كۆمپانیایەك لە سلێمانی 4 ملیار دینار بۆ "ئاشتەوایی نیشتمانی" دەبەخشێت

09-09-2017 11:36
هەڵمەتی 100 هەزار بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، لەلایەن كۆمپانیای دەروازەوە دەستیپێكراوە.

 

پەرەگراف

  

لە ژێر ناوی "بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی" كۆمپانیایەك لە سلێمانی بە بڕی 4 ملیار دینار كۆبۆنی وەرگرتنی جلوبەرگ بێبەرامبەر بەسەر چین‌و توێژە جیاوازەكاندا دابەشدەكات، خاوەنی كۆمپانیاكە دەڵێت، بۆ بڵاوكردنەوەی ڕۆحیەتی ئاشتەوایی دەستیان بەو هەڵمەتە كردووە.

 

هەڵمەتی 100 هەزار بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، لەلایەن كۆمپانیای دەروازەوە دەستیپێكراوە كە تێیدا كۆبۆنێكی تایبەت بە ناوی "بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی" لە چاپ دراوە بە ڕێژەی 100 هەزار دانە، هەڵگری كۆبۆنەكە دەتوانێت بە بڕی 40 هەزار دینار(32 دۆلار) پۆشاك هەڵبژێرێت لە دەروازە بوتیك كە بوتیكێكی گەورەی پۆشاكی فرەبراندە لەسەر ئاستی كوردستان‌و لەناو ماجدی مۆڵدایە لە سلێمانی.

 

"كوردستان لەبەردەم كۆمەڵێك ئەگەردایە‌و تاكە كلیل بۆ گەیشتن بە ئامانج ئاشتەوایی نیشتمانییەو بۆ پیرۆزكردن‌و وەك بەخشینەوەی شیرینی‌و بڵاوكردنەوەی ڕۆحیەتی ئاشتەوایی، بیرمان لەم پڕۆژەیە كردەوە‌و جلوبەرگەكانمان كە كوالێتییان بەرزە دەیبەخشین لە ڕێگەی ئەم 100 هەزار كۆبۆنەوە" هاوبیر ئەنوەر، خاوەنی كۆمپانیای دەروازە بۆ پەرەگراف وای وت، داواشدەكات "هەركەسێكی دیكەش لای خۆیەوە ڕۆڵی هەبێت، تەنانەت ئەگەر بە قسەیەكی خێرو ئامۆژگارییەكیش بێت بۆ دووركەوتنەوە لە ناوزڕاندن‌و نائارامیی."

 

 

خۆشحاڵیی بە سوودمەندبوون لە كۆبۆنی 100 هەزار بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی.

 

بەخشینی بڕی 4 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای دەروازەوە لەكاتێكدایە، ماوەی 3 ساڵە هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسیدایەو حكومەت توانای دابەشكردنی نیوموچەشی نییە لەكاتی خۆیدا‌و زۆربەی پڕۆژەكان پەكیان كەوتووەو دەیان كۆمپانیاش مایەپوچ بوون.

 

خاوەنی كۆمپانیای دەروازە، باس لەوە دەكات بەپێی سیستمی سەرمایەداری‌و بازاڕی ئازادو لە چوارچێوەی یاساكانی هەرێمدا سەرمایەگوزاری‌و وەبەرهێنانیان كردووە، دەڵێت"جیاوازی ئێمەو ئەوانەی ئەمڕۆ توشی قەیران بوون ئەوەیە ئێمە بەشێوەی سەركەوتوو كارمان كردووەو نهێنی سەركەوتنیشمان ئەوەیە پارەمان تەخشان‌و پەخشان نەكردووە نە لەئاستی كەس وەك خۆم نە وەك كۆمپانیا، هەوڵمانداوە بە كەمترین پارە باشترین كاربكەین‌و پارەمان خەسار نەكردووە، نهێنی قەیرانەكە تەخشان‌و پەخشانكردنی پارەیە."

 

 هاوبیر ئەنوەر، خاوەنی كۆمپانیای دەروازە.

 

هەڵمەتی دابەشكردنی كۆبۆنەكەی كۆمپانیای دەروازە سنوری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە‌و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت، بەوپێیەی بوتیكی جلوبەرگەكەیان لە سلێمانییەو بڕی پارەی كۆبۆنەكە هێندە زۆر نییە هاوڵاتیان لەشارەكانی دیكەوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان بكەن، بەڵام بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژی داعش هەڵمەتەكە سەرتاسەری كوردستان دەگرێتەوەو لەڕێگەی چەند ڕێكخراوێكەوە بێبەرامبەر هەر خێزانێكی شەهیدی شەڕی داعش 5 كۆبۆنی بۆ دەبردرێت.

 

لەناو دەروازە بوتیكیش، ڕێكخراوی ئەنجومەنی گەنجانی كوردستان هاوشانی كارمەندانی دەروازە لە پێشوازی هەڵگرانی كۆبۆنەكەدان‌و هاوكارییان دەكەن.

 

 

سەردانی هاوڵاتیان بۆ دەروازە بوتیك.

 

كۆی نرخی كۆبۆنەكان 4 ملیار دینارە، بەڵام وەك هاوبیر ئەنوەر دەڵێت"پۆشاكەكان نزیكەی 3 ملیار دینار لەسەر خۆمان دەكەوێت، خەرجیی چاپكردنی كۆبۆنەكەو عەلاگەی تایبەت بە هەڵمەتەكەش نزیكەی 30 هەزار دۆلارە."

 

 

دەروازە بوتیك یەكێكە لە گەورەترین بوتیكەكانی پۆشاك لە كوردستان.

 

هەڵمەتەكە كۆتایی مانگی ڕابردوو دەستیپێكردووەو تا ڕێكەوتی 1-11-2017 بەردەوام دەبێت، بەدەر لە كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش، چەند چین‌و توێژێكی دیكە بەتایبەت كۆبۆنی هەڵمەتەكەیان بۆ دەبردرێت، لەوانە؛ پێشمەرگە 30 هەزار كۆبۆن، مامۆستایان 10 هەزار، خوێندكاران بەتایبەت خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكانی زانكۆو پەیمانگاكان 5 هەزار كۆبۆنیان بەسەردا دابەش دەكرێت، ئەمەش لەڕێگەی ڕێكخراوەكان‌و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانەوە دەكرێت.

 

 

جل‌وبەرگ‌و پێڵاو لە دەروازە بوتیك.

 

كۆمپانیای دەروازە بۆ وەبەرهێنان‌و بازرگانی گشتی، ساڵی 2007 دامەزراوەو سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە سلێمانی دروست كردووە كە بەكۆی گشتی دەكاتە 1821 یەكەی نیشتەجێبوون(شوقە)‌و 300 خانوو(لەژێر ناوی دەروازە سیتی 1،2،3) دەروازە بوتیكیش كە پۆشاكی لێدەفرۆشرێت پڕۆژەیەكی دیكەی كۆمپانیاكەیە.

 

"لەهیچ پڕۆژەیەكدا توشی زەرەر نەبووین‌و لەم قەیرانەشدا پڕۆژەكانمان ڕانەگیراون، بە نرخێكی گونجاو و بەجۆرێك خەڵك قازانجی لێبكات یەكەكان دەفرۆشین"هاوبیر ئەنوەر وادەڵێت.

 

لەبارەی پشكی حزب‌و كەسایەتیی حزبیی لە پڕۆژەكانیاندا، خاوەنی كۆمپانیای دەروازە دەڵێت"كەس شەریكم نییە. تەنها یانەی پێشمەرگە هاوبەشەو 30%ی قازانج بۆئەوانەو بەشێوەی شوقە وەریدەگرن‌و دواتر بەكرێی دەدەن‌و داهاتەكەی بۆ چالاكییە وەرزشییەكانیان تەرخان دەكەن، ئەوەش لەبەر ئەوەی زەوییەكانی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانمان هی ئەوانە، منیش دەمتوانی زەوی لە حكومەت وەربگرم وەك پڕۆژەكانی دیكە، بەڵام ئەمەم پێباشتربوو بۆ خزمەتی پێشمەرگەو یانەی پێشمەرگەو چالاكییە وەرزشیەكانیان، ئەوان شوقەكانیان دەدەن بەكرێ‌و پارەكەی بۆ چالاكیەكانیانە، حساباتیشیان خازعە بۆ چاودێری دارایی."

 

 كۆبۆنی 100 هەزار بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی.

 

جل‌وبەرگ‌و پێڵاو لە دەروازە بوتیك.