دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران؛ دەستپێكی باش و ڕێگایەكی درێژ

07-02-2026 08:51

پەرەگراف - واشنتۆن و تاران، دانوستانەكانی عومان بە "سەرەتایەكی باش" وەسف دەكەن. ئەمە سەرەتای دانوستانەكانی ساڵی ڕابردوومان بیر دەهێنێتەوە كە بە ئەرێنی دەستیان پێ‌ كرد و بە شەڕ كۆتایی هات. هەرچەندە ترەمپ پێی وایە "ئێران بە جیددی ڕێككەوتنی دەوێت و ئەمجارە ئامادەی سازشی زیاترە"، بەڵام تاران بە ئاشكرا پێداگری لەسەر هێڵە سوورەكانی پێشووی دەكاتەوە كە "بەرنامەی مووشەكی و پیتاندنی یۆرانیۆم"ـن.

ئەوەی لە یەكەم دانوستاندا تا ڕاددەیەك ڕوون بووەتەوە، ڕەواندنەوەی ترسەکانى ئەمریکایە دەربارەى چەكی ئەتۆمی و گرەنتیدانی ئێرانە لەوبارەیەوە. ئەمە تاكە پرسە كە دەكرێت هەردوولا بەزوویی لەسەری ڕێك بكەون. بەرنامەی مووشەكیی ئێران و دۆسیەكانی دیكە، هەرچەندە ئیسرائیل ڕژدە لەسەریان، بەڵام ڕێگایەكی دوور و درێژن و واشنتۆن دەزانێت كاتیان پێویستە.

ئیسرائیل لەژێر پاساوى مەترسیى ئێران بۆ سەر خۆى، دەیەوێت توانا مووشەکییەکانى تاران سنووردار بکرێت. بۆ ئەمەش، بەر لە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١١ـى ئەم مانگە، دەچێتە واشنتۆن و لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆدەبێتەوە. بەڵام ئێران لەژێر پاساوى هەمان هەڕەشەى ئیسرائیلدا، بە ئاسانى ناچێتە ژێر بارى ئەو مەرجە.

نووسینگەی نەتەنیاهوو لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانەكەدا دەڵێت "سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل پێی وایە هەر دانوستانێك لەگەڵ ئێران، دەبێت سنوورداركردنی مووشەكی بالیستی و كۆتاییهێنان بە پشتیوانیكردنی ئێران لە گرووپە چەكدارییەكانی (بەرەی موقاوەمە) لەخۆ بگرێت".

هاوكاتی گفتوگۆكان، ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، كە بە توندكردنی فشارەكان دادەنرێت بۆ سازشپێكردنی تاران. دۆناڵد ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی كە بە "هەڕەشەكانی ڕژێمی ئێران" ناوی دەبات، فەرمانێكی واژوو كرد.

"هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمی، پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیك، پشتگیریكردن لە تێرۆریزم، ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و مەترسی بۆ سەر ئەمریكا و هاوپەیمان و هاوبەشەكانی"، ئەمە ئەو چوار مەترسییەن كە ئەمریكا بە پاساویان سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە. هەر ئەمانەش تەوەرى گفتوگۆکانن.

ئێران دانوستان لەسەر چی دەكات و هێڵی سووری چییە؟

ڕاستەوخۆ دوای دانوستانەكانی دوێنێ‌ 06-02-2026 لە مەسقەتی پایتەختی عومان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران، گفتوگۆكانی بە "دەستپێكێكی باش" وەسف كرد كە بڕیارە بەردەوامیی پێ‌ بدەن. بەڵام هاوكات درێژەپێدانی گفتوگۆكانی بەستەوە بە "گەڕانەوەی شاندی هەردوولا بۆ پایتەختی وڵاتەكان و ڕاوێژكردن و بڕیاردان".

لە كۆبوونەوەكانی دوێنێدا هەردوولا پەیامی خۆیان لەبارەی داواكاری و نیگەرانی و بەرژەوەندییەكانەوە ئاڵوگۆڕ پێ‌ كردووە، بڕیارە ئەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوانەوە لە واشنتۆن و تاران گفتوگۆی وردیان لەبارەوە بكرێت و لە دانیشتنی داهاتوودا كە بەمنزیكانە ئەنجام دەدرێت، وەڵامەكان ئاڵوگۆڕ بكرێن.

لە لێدوانێكی نوێدا، وەزیری دەرەوەی ئێران باس لە هێڵە سوورەكانی وڵاتەكانی دەكات، كە وا دەردەكەوێت پێداگری لەسەر مەرج و داواكارییەكانی پێشوویان دەكەنەوە، ئەوەی كە خۆیان بە "ماف"ـی ئێران ناوی دەبەن.

وەكوو میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە "قەدەغەكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بە لای ئێرانەوە قابیلی گفتوگۆ نییە"، جەختی كردووەتەوە كە "پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێرانە و دەبێت بەردەوام بێت".

سەبارەت بە بەرنامەی مووشەكیی ئێرانیش، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت "نە ئێستا و نە لە ئایندەدا، ناتوانرێت هیچ گفتوگۆیەك دەربارەی مووشەكەكانمان بكرێت، چونكە ئەوە پرسێكی ناوخۆیی بەرگرییە و پەیوەستە بە میللەتی ئێرانەوە، هیچ لایەنێكی دەرەكی ناتوانێت دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی ئێمەدا بكات".

"ئەو بێمتمانەییەی لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو دروست بووە، لەگەڵ بێمتمانەییەكانی پێشوو، ئاڵنگارییەكی گەورەی بەردەم دانوستانەكانە. دەبێت بەسەر ئەم دۆخە بێمتمانەییەدا زاڵ بین و دواتر بتوانین چوارچێوەی گفتوگۆیەك دابڕێژین كە مافەكانی ئێران گرەنتی بكات"، ئەمە قسەى وەزیری دەرەوەی ئێران لە دواى دانوستانەکان لە مەسقەت کردى.

ئەوەی ئێران ئامادەیە گفتوگۆی لەبارەوە بكات، چەند دۆسیەیەکن. لە پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراودا، ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی بڕەكەیەوە بكات، كە عێراقچی دەڵێت"پەیوەستە بە ئاستی پێویستییەكانی ئێرانەوە". جەختیش دەكاتەوە كە "ئەوان (ئەمریكا) بە بۆمببارانیش نەیانتوانیوە توانای بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو ببەن".

هەروەها ئێران ئامادەیە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە گفتوگۆ بكات، بەو جۆرەی كە دڵنیایی بداتە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كە چەكی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.

"دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، دروستكردنی ناسەقامگیری، پاڵپشتیی تیرۆر و دروستكردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوبەش و هاوپەیمانەكانی"، ئەمانەش ژمارەیەك تۆمەتی دیكە كە ئەمریكا دەیداتە پاڵ ئێران. پێدەچێت ئێران لەو پرسانەشدا ئامادەی گفتوگۆ و تا ڕادەیەكیش سازش بێت.

ئەمریكا چی دەڵێت و چیی دەوێت؟

ئەمریكا بە ئاشكرا دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە چەقی گفتوگۆكانی لەگەڵ تاران ناو دەبات، بەڵام بەرنامەی مووشەكیی ئێرانیشی بە هەمان دۆسیەوە بەستووەتەوە، ئەمە جگە لە هەڕەشە و مەترسییە ناوچەییەكانی ئێران.

لە گفتوگۆكانی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو كە چەند قۆناغێكیان بڕی و دواتر شكستیان هێنا، ئەمریكا مەرجی ئەوەی دانابوو كە ئێران بە تەواوی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت و پێویستییەكانی بە یۆرانیۆمی پیتێنراو، لە دەرەوە بۆ دابین بكرێت، بەڵام ئێران ڕەتی كردەوە.

سەبارەت بە بەرنامەی مووشەكیی ئێران كە ئەمریكا دەیەوێت سنوورداری بكات، زیاتر وەكوو داواكارییەكی ئیسرائیل دەبینرێت. ئەوەش لەپێناو سنوورداركردنی مەترسییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا و بەتایبەت مەترسییەكانی بۆ سەر تەلئەبیب. هێشتا دیار نییە لە قۆناغی نوێی گفتوگۆكاندا ئەوە داواكارییەكی سەرەكیی واشنتۆن دەبێت یان تا ڕادەیەك پاشەكشەی لێ‌ دەكات، بەتایبەت كە ئێران ڕەتی دەكاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە نوێترین لێدواندا، گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران بە "زۆر باش" وەسف دەكات و دەڵێت "وا دیارە كە ئێران دەیەوێت ڕێككەوتن بكات".

"جاری پێشوو ڕەنگە بڕیاری ڕێكنەكەوتنیان دابێت، بەڵام پێم وایە ئەمجارە بۆچوونیان گۆڕابێت. سەرەتاكانی هەفتەی ئایندە دووبارە كۆدەبینەوە و پێم وایە ئەوانیش جیددین بۆ ڕێككەوتن"، دۆناڵد ترەمپ وا دەڵێت.

دەربارەی مەرجەكانی ئەمریكا، وەكوو «سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی پێ‌ دەدات، "بە پلەی یەك، نابێت هیچ چەكێكی ئەتۆمی بوونی هەبێت". ئەمە بەو مانایە دێت كە گفتوگۆكانی ئێستا تەنیا لەسەر چەكی ئەتۆمین.

ئەوەی لەم قۆناغەدا چاوەڕوان دەكرێت ڕێككەوتنی لەبارەوە بكرێت، ڕەواندنەوەی مەترسیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانە. پەیوەست بە بەرنامەی مووشەكی و دۆسیەكانی دیكە، پێناچێت بەزوویی بگەنە هیچ ڕێككەوتنێك. بۆ ئەوە كاتێكی زۆرتریان پێویستە. ترەمپیش وەكوو ئاماژەیەك بۆ ئەگەری درێژخایەنیی دانوستانەكان، دەڵێت "كاتێكی زۆرمان لەبەردەستدایە".