قائیمقامی سلێمانی: بەبێ‌ ترس مریشك بخۆن؛ دەرمانە قەدەغەكراوەكە چییە و مەترسییەكانی چین؟

26-02-2026 05:43

پەرەگراف - قائیمقام و بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان كە "ئەو مریشكەی دەرمانی فیوراڵتادۆنی قەدەغەكراوی بۆ بەكار هاتووە، نەخراوەتە بازاڕ و نەچووەتە سەر سفرەی خەڵك". جەخت دەكەنەوە كە "مریشكی كێڵگەكانی ناوخۆ تەندروستە و هاووڵاتیان هیچ ترسێكیان لێی نەبێت".

ئاشكرابوونی هاوردەكردنی دەرمانی قەدەغەكراوی فیوراڵتادۆن و بەكارهێنانی لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی، چەند ڕۆژێكە بووتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوكێ‌ لەناو خەڵكدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-02-2026، لایەنەكانی پەیوەندیدار كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان لەوبارەیەوە ئەنجام دا.

فیوراڵتادۆن كە دەرمانێکى دژەزیدەیى (antibiotics)ـە، نزیكەی 70 ساڵ لەمەوبەر لە ئەمریكا دۆزراوەتەوە. سەرەتا بۆ مرۆڤ و دواتر بۆ ئاژەڵ و پەلەوەریش بەكار هاتووە. دوای دەركەوتنی كاریگەرییە مەترسدارەكانی وەكوو هۆكارێك بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، لە ساڵی 1985ـەوە دەست بە قەدەغەكردنی كراوە و لە ساڵی 2002 بە تەواوی قەدەغە كراوە.

زوو ئاشكرا كرا و نەبوو بە مەترسی

فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەكالەت، ڕایگەیاند "دەزگای ئاسایشی هەرێم جۆرێك دەرمانی دەست بەسەردا گرت كە خەریكبوو لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بەكار بهێنرێت. خۆشبەختانە بەشێوەیەكی سنووردا بەكار هات و نەبووە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵك".

قائیمقامی سلێمانی دەڵێت "لە کۆى زیاتر لە 700 كێڵگەی پەلەوەری" لە سنووری پارێزگای سلێمانی، "تەنیا 18 كێڵگە" بەنیاز بوون ئەو دەرمانە بەكار بهێنن. لەو ژمارەیەش "هەندێكیان هەر فریانەكەوتن بەكار بهێنن. ئەوانی دیكەش كە بەكاریان هێناوە، كاتی شكاندی قاعەیان نەبووە و مریشكەكەیان نەچووەتە سەر سفرەی خوانی خەڵك".

"جەخت دەكەینەوە كە ئەو مریشكە نەگەیشتووەتە بازاڕ و دەستی خەڵك. ئێمە دڵنیاییی دەدەین بە هاووڵاتیان كە هیچ مەترسییەك لە ئارادا نییە و خۆیشمان گۆشتی مریشكی ناوخۆ دەخۆین"، قائیمقامی سلێمانی بەوەكالەت وای وت.
بە چ فێڵێك دەرمانەكە هاوردە كرا؟

دەرمانەکە چۆن هێنرا؟

دەربارەی چۆنێتیی هاوردەكردنی بۆ هەرێم، دكتۆر ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی دەڵێت "پاكێجینی دەرمانەكە لە وڵاتی سەرچاوەوە گۆڕدراوە و لە قوتووی دەرمانێكی دیكەدا بووە، بۆیە ڕێگەی پێ‌ دراوە هاوردە بكرێت".

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەم دەرمانە تا دەوروبەری 20 ساڵ لەمەوبەریش زۆر بە ئاسایی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی پەلەوەر بەكار دەهات، بەڵام ئێستا كە زانست پێش كەوتووە و توێژینەوە لەسەر دەرمانەكە كراوە، دەركەوتووە باشتر وایە بەكار نەهێندرێن".

وەكوو بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی خستە ڕوو، ئەو كێڵگانەی كە دەرمانەكەیان بەكار هێناوە، یان بەنیازبوون بەكاری بهێنن، لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە كەرەنتینە كراون و بەرهەمەكانیان ناخرێنە بازاڕەوە.

پاش لێكۆڵینەوەی ورد و دڵنیابوونەوە، مریشكی ئەو كێڵگانەی كە دەرمانەكەیان بۆ بەكار هێنراوە، "بە ڕێگەی زانستی لەناو دەبرێن".

دەرمانی فیوراڵتادۆن چییە و بۆ چی بەكاردێت؟

ئاوات عەلی، خوێندكاری دكتۆرا لە زانستی كیمیا لە زانكۆی ستۆكهۆڵمی سوید، بەدواداچوونێكی وردی دەربارەی دەرمانەكە كردووە و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە.

ئاوات عەلی دەڵێت "فیوراڵتادۆن یەكێكە لە دەرمانەكانی گروپی نیترۆفیورانەكان (Nitrofurans) وەك (Furazolidone, Nitrofurantion, Furacilin, Difurazone)، ئەم دەرمانانە دژە بەكترییایەكی زۆر بەهێزن و كاریگەرییان لەسەر گرووپێكی گەورەی بەكتریا هەیە كە نەخۆشیی جیاواز تووشی مرۆڤ و ئاژەڵ و پەلەوەر دەكەن".

سەرەتای ناساندنی فیوراڵتادۆن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1958 و لە ساڵی 1959 لەژێر ناوی بازرگانیی (ئەلتافور) لە دەرمانخانەكانی ئەمریكا بەردەست بووە. سەرەتا دەرمانەكە بۆ چارەسەری هەوكردنی بۆرییەكانی میز و چەند نەخۆشییەكی بەكتریایی تر لە مرۆڤدا بەكار هێنراوە.

هەر لە سەرەتانی كەوتنە بازاڕی دەرمانەكەوە، توێژینەوە دەربارەی دەستی پێ كردووە. هەندێك جار كاریگەرە لاوەكییەكانی درەمانەكە لەسەر نەخۆشەكان دەردەكەوتن، لەوانە: ڕشانەوە، سكچوون، لەرزوتا، سووربوونەوە و پەڵەی سەر پێست، لێڵبوونی بینین بەهۆی شەلەلی ماسولكەكانی چاو، بەڵام كاریگەریی درێژخایەن و زیانبەخشی لەسەر كۆئەندامی دەماری نەخۆشەكان بووە.

بەپێی بەدواداچوونەوەكەی ئاوات عەلی، یەكەم پەیپەری زانستی لەسەر كاریگەرییە خراپەكانی ئەم دەرمانە، لە ڕۆژی ١٠ی نۆڤەمبەری ١٩٦٠، لە گۆڤاری زانستی (The New England Journal of Medicine) بڵاو كراوەتەوە. تێیدا ئاماژە بە كەیسی نەخۆشێك كراوە كە ٢١ ملیگرام لە فیوراڵتادۆنی بۆ بەكار هێنراوە و تووشی كاریگەریی لاوەكی بووە. بۆیە گۆڤارەكە پێشنیازی لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر ئەو دەرمانە كردووە.

پاش چەندین لێكۆڵینەوەی تاقیگەیی و دەركەوتنی كاریگەرییە خراپەكانی ئەم دەرمانە، دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی (FDA) لە ساڵی 1985دا مۆڵەتی بەكارهێنانی دەرمانی فیوراڵتادۆن و بەشێك لە نیترۆفیورانە هاوشێوەكانی بۆ مرۆڤ هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام ڕێگەی داوە بۆ بەكارهێنانی سەر پێست بەشێكیان بەكار بهێنرێت. دواتر لە ساڵی 2002 ئەو بەكارهێنانە دەرەكییەشی بە تەواوەتی قەدەغە كردووە.

هەروەها وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە ساڵی 1993ـوە بەكارهێنانی ماددەكانی (نیترۆفیوران)ـیان تەنانەت لە پیشەسازییەكانی خۆراك و كێڵگەی ئاژەڵاندا قەدەغە كردووە.

ئاوات عەلی دەڵێت "بەڵام تا ئێستاش ڕێگە بەم دەرمانانە دراوە بۆ بەكارهێنانی سەر پێستی سەگ و پشیلە و ئەسپ، واتە بۆ ئەو ئاژەڵانەی نابنە خۆراكی مرۆڤ".

بۆچی فیوراڵتادۆن و هاوشێوەكانی قەدەغە كران؟

لەبارەی وەڵامی ئەم پرسیارەوە، ئاوات عەلی، خوێندكاری دكتۆرا لە زانستی كیمیا لە زانكۆی ستۆكهۆڵمی سوید، دەڵێت "فیوراڵتادۆن و بەشێك لە نیترۆفیورانەكان، وەك مادەی كیمیایی شێرپەنجەیی و میوتاجین كە (دەبنە هۆی تێكدان و گۆڕینی دی ئێن ئەی مرۆڤ)، ناسراون. كاتێك لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی خۆراك وەك (كێڵگەی پەرلەوەر، ماسی، مەڕوماڵات) بەكار بهێنرێن، دواتر بەشێكی ماددەكە لە خانەكانی لەشی ئاژەڵ و پەلەوەرەكەدا دەمێنێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ لەشی ئەو مرۆڤەی گۆشتەكەی دەخوات، ئینجا لە لەشی مرۆڤەكەدا كەڵەكە دەبێت".

پێشتر لە تاقیكردنەوە تاقیگەییەكانی ئەم دەرمانانە بۆ سەر ئاژەڵان، دەركەوتووە كە نیترۆفیورانەكان دەبنە هۆكاری دروستبوونی گرێی شێرپەنجەیی لە مەمكی جرج و هێلكەدانی مشكدا، بۆیە ئەمەش وەك بنەمایەك بۆ ناساندنی فیوراڵتادۆن وەك ماددەیەكی شێرپەنجەیی لە مرۆڤدا دانراوە.

ئێستا بێجگە لەوەی بەكارهێنانی دەرمانەكە بۆ مرۆڤ قەدەغە كراوە و بەكار ناهێنرێت، هەر دەرمانێكیش نیترۆفیورانەكانی تێدا بەكار هێنرابێت، لەلایەن دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكییەوە بۆ بەكارهێنانی ڤێتەرنەری لە كێڵگە ئاژەڵیی و پەرلەوەرییەكانی بەرهەمێهنانی گۆشت پەسەند ناكرێت.

ئایا فیوراڵتادۆن بكوژە؟

ئاوات عەلی، خوێندكاری دكتۆرا لە زانستی كیمیا لە زانكۆی ستۆكهۆڵمی سوید، دەڵێت "لە ساڵی 1964ـدا تاقیكردنەوەی (LD50) بە سێ‌ شێوازی جیاواز بۆ ماددەی فیوراڵتادۆن لەسەر مشك كراوە. دەركەوتووە بوونی نزیكەی ١ گرام بۆ هەر كیلیۆگرامێك لە كێشی ئاژەڵەكە، دەبێتە هۆی كوشتنی".

تاقیكردنەوەی (LD50) لەسەر ئاژەڵان بۆ ماددە كیمیاوییە ژەهراوییەكان ئەنجام دەدرێت، بۆ زانینی ئەو بڕەی دەبێتە هۆی كوشتی نیوەی ئەو گیاندارانەی كە دۆسییەكی دیاریكراو لە دەرمانەكە بەكار دەهێنن.

"ئەگەر ئەمە بۆ مرۆڤ ئەژمار بكەین، واتە گەر 100 مرۆڤ و بە تێكڕای كێشیان 70 كیلۆ گرام بێت، هەر یەكێكیان بڕی 70 گرام لە فیوراڵتادۆن بەكار بهێنن، ئەوا بە دڵنیاییەوە لانی كەم 35 مرۆڤیان گیان لەدەست دەدەن"، ئاوات عەلی وا دەڵێت.