كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە كەركووك بەسترا و دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێكخەری گشتی هەڵبژێردرا
پەرەگراف - ململانێی ناوخۆیی چەند ساڵەی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرژەوەندیی دانا ئەحمەد مەجید و بە زیانی كوڕانی نەوشیروان مستەفا كۆتایی هات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە شاری كەركووك بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بزووتنەوەكە كۆنفرانسی بەست.
لە كۆنفرانسەكەدا دانا ئەحمەد مەجید دەنگی زۆرینەی بەشداربووانی بەدەست هێنا و بە ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە هەڵبژێردرا. بەر لە دەنگدانەكە ئاڕاستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان كە كوڕانی نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتییان دەكەن و كەمینە بوون، هۆڵی كۆنفرانسیان بەجێهێشت.
بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی نەبەستنی كۆنفرانسی ناوخۆیی لە ئەنجامی ململانێكان، لە بەشداریكردنی هەڵبژاردنی ١١-١١-٢٠٢٥ـی پەرلەمانی عێراق بێبەش كرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ٢٥-٠٤-٢٠٢٥ كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی پشێوییەوە سەركەوتوو نەبوو و دواخرا.
ئەوكات نوێنەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەناو كۆنفرانس دەستی بۆ شوێنی ئاڕاستەی گردی زەرگەتە ڕاكێشا و ڕایگەیاند: بەهۆی لایەنی كاك یاسین و ئەو پشێوییەی لێرە دروست كرا، كۆنفرانس دواخرا (یاسین حەمەعەلی لە ژووی هەڵبژاردنە و ئاڕاستەی گردی زەرگەتەیە، ڕێپێدراوی ئەوانە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمسیۆن).
بەر لەو كۆنفرانسە، دوو كۆنفرانس بە جیا لەلایەن هەردوو ئاڕاستەی كوردسات و گردی زەرگەتە بەسترا، كە هیچیان سەركەوتوو نەبوون و كۆمسیۆن پەسەندی نەكردن، دواتر كۆمسیۆن بڕیاری دا شوێنی بەستنی كۆنفرانس بگوازێتەوە بۆ شاری كەركووك و ئەمڕۆ بە فەرمی و یاسایی ململانێكە یەكلایی كرایەوە.