پەرەگراف - مانگی ڕابردوو 113 چالاکیی ناڕەزایەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوون. ئەم ئامارە نزیکە لە یەک لەسەر سێی کۆی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ڕابردوودا. پارێزگای سلێمانی پشکی شێری لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە. 86٪ـی ناڕەزایەتییەکان بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوون. ئەمە بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی هاوپەیمانیی 19.
تۆڕەکە لە ڕاپۆرتی تایبەت بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا کە لەژێر ناونیشانی "مانگێک بەبێ گازی فرمێسکڕێژ" بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت "ناڕەزایەتییەکان هیچ ڕوواڵەتێکی توندووتیژیی تێدا نەبوو. هێزی ئەمنی ئەرکی پاراستنی چالاکییەکانیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا".
چالاکییە ناڕەزایەتییەکان 98یان لە بۆ پاڵپشتیی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، دوو چالاکی بۆ خزمەتگوزاری و یەک چالاکی بۆ مووچە بوون. ناڕەزایەتییەکانی دیکە بۆ مافی خوێندکاران، سەروەریی یاسا و داواکاریی جیا جیای تر بوون.
مانگی ڕابردوو 47 چالاکیی ناڕەزایەتی لە سلێمانی، 24 لە هەولێر، 15 لە ئیدارەی ڕاپەڕین، نۆ لە دهۆک، هەشت لە ئیدارەی گەرمیان، شەش لە هەڵەبجە و چوار لە ئیدارەی سۆران بووە.
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 دەڵێت "چاودێرەکانمان لە هەرێمی کوردستان، هیچ جۆرە دەستدرێژییەکیان بۆ سەر ژنان و کچان تۆمار نەکردووە".
"گوتاری ڕقاویش لە ئاستێکی زۆر لاوازدا بووە. ئەگەر هەستیشی پێ کرابێت، پەیوەندیی بە گوتاری خۆپیشاندانەکانەوە نەبووە"، تۆڕی هاوپەیمانیی 19 وا دەڵێت.
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 کە ناوەکەی لە بەندی 19ـی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراو و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتیی دەکات، مانگانە ڕاپۆرت لەسەر ئاماری ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕەکە، لە ساڵی 2025دا بە کۆی گشتی 356 چالاکیی ناڕەزایەتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە پشکی شێریان بە ڕێژەی 51٪، بۆ خزمەتگوزاری و مووچە بووە.