دۆزینەوەی گۆڕێکى بەکۆمەڵى شوێنەواری لە هەولێر؛ هەڵدانەوەى پەردە لەسەر نهێنییەکى دوو هەزار ساڵە
پەرەگراف - گۆڕێکى بەکۆمەڵی شوێنەواری لە هەولێر دۆزرایەوە كە بۆ سەردەمی میرنشینێكی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەری ناوچەكە دەگەڕێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیى شوێنەوار دۆزینەوەى "قووڵگەی مەرگ لە باغلومنارە"، بە هەڵدانەوەى پەردە لەسەر "نهێنیەکی گەورەی مێژووی"ـى شانشینی ئادیابین ناو دەبات.
ئادیابین کە شانشینییەکی کۆنی باشووری کوردستان و میزۆپۆتامیا بووە، مێژووی سەرھەڵدان و دروستبوونی بۆ سەدەکانى پێش زایین دەگەڕێتەوە. هەولێر بە پایتەختى ئەو میرنشینە ناو دەبرێت.
تیمی شوێنەواری ناوخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، ئەو شوێنەوارە گرنگەیان لە قووڵگەیەکدا (Trench) لە ناوچەی باغلومنارە دۆزیوەتەوە، کە دەکرێت "مێژووی سیاسی و ئایینیی شانشینی ئادیابین بگۆڕێت".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور دەڵێت "تا ئێستا پاشماوەی ١٠٠ کەس لەناو یەک قووڵگەدا دۆزراوەتەوە. لەگەڵ دۆزینەوەى پارەیەکی کۆن، دوو خڕخاڵی بڕۆنز، دوو مرواریی ملوانکە و بازنێکی ئاسن".

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ژمارەی زۆریی تەرمەکان، بەڵام تەنیا "چوار پارچە گۆزە" دۆزراونەتەوە، کە ئەمەش بووەتە جێى "تێڕمانی قووڵی" شوێنەوارناسان.
ئەو گریمانانەى کە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار لە شێوەى پرسیاردا لەبارەى ئەم شوێنەوارەوە خستویەتیە ڕوو، بریتن لە "ئایا ئەمە ئەنجامی ململانێی خوێناویی ئایینی بووە لە سەردەمی شازادە هێلینە؟ یان کوشتارێکی ساسانییەکان؟ یاخود پەتایەکی کوشندەی وەک تاعوون؟".
فەرمانڕەواکانی ئادیابین بتپەرست بوون، بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانیی شاژن ھێلێنای ئادیابین (سەدەی یەکەمی زایین)، کە لە سەرچاوە عیبرییەکاندا بە ھێلێنی ھامالکا ناسراوە، چوونە سەر ئایینی جوو (یەھودی).
بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕاستییەکان، نموونەی DNA ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە بۆ پشکنینی وردی زانستی. لە داهاتوودا زانیاریى زیاتر لەبارەى ئەم دۆزینەوە شوێنەوارییەوە ئاشکرا دەکرێت.

ئادیابین، یان ئەدیابین، ئەدیاب، ھەدیاب (بە عبری و سریانی: حدیاب/ھدیاب) شانشینییەکی کۆنی باشووری کوردستان و میزۆپۆتامیا بووە. دەکەوتە باکووری ھەرێمی دێرینی مێزۆپۆتامیا (بەشی باکووری ڕۆژاوای ئاشووری کۆن). سنووری ئەم شانشینییە لە گۆڕاندا بووە. سەرەتا تەنیا ناوچەی نێوان زێی گەورە و بچووکی دەگرتەوە، دواتر نەینەوای پێتەختی کۆنی ئاشووریش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەدیابین لە سەردەمی میر مۆنۆبازی یەکەم (کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زایین)، ھەرێمی کوردنشینیی گۆردیێن (جزیرا بۆتانی ئێستا) و شنگار کەوتنە ژێر ڕکێفی مۆنۆبازس.
دەسەڵاتی ئادیابین لە سەردەمی ئیزاتێسی دووەمدا گەیشتە لووتکە، پاشای پارت ئارتابان (ئەردەوان)ـی دووەم ناوچەی نسیبێنی پێبەخشی لە ساڵی (١٢–٤٠ز) وەک پاداشتێک بۆ یارمەتیدانی بۆ وەرگرتنەوەی تەختەکەی. سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی ئادیابین گەیشتنە چیاکانی زاگرۆس، ھاوسنووری میدیا. ئەربێلا (ھەولێر) پایتەختی ئادیابین بووە.