ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەكان دەكات و هۆشداری لەبارەی بنبەستی سیاسییەوە دەدات

29-01-2026 01:09

پەرەگراف - ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە وادە دەستوورییەكان دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران. هۆشداریش دەدات كە هەر لادانێك لەو وادانە، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی سیاسی و پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتدا.

ئەنجوومەنەكە یەكەم كۆبوونەوەی ساڵی نوێی خۆی لە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026 بە سەرۆكایەتی دادوەر د. فایەق زێدان، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی، ئەنجام دا.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "تەواوكردنی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لە چوارچێوەی ئەو وادانەی دەستوور دیاریی كردووە، ئەركێكی نیشتمانییە".

هەروەها ئەنجوومەنەكە داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كردووە، "ڕێز لەم وادانە بگرن و دوور بكەونەوە لە هەر كارێك كە ببێتە هۆی تێكدانی بنەما دەستوورییەكان، یان ڕێگەخۆشكردن بۆ دەستێوەردانی دەرەكی".

بنبەستی سیاسی باڵی بەسەر وادە دەستوورییەكاندا كێشاوە

ئەم هۆشدارییەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە كاتێكدایە كە بنبەستێكی سیاسیی قووڵ لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆكوەزیران هەیە، بەتایبەت لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"ـی شیعەكاندا. سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا لە قۆناغی "ئینكاركردن و سەركۆنەكردن"دایە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ ئەو پۆستە ڕەت كردەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر مالیكی سوور بێت لەسەر كاندیدبوونی، ڕەنگە پشتگیرییەكانی چوارچێوەكە بۆی، وردە وردە كەم ببنەوە و دواجار بە تەنیا بمێنێتەوە، مەگەر فشارێكی دەرەكی ببێتە هۆی ڕێككەوتنێكی نوێ یان ترەمپ لە هەڵوێستەكەی پاشەكشە بكات.

ئەم تەنگژەیەی ناو "ماڵی شیعە" كاریگەریی ڕاستەوخۆی كردووەتە سەر دۆسیەی سەرۆكایەتیی كۆمار، كە بەپێی دابەشكاریی پێكهاتەكان پشكی كوردە. دانیشتنی پەرلەمان كە بڕیار بوو لە ٢٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوە بچێت، بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دواخرا.

بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٦، دانیشتنێكی نوێ ئەنجام بدرێت، كە ئەمە كۆتا وادەی دەستوورییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار. بەڵام سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، پێشبینی دەكرێت ئەمجارەش دەنگدانەكە دوابخرێت، چونكە بەپێی دەستوور، سەرۆككۆمار دەبێت هەر دوای هەڵبژاردنی، ڕاستەوخۆ كاندیدی فراكسیۆنی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێرێت.

سەرۆكایەتیی كۆمار لەنێوان بەرداشی ململانێكاندا

بەپێی دەستووری عێراق، پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران بەستراونەتەوە بە یەكەوە، كاتێك سەرۆككۆمار هەڵدەبژێردرێت، دەبێت دەستبەجێ كاندیدی سەرۆكوەزیران ڕابسپێرێت. بەهۆی ئەوەی هێشتا ڕێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران نییە، پۆستی سەرۆككۆماریش بووەتە قوربانیی ئەم ململانێیە و پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەكی كەوتووە.

لەگەڵ كۆتاییهاتنی وادە دەستوورییەكان و قووڵبوونەوەی پەككەوتنی دامەزراوەكان، هۆشدارییەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەخت لەو نیگەرانییە گەورەیە دەكاتەوە كە بەردەوامیی ئەم دۆخە، عێراق بخاتە ناو "پابەندنەبوون بە ماوە دەستوورییەکان" كە دەرەنجامی سیاسیی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە.