تۆم باراک لە دۆسیەی ئێپستین و پرسی کورد

05-02-2026 03:39

پەرەگرافتۆم باراک ناوێکی ئاشنایە لای کورد، بەتەنیشتییەوە بێمتمانەییەکی قووڵ بەرامبەر ئەمەریکا بۆ دۆزی کورد، تۆمەتبار دەکرێت بە لایەنگر بۆ ئەنقەرەو ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە نووسینەوەی بەڵێن و پابەندییەکانی واشنتۆن بۆ متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردە. ئێستا، لەگەڵ دەرکەوتنی ناوی باراک لە فایلە تازە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی جێفری ئێپستین، تووڕەیی کورد بەرامبەر بەم دیبلۆماتکارە باڵایەی ئەمەریکا ڕەهەندێکی تووندتری گرتووەتەخۆ.

 

باراک، کە میلیاردێرێکی کەرتی خانووبەرە و هاوڕێی دێرینی دۆناڵد ترەمپە، لە ئێستادا یەکێک لە هەستیارترین پۆستە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکەی بەدەستەوەیە. ئەو باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە تورکیا، نێردراوی تایبەتی سەرۆک ترەمپە بۆ سووریا، و چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسیارێتی دۆسیەی عێراقیش بگرێتە ئەستۆ. کەم بەرپرسی ئەمەریکی هەن کە هەژموونێکی هاوشێوەیان هەبێت بەسەر ناوچەکەوە بەگشتی و بەتایبەتی بۆ داهاتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو ناوچانەی کە هێزە کوردییەکان کۆنتڕۆڵی ڕووبەرێکی فراوانیان کردووە و ڕۆژاڤای کوردستان دەگرێتەوە.

بۆ کورد، باراک پێشتریش کەسایەتییەکی مشتومڕاوی بوو. هەڵوێستە گشتییەکانی و دیپلۆماسییەتە لەپشت-پەردەکانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی فراوان وەک نزیکبوونەوەی سیاسەتی ئەمریکا لە ئەولەوییەتەکانی تورکیا لێکدراوەتەوە، بەتایبەتی پێداگری ئەنقەرە لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) - هاوبەشی سەرەکی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش - جیاواز نین لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەیناسێنێت.

لەژێر تیشکی ئەم پاشخانەدا، دەرکەوتنی باراک لەناو "فایلەکانی ئێپستین"، چاودێرییە وردەکانی سەر ئەم پیاوەی چڕتر کردووەتەوە.

کوردەکان باراک تەنها بە یەک لێدوان ناناسنەوە، بەڵکو بە شێوازێکی بەردەوام لە کارکردن دەیناسن. لەوەتەی وەک نێردراوی تایبەت بۆ سووریا دەستنیشانکراوە، کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن دوورکەوتووەتەوە لە پابەندییەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاو گروپەکانی سەربە ئەنقەرە.

لە چاوپێکەوتنەکانیدا، باراک جەختی لەسەر "نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی تورکیا" کردووەتەوە، لەکاتێکدا خۆی بەدوور گرتووە لە ئاماژەدان بە مافی خۆبەڕێوەبەری یان مافە سیاسییەکانی کورد. باراک ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە کە بەناوی تورکیاوە کار بکات. بەڵام ئەم تێڕوانینە هەر ماوەتەوە، کە بەهۆی ڕۆڵی دووفاقیی ئەو وەک باڵیۆز لە ئەنقەرە و نێردراوی سووریا گەرمتر کراوە؛ ڕێکخستنێک کە ڕەخنەگران دەڵێن ئەو سنوورانە دەبەزێنێت کە دەبێت بە جیاوازی بمێننەوە.

باراک لە فایلەکانی ئێپستین

لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان لاپەڕە بەڵگەنامەی پەیوەست کەسایەتیی کۆچکردوو و تاوانباری سێکسی و بازرگانیی سێکسی بە منداڵان، جێفری ئێپستین، بڵاوکردەوە، ئەمەش لەژێر سایەی یاسایەکی شەفافیەتی کۆنگرێس کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو پەسەندکرا. فایلەکان نامەی ئەلیکترۆنی، خشتەی کارەکان، لیستی پەیوەندییەکان و وێنەو ڤیدیۆی تێدایە.

لە نێویاندا تۆماری پەیوەندییەکانی نێوان ئێپستین و باراک هەیە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ - ئەو ماوەیەی کە باراک ڕاوێژکاری کەمپەینی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ بوو و دواتر سەرۆکایەتی لیژنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی کرد.

بەڵگەنامەکان پیشانی دەدەن کە ئێپستین و باراک نامەیان گۆڕیوەتەوە دەربارەی بانگهێشتی نانی ئێوارە، ناساندنی بازرگانی، و کۆبوونەوەی ئەگەری لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی بواری دارایی و سیاسەت. لە یەکێک لە نموونەکاندا، ئێپستین کارئاسانی کردووە بۆ ناساندنی باراک بە میلیاردێری بواری تەکنەلۆژیا، پیتەر ثیێل. لە نموونەیەکی تریشدا، ئێپستین هانی بیڵ گەیتسی داوە چاوی بە باراک بکەوێت و وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لە واشنتۆن وەسفی کردووە.

لە ئیمەیڵێکی ساڵی ٢٠١٦دا، ئێپستین داوای لە تۆم باراک کردووە کە "وێنەی خۆت و منداڵ بنێرە - بمخە پێکەنین" دواتریش وەڵامی داوەتەوەو وتوویەتی: "وێنەکان باشن." بەڵگەنامەکان ئەوە ڕوون ناکەنەوە کە مەبەستی ئێپستین لە "منداڵ" چی بووە، یان چ وێنەیەک نێردراوە(ئەگەر نێردرابێت). تۆم باراک لە کاتی ئەو نامەگۆڕینانەدا هیچ پۆستێکی حکومیی نەبووە.

وەزارەتی داد جەختی لەوە کردووەتەوە کە بوونی ناو لە فایلەکانی ئێپستیندا مانیای تێوەگلان لە تاوان نییە، هێشتا هیچ تۆمەتێک نییە کە باراک بە تاوانە سێکسییەکانی ئێپستینەوە ببەستێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بۆ چاودێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - بەتایبەتی لەنێو کورداندا کە پێشتر گومانیان لە نیەتەکانی باراک هەبوو - ئەم ئاشکرابوونانە وێنەی پیاوێک تۆخ دەکەنەوە کە بە قووڵی لەناو تۆڕە بژاردە جیهانییەکاندا چەقیوە؛ ئەو شوێنانەی کە دەسەڵات و پارە لەودیو لێپرسینەوەی گشتییەوە یەکدەبڕن.

ژیانی پیشەیی باراک مێژوویەکی درێژی هەیە لە دروستکردنی پرسیار دەربارەی نزیکایەتی لە دەسەڵات. لە ساڵی ٢٠٢١دا، تۆمەتبار کرا بەوەی وەک بریکارێکی تۆمارنەکراوی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە کاتی لۆبیکردن بۆ ئیدارەی ترەمپ کاری کردووە - تۆمەتێک کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لێی بێبەری کرا. هەرچەندە ئەمە پەیوەندی بە ئێپستاینەوە نییە، بەڵام کەیسەکە ئەو نیگەرانییەی بەهێزتر کرد کە چۆن بەرژەوەندییە تایبەتەکان و حکومەتە بیانییەکان لە دەوری باراکدا تێکەڵ دەبن.

بۆ کورد، ئەم شێوازە لە کارکردن گرنگە. ئەوان بەردەوامییەک لە نێوان ڕابردوو و ئێستای باراکدا دەبینن: دیپلۆماتکارێک کە کەمتر لەژێر کاریگەریی مافەکانی مرۆڤدایە و زیاتر لەژێر کاریگەریی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدایە کە ئۆتۆنۆمیی کورد وەک هەڕەشە دەبینن.

کاتی ئاشکرابوونی فایلەکانی ئێپستین، تووڕەیی کوردی زیاتر کردووە، لە ڕۆژاڤا، کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هێشتا لەگەڵ یەکینە کوردییەکان کار دەکەن، هەستی پشتگوێخستن زۆر قووڵە. ڕۆڵی باراک لەم ژینگەیەدا تەنها ڕەمزیی نییە. لەکاتێکدا واشنتۆن هاوسەنگییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ ڕێکدەخاتەوە، کورد دەترسێت کە ئەو بڕیارانەی کار دەکەنە سەر مانەوەیان، لەلایەن بەرپرسانێکەوە بدرێن کە ئەولەوییەتیان لە شوێنێکی ترە - و مێژووی کەسییان ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ پێکهاتە ناڕوونەکانی دەسەڵاتدا گونجاون.

باراک وەک یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ دەمێنێتەوە، کە بەهۆی غەریزەی "ڕێککەوتن" و پەیوەندییە ناوچەییەکانیەوە لای سەرۆک بەرز دەنرخێنرێت. کۆشکی سپی هیچ ئاماژەیەکی نیشان نەداوە کە ئاشکرابوونی فایلەکانی ئێپستین کاریگەری لەسەر پێگەی ئەو هەبێت.

بەڵام لە کوردستان - لە هەولێرو سلێمانییەوە بۆ قامیشلۆ، چیرۆکەکە هێشتا تەواو نەبووە. ناوی باراک بووەتە کورتکراوەیەک بۆ دڵەڕاوکێیەکی فراوانتری کورد: کە دڵسۆزی لە کاتی شەڕدا، مەرج نییە وەرگێڕدرێت بۆ پاراستن لە کاتی ئاشتیدا.