سەرمایەدارانی كوردستان پشتیوانیی ڕیفراندۆم‌و دەنگی بەڵێ دەكەن

12-08-2017 02:22
ئامادەكردنی ئاڵای كوردستان. وێنە؛ ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

سەرمایەدارانی كوردستان پشتیوانیی ڕیفراندۆم‌و دەنگی بەڵێ دەكەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق، چەندین ملیۆنێر ئامادەییان دەبڕیوە بە بەخشینی بەشێك لە سامانەكانیان پاڵپشتی پڕۆسەكەبن‌و زیاتر لە بودجەی پێویست پارەی بۆ تەرخان بكەن.

 

پشتیوانی سەرمایەداران لە كاتێكدایە كوردستان 3 ساڵە لە قەیرانێكی سەختی داراییدایەو پڕۆسەی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت نزیكەی 20 ملیۆن دۆلاری پێویستە، هاوكات لەو كۆبوونەوەیەی مەسعود بارزانی‌و حزبەكانیشدا كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم درا(6-7-2017) بارزانی دڵنیایی ئەوەی بە ئامادەبووان دابوو كە بودجەی ڕیفراندۆم دابین دەكات‌و ئەگەر پێویست بكات داوای هاوكاریی لە كۆمپانیاكان دەكات.

 

دوای ئەوەی وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان داوای لە سەرمایەداران كردبوو هەڵوێستیان هەبێت‌و بودجەی ڕیفراندۆم لە ئەستۆ بگرن، چەندین سەرمایەدار لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم ئامادەییان پیشانداوە هاوكاربن.

 

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو لە ئێستادا چاوەڕوانن پرسی ڕیفراندۆم بە تەواوی بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، وتی"سەرمایەداران ئامادەن بودجەی ڕیفراندۆم لە ئەستۆبگرن، بەجۆرێكی دیكەش ئەگەر حكومەت ئەوە قبوڵ نەكات چەندین سەرمایەدار بڕیاریاندا بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم‌و پاڵپشتی دەنگی بەڵێ لە پڕۆسەكەدا تەواوی توانا دارایی‌و مەعنەوییەكانیان دەخەنەگەڕ."

 

مەلا یاسین كە هاوكات بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێزە، باسیلەوەشكرد بەپێی ئەو پەیوەندییانەی بە یەكێتی وەبەرهێنەرانەوە كراوە، لەسەدا 95ی سەرمایەداران لەگەڵ دەنگی بەڵێ-دان لە ڕیفراندۆمەكەدا.

 

"سەرمایەداری گەورەمان هەیە كە خاوەنی پڕۆژەی زۆر گەورەن سەروەت‌و سامانیان لەسەروی ملیارێكەوەیە ئامادەییان هەیە 100 ملیۆن دۆلار هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن بۆئەوەی پرسی سەربەخۆیی كوردستان سەربگرێت، چەندین سەرمایەداری دیكەش دەڵێن هەرچیمان هەیە دەیخەینە خزمەتی سەرخستنی ڕیفراندۆم"مەلا یاسین وای وت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە‌و هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووەو نوێنەریان نییە لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، 8ی ئەم مانگەش جوڵانەوەیەك بە ناوی "نەخێر لە ئێستادا" ڕاگەیەندرا كە لە چەندین كەسایەتی پێكهاتووەو داوای داخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر دەكات بۆ ڕیفراندۆم.

 

سەرباری فشارە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان، بەڵام ئەو حزبانەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەیانداوە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە، هاوكات داوادەكەن خەڵك بەشداری پڕۆسەكە بكەن‌و دەنگی بەڵێ بدەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئامادەنەبوو ناوی ئەو سەرمایەدارانە ئاشكرابكات، بەوپێیەی هێشتا ڕێككەوتنی تەواوی لایەنەكان بەدی نەهاتووە لەسەر ڕیفراندۆمەكەو سەرمایەدارانیش بەرژەوەندییان هەیەو باش نییە لە ئێستادا ناویان ئاشكرابكرێت.

 

مەلا یاسین دەڵێت"بەڵام بەشێوەیەكی گشتی سەرمایەدارە گەورەكان لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم بە دڵنیاییەوە ئامادەییان دەربڕیوە تەواوی توانا ئابورییەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆم، هەتا سەرمایەدارێكی زۆرباشی كوردستان پەیوەندی پێوەكردم كە لە تەواوی پارێزگاكان پڕۆژەی هەیە، وتی ئەم دوو مانگە داوا لە وەبەرهێنەران بكەن واز لە پڕۆژەو كارەكانیان بهێنن‌و لۆبی دروست بكەین لە تەواوی ناوچەكان بگەڕێین بۆ كۆكردنەوەی دەنگی بەڵێ، ئەوە یەكێكە لەو سەرمایەدارانەی لە عێراق‌و كوردستان بە ناوبانگە، لەكاتی پێویستدا ناوەكانیان ئاشكرادەكەین."

 

لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەكات، مەلا یاسین وتی"دەستخۆشیمان لێكراوە لەلایەن چەندین كەسایەتی باڵاوەو بە هەڵوێستێكی مێژوویی لەقەڵەمدراوە، ئێمە تائێستا بە فەرمی پەیوەندیمان نەكردوە بە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمەوە، بەڵام بە نافەرمی پەیوەندیمان هەیە‌و پێدەچێت كۆمەڵێك لە وەبەرهێنەرە بەتواناكان لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم كۆببنەوە."

 

لەئێستادا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەرمترین پرسی كوردستانەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لەوادەی دیاریكراودا، نزیكەی 2 هەزار بنكە‌و 12 هەزار وێستگەی دەنگدان لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دادەنرێن، میكانیزمێكیش دیاریكراوە كوردانی دەرەوەی وڵات بەشداربن لە پڕۆسەكەدا.