هەناردەی نەوتی كەركوك بە بۆری هەرێم بۆ توركیا دەستیپێكرد

16-11-2018 03:04
كاركردن لە بۆری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ توركیا. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

نەوتی كەركوك بە بۆری هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا كرا، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەرێم‌و بەغداد دوای ساڵێك لە ڕاگرتنی ئەو پڕۆسەیە.

 

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە سەرچاوەی باڵاوە دەستیكەوتووە، نیوەڕۆی دوێنی هەناردەكردنەكە دەستیپێكردووەو نەوتی كەركوك ڕەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە لەڕێی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە.

 

پێشتر بەغداد هەناردەی نەوتی كەركوكی بە تەنكەر بۆ ئێران ڕاگرت، ئەوەش لە چوارچێوەی گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆسەر كەرتی نەوتی ئێران.

 

كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەرپەرشتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك دەكات‌و سەربە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ)یە، هێشتا لەلایەن بەغدادەوە ئاگادار نەكراوەتەوە كە ڕۆژانە چەند بەرمیل نەوت بەبۆری هەرێم هەناردەی توركیا بكات، تەنها ئەوەندەیان پێوتراوە پڕۆسەی هەناردەكردنەكە دەستپێبكەن، " كاتژمێر 12:25 خولەكی نیوەڕۆی دوێنێ پڕۆسەكە دەستیپێكردو هەناردەكردنەكە كرایەوە."

 

هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە هەناردەی نەوتی كەركوك لە ڕێی بۆری هەرێمەوە دەستیپێكردووەو دەڵێت"ڕێككەوتنی مەبدەئی لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە."

 

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەڵێت، ڕۆژانە 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل لە نەوتی كەركوك لە ڕێی بۆری هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەكرێت، كۆمپانیای سۆمۆی عێراق سەرپەرشتی هەناردەكردنەكە دەكات. 

 

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوە بۆ كەركوك، هەناردەی نەوتی ئەو پارێزگایە بە بۆری ڕاگیرا‌و دوای چەند ڕۆژێك بە تانكەر هەناردەكردن بۆ ئێران دەستیپێكرد‌و چەند مانگێك بەردەوام بوو.

 

لە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی كەركوك نزیكەی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیەو نزیكەی 300 هەزاری دەنێردرێت بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان، ئەگەر ناردنی نەوت بۆ پاڵاوگەی ناوخۆیی وەكخۆی بەردەوام بێت، ئەوا ناتوانرێت زیاتر لە 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوتی كەركوك هەناردەی بەندەری جەیهان بكرێت، هەربۆیە پێدەچێت وەزارەتی نەوتی عێراق گۆڕانكاریی بكات لە پێدانی نەوتی كەركوك بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان.

 

كەركوك پارێزگایەكی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداوە نەوتی ئەو پارێزگایە زیاتر لە ساڵێكە بە بۆری هەناردە ناكرێت، ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوری عێراق بەگشتی‌و كەركوك‌و هەرێمی كوردستان گەیاندووە.

 

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەزر ئەوەی بڵاوكردەوە، حكومەتی پێشوی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێككەوتنێكی واژۆكردووە كە دەستبكاتەوە بە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە ڕێگای حكومەتی هەرێمەوە.

 

بەرلە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حكومەتی هەرێم ڕۆژانە لەڕێی بۆری سەربەخۆی خۆیەوە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكی هەناردەی توركیا دەكرد، لە دوای ئەو ڕووداوانە عێراق لەگەڵ ئێران ڕێككەوت بە تەنكەر نەوتی كەركوك هەناردەی ئەو وڵاتە بكرێت، سەرەتا 30 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو دواتر بەرزبكرێتەوە بۆ 60 هەزار بەرمیل، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە كە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران جێبەجێ كران، عێراق هەناردەی نەوتەكەی بۆ ئێران ڕاگرت.

 

حكومەتی ناوەندیی ئەگەر بیەوێت نەوتی كەركوك بە ڕێژەیەكی زۆرو بە بۆری هەناردەی دەرەوە بكات، تاكە ڕێگای بۆری سەربەخۆی نەوتی هەرێمی كوردستانە.

 

دوای ئەوەی داعش لە مانگی 2ی 2014 بۆری نەوتی كەركوك-جەیهانی تەقاندەوەو دواتریش موسڵ‌و بەشێكی زۆری ناوەڕاستی عێراق كۆنتڕۆڵ كرد، بۆرییەكەی عێراق بەتەواوی كەوتە ژێردەستی ئەو ڕێكخراوەو زیانی زۆری بەركەوتووە، عێراق بە باشتری دەزانێت بۆرییەكی نوێ دروست بكات نەك ئەو بۆرییە چاك بكاتەوە.

 

بۆری نەوتی هەرێم نەوتی كێڵگەكانی كوردستان دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، بۆرییەكە دەچێتەسەر سنوری توركیاو ماوەی چەند ساڵێكی پێچووە تادروستكراوەو كۆتایی ساڵی 2013 تەواوبووە، 281 كیلۆمەترەو نزیكەی 200 ملیۆن دۆلاری تێچووە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز(مانگی 7ی 2013).

 

بۆری نەوتەكەی هەرێم لەسەر سنوری توركیا لەهەمان بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان بەستراوە(دوای وێستگەی خوێندنەوەی نەوتی عێراق لەسەر بۆرییەكە) لەبەرئەوە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی هەمان بۆرییەوە لەخاكی توركیا دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان، بەوپێیەش كاتێك هەرێم دەتوانێت نەوت هەناردە بكات كە حكومەتی عێراق نەتوانێت نەوتی كەركوك لەڕێگەی بۆری خۆیەوە هەناردە بكات، چونكە لەخاكی توركیا تەنها یەك بۆری هەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق‌و هەرێم بۆ بەندەری جەیهان.