پێشنیازى درێژکردنەوەی کابینەکەى سوودانى و هەڵبژاردنى پێشوەختە لە مالیکییەوە؛ شیعە لە دووڕیاندایە و دەبێت بڕیار بدات
پەرەگراف - نووری مالیکی پێشنیازی درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ دوو ساڵ دەکات، بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو ماوەیەدا. ئەمەش بە ئامانجی دەرچوون لەو چەقبەستنە سیاسییەی عێراقی تێکەوتووە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کاندیدکردنی نووری مالیکیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەت کردەوە.
کارتە سوورەکەی ترەمپ بەرانبەر مالیکی کە کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانە، ناوماڵی شیعەی لەت کردووە و هەندێکیان سوورن لەسەر پشتیوانیکردنی، هەندێکی دیکەیان دەیانەوێت بیگۆڕن بە کاندیدێکی جێگرەوە، بەڵام مالیکی خۆی سوورە لەسەر بەردەوامبوون و ئامادە نییە بکشێتەوە.
سێ سەرچاوەی باڵای کورد و عەرەب لە بەغداد بۆ پەرەگراف ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە مالیکی خوازیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانە و بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات تەمەنی کابینەی ئێستای سوودانی دوو ساڵی دیکەش بەردەوام بێت.
ئەو خواست و داوایەی مالیکی چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە. سەرچاوەکانی پەرەگراف ئەوەیان خستەڕوو، زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەگەڵ داواکارییەکەی مالیکیدا نین.
"هەندێکیان ترسیان هەیە دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی مانگی ١١ی ٢٠٢٥ نەهێننەوە، لەوانەش عەسائیبی ئەهلی هەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی. هەندێکی دیکەشیان ترسیان لە گەڕانەوەی موقتەدا سەدر هەیە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە"، سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار وای وت.
سەرچاوەیەکی دیکەش بە پەرەگرافى وت "بەربەستێکی دیکەی بەردەم داواکەی مالیکی ئەوەیە کە هەشت وەزیر لە کابینەکەی ئیستای سوودانی بوون بە پەرلەمانتار، سوێندی یاساییان لە پەرلەمان خواردووە و وەزارەتەکانیان جێهێشتووە".
هەرچەندە لایەنە شیعەکان وای پیشان دەدەن کە چەقبەستنی سیاسیی دۆخی عێراق بەهۆی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوەیە، کە پشکی کوردە و هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە ڕێک نەکەوتوون. بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، هۆکاری سەرەکیی هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار، پەیوەندیی بە ناوماڵی شیعەکان و کاندیدی سەرۆکوەزیرانەوە هەیە، بەوپێیەی لەگەڵ هەڵبژاردنیدا، دەبێت سەرۆککۆمار ڕاستەوخۆ کاندیدی شیعەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕابسپێرێت.
ڕەتکردنەوەکەی ترەمپ، شیعەکانی عێراقی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی تاڵ. ئەگەر مالیکی بگۆڕن، بە مانای لەدەستدانی سەروەری و جۆرێکە لە شکانی شیعە. ئەگەر سووریش بن لەسەر مانەوەى مالیکی، ئەوا ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی مەترسی گەورە ببێتەوە، بەهۆی پشتتێکردنی لەلایەن ئەمەریکاوە.
بڕیارە ڕۆژى چوارشەممە 11-02-2026، چەندین کۆبوونەوە لەنێوان پارتى و یەکێتى و لایەنە شیعە و سوننەکان ئەنجام بدرێن، بۆ یەکلاکردنەوەى کاندیدەکانى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران. چاوەڕوان دەکرێت بڕیارى کۆتایى لەبارەى هەموو شتێکەوە بدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوکات ئەگەرى ڕێکنەکەوتن و دووبارە دواخستنى دۆسیەکان بۆ هەفتەى داهاتوو هەیە.