وەزیری كشتوكاڵی هەرێم داوادەكات ڕیفراندۆم بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت

07-08-2017 05:36
دروێنەی گەنم لە كەركوك. فۆتۆ؛ كەركوك ناو.

 

پەرەگراف

 

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم داوادەكات ڕیفراندۆم بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت بەمەبەستی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، هۆشداریش دەدات ئەگەر ئامادەكاریی نەكرێت پێدەچێت نرخی خواردن بەڕێژەیەكی زۆر بەرزببێتەوە.

 

عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو كە داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەی ئاو و خۆراك، بەتایبەت گەنم كە بە "زۆر گرنگ" ناوی برد، وتیشی، كێشەی گەنمیان نییە وەك بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام كێشەی هەڵگرتنیان هەیەو سایلۆكان توانای هەڵگرتنی بڕی پێویست گەنمیان نییە.

 

دوای ئەوەی بڕیاردرا 25-9 ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، كاردانەوەی ناوخۆی‌و دەرەكی لێكەوتەوەو بەتایبەت ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن‌و لەو دوو وڵاتەوە خۆراك‌و پێداویستی دیكە هاوردە دەكرێن دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكەی كورد ڕاگەیاند، بەوەش ئەگەری داخستنی سنور بەڕووی هەرێمدا بووە باسێكی گەرمی ناو خەڵك.

 

وەزیری كشتوكاڵ باسیلەوەكرد، پێویست ناكات هاوڵاتیان بترسن‌و توشی دڵەڕاوكێ ببن لە گرانبوونی نرخی خواردن بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، ئەوەشی خستەڕوو دەرگایان بەڕووی هاوردەكردنی گەنمدا كردوەتەوە.

 

بەوتەی عەبدولستار مەجید، لەحاڵەتی گەمارۆی ئابوریدا، هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی باش دەتوانێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستێت، لە دابین كردنی ئاسایشی خۆراك، لەبەرئەوەی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەرتی كشتوكاڵ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری كشتوكاڵ داوایكرد، ڕیفراندۆم بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت، بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێت بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك‌و ئاو، ئەوەشی ئاشكراكرد كە داوایان لە حكومەتی هەرێم كردووە 36 ملیار دیناریان بۆ دابین بكات بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ، وەك سەرەتایەكیش ڕەزامەندی لەسەر 20 ملیار دراوە، بەڵام ئەوەی بە "كەم"ناوبرد.

 

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان لە گەنم، پەتاتە، هێلكەو پیازو‌و هەندێ بەرهەمی دیكەو میوە وەرزییەكان دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ دابین بكات.

 

عەبدولستار مەجید، هۆشداری ئەوەشیدا ئەگەر ئامادەكاری نەكەن پێدەچێت لە كاتی ڕیفراندۆمدا نرخی سەوزەو خواردن بەرزببنەوە، بە جۆرێك "نرخی كیلۆیەك تەماتە ئەگەری هەیە بگاتە پێنج هەزار دینار."

 

بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی وەزیری كشتوكاڵ، تایبەت بوو بە ئاسایشی، بەپێی ئامارەكانی وەزارەت لە كوردستان 17 بەنداو هەن‌و 14 بەنداوی دیكەش دیزاینیان بۆكراوەو 8 یان لەقۆناغی جێبەجێ كردندان.

 

وەك عەبدولستار مەجید وتی، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە كە پێشبینی دەكرێت لە ماوەی 5 بۆ 6 ساڵدا تەواوببن پێویستی بە 4ملیار و 500ملیۆن دۆلارە‌و بە تەواو بوونیان هەرێمی كوردستان ئاسایشی ئاوی دابین دەكرێت‌و ناكەوێتە بەر هەڕەشەو مەترسی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە.