسیلەوەكرد ئەو ئاوانەی وڵاتی دیكە تێیدا هاوبەشن پێویستە بە هەماهەنگی‌و ڕێككەوتن بێت‌و نابێت وڵاتێك زیان لە وڵاتەكەی دیكەبدات، وتی"بەداخەوە بەنداوی كەڵوەسە كە لەنزیك سەردەشتە ئاو گلدەدەنەوەو زێی بچوكیان بە تەواوی بۆ بڕیوە."

 

وەزیری كشتوكاڵ ئەوەشی خستەڕوو، عێراقیان ئاگاداركردوەتەوە، چونكە ئەو ئاوی بەنداوەكانی دوكان‌و دەربەندیخان لە هەرێم دوای بەردانەوەیان سودمەندی گەورە عێراقەو زیان مەندی گەورەش لە كەمبوونەوەیان هەر عێراقە.

 

"ئێستا كاتی گرتنەوەی ئاو نییە لە دونیاداو كاتی بەردانەوەی ئاوە، بەڵام ئێران لە جەژندا گرتییەوە كە پێچەوانەی بەهای دینی‌و مرۆییە، لە جەژندان 48 كاتژمێر دانیشتوانی قەڵادزێ بێ ئاوبوون"عەبدولستار مەجید وای وت.

 

عەبدولستار مەجید وتیشی"بۆیە ناچارین ئاوی كەمتر بكەینەوە، نامانەوێت ئاو لە عێراق بگرینەوە، بەڵام ناچارین‌و تا هاوڵاتییەكی ئێمە پێویستی پێبێت ناتوانم بەریبدەمەوە، ئاوی دوكان بە ناچاری كەممان كردوەتەوە، لە 180 مەتر سێجا لە چركەیەكدا كەممان كردوەتەوە بۆ 50 مەتر سێجا لە چركەیەدا، چونكە پێویستمان بەئاوەكەیە بەتایبەت بۆ خواردنەوە."

 

گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە، سەرباری كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزێ، هاوكات كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر زۆربەی چالاكییە ئابورییەكانی دانیشتوانی پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێرو كەركوك‌و سەدان پڕۆژە زیانیان پێدەگات، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەكی مەیدانیی دوو پسپۆڕی بواری جوگرافیا لە زانكۆی ڕاپەڕین.

 

لە توێژینەوەكەدا كە پێشتر پەرەگراف ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردەوە، بەشێوەیەكی زانستی تیشكخراوەتەسەر كاریگەرییە هەنوكەیی‌و درێژخایەنەكانی ئەو بڕیارەی ئێران، هاوكات پلانی كورتخایەن‌و درێژخایەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كاریگەری‌و مەترسییەكانی كەمبونەوەی ئاوی زێی بچوك خراوەتەڕوو.

 

بە بۆچوونی توێژەران كاتی گرتنەوەی ئاوەكە لەلایەن ئێرانەوە پێدەچێت پەیوەندیداربێت بە پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە كە بڕیارە 25-9 لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، "چونكە ئەم پڕۆژەیەی ئێران ڕاستە لە ساڵی (2007) ەوە كاری تێدا دەكرێت، بڕیار وابوو لەزستانی داهاتوودا پڕۆژەكە بخەنە كار، بەڵام بۆچی لەم وەرزی هاوینەدا ئاوەكەیان گرتەوە؟! بێگومان پەیوەندیدارە بە م بڕیارەی هەرێمەوە."