كۆمپانیای نیڤا دوای 10 ساڵ كاركردنی وەك بریكاری سەرەكی فۆرد لە عێراق، داخرا

20-07-2017 03:25
بنكەی سەرەكی كۆمپانیای نیڤا لە سلێمانی دوای داخرانی. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆمپانیای نیڤا بریكاری سەرەكی كۆمپانیای فۆرد لە عێراق، دوای 10 ساڵ كاركردن داخرا، ئەوەش كێشەی بۆ هەندێك لە بەكارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی فۆرد لە كوردستان دروستكردووە، كۆمپانیاكە هۆكاری داخستنی بۆ گۆڕانی سیاسەتی فۆرد دەگەڕێنێتەوە.

 

داخرانی نیڤا لەكاتێكدایە هەزاران ئۆتۆمبێلی فۆرد، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق هەن‌و نزیكەی 2 مانگە كێشە بۆ هەندێك لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دروستبووە بەتایبەت لە ڕووی خزمەتگوزاری چاككردنەوەوە، ئەوەش بەهۆی دیارینەكردنی جێگرەوەی نیڤا لەلایەن فۆردەوە.

 

نیڤا یەكێكە لە كۆمپانیاكانی فاروق گروپ كە فاروق مەلا مستەفا سەرمایەداری دیاری كوردستان خاوەنی %65 پشكەكانێتی و %35 پشكەكانی سەرمایەدارێكی ئوردونی خاوەنێتی، لە ساڵی 2007ەوە بریكاری سەرەكی كۆمپانیای فۆردو لینكۆڵن بووە لە عێراق تاوەكو 31-05-2017، بنكەی سەرەكی لە سلێمانی بووەو لە هەولێر، دهۆك، بەغدا و بەسرەش لقی هەبووە.

 

وەك ڕێژین باسل، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای نیڤا بۆ پەرەگراف باسیدەكات، لە مانگی 12ی 2016 وە كۆمپانیای فۆردیان ئاگاداركردووەتەوە كە چیتر نایانەوێت بەردەوام بن‌و داوایان كردووە كە كۆمپانیایەكی دیكە دیاری بكرێت بۆ شوێنگرتنەوەیان، "لە 31-5-2017 وە نیڤا نوێنەرایەتی كۆمپانیای فۆرد ناكات لەعێراق ، دەبوایە لە 1-6-2017وە فۆرد شوێنگرەوەی نیڤای دیاری بكردایە، بەڵام بەپێی زانیاری ئێمە تا ئێستا دیاری نەكراوە، ئەوەش پەیوەندی بە كۆمپانیای فۆردەوە هەیە نەك نیڤا."

 

جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای نیڤا، هۆكاری داخستنی كۆمپانیاكەیان بۆئەوە دەگەڕێنێتەوە كە كۆمپانیای فۆرد سیاسەتی خۆی لە عێراق گۆڕی‌و كوردستان‌و عێراقی لەیەك جیاكردەوە‌و كردی بە دوو بەش، "ئێمەش ئەوەمان قبوڵ نەبوو لەبەرئەوەی لەگەڵ سیاسەتی ئیشكردنی ئێمەدا نەدەگونجا، دوولایەنە كۆتایمان بە گرێبەستی نێوانمان هێناو وەك كۆمپانیای فاروق گروپ وەبەرهێنانی خۆمان لەم بوارەدا وەستاند."

 

بەهۆی داخستنی كۆمپانیاكەیانەوە نیڤا ئاماری فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانیانی لەبەردەستدا نەبوو، بەڵام بە هەزاران ئۆتۆمبێلی فۆرد لەڕێی ئەوانەوە فرۆشراون‌و باشترین بازاڕیان سلێمانی‌و هەولێرو بەغدا بووە.

 

هەر یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانە 3 ساڵ گەرەنتی كارگەییان لەگەڵدا بووە بەرامبەر بە هەر كێشەیەكی كارگەیی لە دروستكردن، بۆئەو كێشانەش كە لەسەر گەرەنتی نەبوون نیڤا بەشی چاككردنەوەی هەبووەو لەسەر ئەركی كڕیار كێشەی ئۆتۆمبێلەكان چارەسەركراون، بەڵام لەدوای داخستنیەوە هیچ كام لەم خزمەگوزارییانە لە ئێستادا بەردەست نین تاوەكو بریكارە نوێیەكان دەستبەكار دەكەن.

 

بۆ دیاریكردنی جۆری كێشەی ئۆتۆمبێلەكان، كۆمپانیای نیڤا لەڕێی ئینتەرنێتەوە پەیوەست بووە بە كۆمپانیای فۆردەوەو لەڕێی پشكنینی كۆمپیوتەرییەوە جۆری كێشەی ئۆتۆمبێلەكانی دیاری كردووە، ئەگەر كێشەكە لە دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكەدا بووبێت لەو ڕێگەیەوە دیاری كراوە‌و چاككردنەوەكەی بێ بەرامبەر بووە، بە پێچەوانەوە لەسەر ئەركی كڕیار چاكدەكرێتەوە.

 

بەكارهێنەرێكی ئۆتۆمبێلی فۆرد كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت نەوەك كێشەی بۆ دروست ببێت، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد هێشتا ئەو گەرەنتییەی پێیدراوە لەكاتی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەدا كۆتایی نەهاتووەو داخستنی نیڤای بە "كێشەیەكی گەورە" ناوبرد.

 

"ئێستا ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەم شتێكی لێبێت ئەبێ لەماڵەوە داینێم‌و ئیشی پێنەكەم، یان لە بازاڕ چاكی بكەمەوە، لەكاتێكدا من گەرەنتیم هەیەو پێویستە كۆمپانیاكە خزمەگوزاریم بۆ دابین بكات"ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلە وای وت.

 

هەرچەندە ئۆتۆمبێلەكەی ئەو توشی كێشە نەبووە، بەڵام وتی"خەڵك هەیە كێشەی بۆ دروست بووەو مانگێكە نەیتوانیوە ئۆتۆمبێلەكەی چاكبكاتەوە."

 

ئەو هاوڵاتییە كە دانیشتوی سلێمانییە ڕەخنەی لە كۆمپانیای نیڤا گرت، وتیشی"من نازانم كێشەی نێوان نیڤاو فۆرد چیەو چۆنە، بەڵام ئێمە لە نیڤاو بەمتمانەی ئەوان فۆردمان كڕیوە."

 

ئەوانەی زیاتر لە 3 ساڵە ئۆتۆمبێلی فۆردیان كڕیوەو گەرەنتییەكەیان كۆتایی هاتووە، داخستنی نیڤا كاریگەریی لەسەر دروست نەكردوون، وەك سەردەشت عەزیز كە لە ساڵی 2013وە ئۆتۆمبێلێكی فۆردی تۆرۆسی كڕیوە.

 

سەردەشت كە لە سلێمانی دەژی، وتی"بۆمن گرفتی دروست نەكردووە، تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت ئەگەر پارچەیەكی ئۆتۆمبێلەكە بشكێت دەبێت لە بازاڕ بیكڕم، چونكە كۆمپانیاكە داخراوە، ئەوەش گرفتێكی ئەوتۆنییە."

 

 

بەشی چاككردن‌و پارچەی یەدەك لە كۆمپانیای نیڤا دوای داخرانی. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

لەلایەن كۆمپانیای فۆردەوە هەموو ئەوكەسانەی ئۆتۆمبێلی فۆردیان كڕیوە بە نامەی مۆبایل‌و لەڕێگەی ئیمەیڵەوە ئاگاداركراونەتەوە كە لە 31-05-2017وە نیڤا نوێنەرایەتی فۆرد ناكات لەعێراق‌و بەرپرس نییە لە پێشكەشكردن‌و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی فرۆشتن‌و دوای فرۆشتنی فۆرد.

 

هەروەها كۆمپانیای لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە 02/06/2017 ئاگاداری بەكارهێنەرانی خۆی لەعێراق كردووەتەوەو ئەوەی دووپاتكردۆتەوە كە ڕەزامەندی كڕیارەكانیان لە هەموو شتێك گرنگترە بەلای ئەوانەوەو ئەوان كاری جدی دەكەن بۆ دامەزراندنی بریكارە نوێیەكانی خۆیان لە عێراق لە زووترین كاتدا، هاوكات ژمارە مۆبایلێكی وڵاتی ئیمارات‌و ئیمەیڵێكی داناوە تاوەكو بەكارهێنەرانی فۆرد بتوانن پەیوەندییان پێوەبكەن بۆ هەر پرسیارو بەدواداچونێك لەسەر خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێلەكانیان.

 

"پەیوەندیمان بە فۆردەوە نەماوە، كۆمپانیاكەشمان دانەخستایە هەرنەماندەتوانی خزمەتگوزاری پێشكەش بە كڕیارانی فۆرد بكەین، چونكە ئێمە چیتر ناتوانین بە فەرمی نوێنەرایەتی كۆمپانیای فۆرد بكەین لە عێراق وە هەموو ئەو سیستمانەی كە تایبەتمەندن بە پشكنین‌و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل وەستێندراون لەكار لە 31-05ەوە"ڕێژین باسل وای وت.

 

داخستنی كۆمپانیای نیڤا دوای ئەوەدێت ماوەی 3 ساڵە قەیرانێكی سەختی ئابوری هەرێمی كوردسانی گرتوەتەوەو ئەوەش كاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل دروست كردووە، ڕێژین باسل دەڵێت"بازاڕ لە هەموو عێراقدا خراپ بووە، زۆربەی بریكارە فەرمیەكانی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل لە زەرەردان، بەڵام داخستنی نیڤا پەیوەندی بە خراپی بازاڕەوە نەبووە."

 

داخستنی نیڤا بووە هۆی بیكاربوونی 190 فەرمانبەری كۆمپانیاكە، ڕێژین دەڵێت"بەشێك لەو فەرمانبەرانە لە پڕۆژەكانی دیكەی فاروق گروپ خراونەتە سەركار، بەشێكیشیان بێكاربوون، بەتایبەت ئەوانەی لەبەشی چاككردنەوە كاریان دەكرد نەمانتوانیوە كاریان بۆ بدۆزینەوە."