دانەگاز دەڵێت بەرهەمهێنانی گاز لە چەمچەماڵ لەسەدا 30 زیادیكردووە

21-11-2018 06:18
نێچیرڤان بارزانی‌و ئاشتی هەورامی لەگەڵ بەرپرسانی دانەگاز لە یادی 10ساڵەی كاركردنیان لە هەرێم.

 

پەرەگراف

 

دانەگاز و هاوبەشەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازیان لە كێڵگەی كۆرمۆر بە ڕێژەی لەسەدا 30 ڕاگەیاندو دەڵێن، پلانیان هەیە زیاتر لە دوو هێندەی دیكە بەرزی بكەنەوەو تائێستا زیاتر لە 20 ملیار دۆلاریان پاشەكەوت كردووە بۆ بودجەی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كە دەبوو لە سوتەمەنیدا خەرج بكرێت.

 

دانەگاز گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هاوبەشەكەی كە كۆمپانیای (نەوتی هیلال)ـەو پێكەوە سەرپەرشتی كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەكەن، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا زانیاریی وردیان خستەڕوو دەربارەی بەرهەمهێنانی گاز.

 

بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر وزەی كارەبا هەیە، دانەگاز دەڵێت، بەرهەمی گازیان لە 305 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێكدا بەرزكردووەتەوە كە دەنێردرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر لە ڕێگەی هێڵی بۆری، بەم زووانە گاز بۆ وێستگەی كارەبای بازیان-یش دابین دەكەن.

 

دانەگاز لە بەیاننامەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئاستی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی گازی كوردستان تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار، "بەمەش كۆی گشتی بەرهەمهێنانی هاوتای نەوت گەیشتە 250 ملیۆن بەرمیل، بەمەش توانرا زیاتر لە 20 ملیار دۆلار پاشەكەوت بكرێت بۆ بودجەی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كە دەبوو لە كڕینی سووتەمەنی سەرف بكرێت. هەروەها وەبەرهێنانی زیاتر بەڕێوەیە بۆ زیادكردنی بەرهەمی ڕۆژانە بۆ 900 ملیۆن پێ‌ سێجا لە 3 ساڵی داهاتوو هاوشان لەگەڵ بەرهەمهێنانی سوتەمەنی شل."

 

دانەگاز دوو ڕۆژ لەمەوبەر یادی 10 ساڵەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت لە یادەكەدا ڕایگەیاند، تا مانگی ئاداری داهاتوو بە سێ قۆناغ كارەبای نیشتیمانی زیاد دەكەن‌و لە ماوەی كەمتر لە 2 ساڵدا وەزارەتی كارەبا دەگاتە ئامانجەكانی، ئەوەش بە بەرهەمهێنانی گاز لەلایەن دانەگازەوە، وتی"وەزارەتی كارەبا 1500 مێگاوات بە گاز بەرهەم دەهێنێت لە وێستگەكانی هەولێرو چەمچەماڵ‌و چاوەڕوان دەكرێت 300 مێگاواتی دیكە زیاد بكات."

 

دانەگازو هاوبەشەكانی لە نیسانی 2007 بۆ وەبەرهێنان‌و سودوەرگرتنی لە سامانی سروشتی كوردستان گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكرد، لە مانگی 10ی ساڵی دواتر لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەستیان بە كاركردن كرد، دوای چەند ساڵێك ڕاگرتنی كارەكانیان، ساڵی ڕابردوو دەستیان پێكردەوەو لەگەڵ حكومەت ڕێككەوتنی نوێیان واژۆ كرد.

 

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی هیلال و سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای دانەگاز باسلەوەدەكات یادی 10 ساڵەیان لە هەرێم دەستپێكی قۆناغێكی نوێی فراوانكردنی پڕۆژەكەیانە لە كاركردن و بەرهەمهێنان، دەڵێت"لە چەند ساڵی ئایندەدا پتر لە 600 ملیۆن دۆلاری تری تێدا وەبەردەهێنرێت و دەبێتە زیاتر لە دوو ئەوەندەكردنی ئاستی بەرهەمهێنان."

 

هاوكات د.پاتریك ئەڵمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەگاز ئەوەدەخاتەڕوو، دوابەدوای وەرگرتنەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانیان لە هاوینی ڕابردوو، بە پەرۆشن بۆ فراوانكردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بۆ دابینكردنی گازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق.

 

ستافی هەمیشەیی كاركردنی دانەگاز لە هەرێم زیاتر لە 600 كارمەندەو زیاتر لەسەدا 80یان كارمەندی خۆماڵین، كۆمپانیاكە دەڵێت، پرۆگرامی ڕاهێنان لە ئارادایە بۆ زیادكردنی ئەو ڕێژەیە لە كارمەندی خۆماڵی. 

 

دانەگاز سەرەتای كاركردنی، ڕۆژانە 80 ملیۆن پێ سێجا گازی بەرهەم دەهێنا، دواتر ئەو ڕێژەیە بەرزبووەوە بۆ 300 ملیۆن‌و ئەم هەفتەیە گەیشتووەتە 400 ملیۆن پێ سێجا، هاوكات دانەگاز لە هەرێم ڕۆژانە زیاتر لە 100 تۆن گازی شل بۆ پێداویستی ناوخۆی ماڵان بەرهەم دەهێنێت.

 

دانەگاز؛ لە داوای قەرەبوویەكی زەبەلاح بۆ دەستپێكردنەوەی كار

 

دانەگاز ساڵێك دوای كاركردنی كەوتە كێشەو ناكۆكییەكی تووند لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە دادگای لەندەن‌و داوای قەرەبووكردنەوەیەكی زەبەلاح، بەڵام ساڵی ڕابردوو لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوت‌و هەردوولا تەواوی سكاڵاكانیان لەسەر یەكتر كشاندەوە.

 

دانەگازو هاوبەشەكانی ساڵی 2013 ڕایانگەیاند، زیاتر لە 2 ملیار دۆلاریان لە هەرێم بردووەتەوە لە دادگای لەندەن، هەروەها كۆمپانیاكە سەرقاڵی ئامادەكاریی بوو بۆ تۆماركردنی سكاڵایەكی دیكەو داوای قەرەبووكردنەوەی بە بڕی زیاتر لە 26 ملیار دۆلار.

 

كێشەكانی نێوان دانەگاز و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 2009 كاتێك دانەگاز و هاوبەشەكانی دوو كۆمپانیای دیكەیان هێنا بۆ پڕۆژەی گازی چەمچەماڵ ئەوانیش كۆمپانیاكانی ئۆ ئێم ڤی(OMV)ی نەمسایی‌و ئێم ئۆ ئێڵ (MOL)ی هەنگاریی بوون‌و دواتر پێكەوە یەكەیەكی وەبەرهێنانیان پێكهێنا بەناوی پێرڵ پیترۆڵیەم كە لەسەدا 70ی لەلایەن دانەگاز و كرێسێنتەوە خاوەندارێتی دەكرا، هەروەها هەریەك لە ئۆ ئێم ڤی و ئێم ئۆ ئێڵ هەروەها كۆمپانیای ئاڕ دەبلیو ئی (RWE) ئەڵمانی هەریەكەیان لەسەدا 10ی پشكەكانیان هەبوو.

 

لەو كاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە پێكهاتەی ڕێكەوتنەكە ڕازی نەبوو و حكومەتی هەرێم هیچ پاداشتێكی لەو ڕێككەوتنەدا دەست نەكەوت، لەكاتێكدا كاتێك كۆمپانیای IOC مافی موڵكدارییەكانی فرۆشت بە وەبەرهێنەرێكی دیكە حكومەتی هەرێم بڕێك قازانجی دەستكەوت بوو.

 

لە وەڵامی ئەو گرێبەستەی دانەگازو هاوبەشەكانیدا، ئاشتی هەورامی فەرمانیدا هەموو كارەكانی هەڵكەندن هەڵپەسێردرێت‌و هێزی چەكدار بۆ كێڵگەكان جوڵەیان پێكرا بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكەی هەورامی.

 

بەوهۆیەوە بیرێكی نوێی گازی سروشتی كە پێشبینی بەرهەمی زۆری لێدەكرا لە چەمچەماڵ داخرا. بەرهەمی كێڵگەی كۆرمۆر(نزیك چەمچەماڵ) لە ساڵی 2011وە لە دەوروبەری 330 ملیۆن پێ سێ جادا بۆ هەر ڕۆژێك وەستا.

 

بەو هۆكارانەوە گەشەپێدانی گازی چەمچەماڵ وەستاوەو ئەوەش بووەتە هۆی كاریگەریی خراپ بەسەر ئابووری كوردستانەوە، چونكە ئەو كێڵگانە سەرچاوەیەكی گرنگ بوون بۆ دارایی هەرێم و دابینكردنی وزەی كارەبا، هەرێم ناچار بوو گاز هاوردە بكات بۆ دەستەبەركردنی كارەبا.

 

ڕێككەوتنەوەی دانەگازو حكومەتی هەرێم ساڵی ڕابردوو ئەنجامدراو كۆمپانیاكە پەرە بە كارەكانی دەدات لە چەمچەماڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، بەپێی ڕێككەوتنەكە بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر كە دانەگاز كاری تێدادەكات بە ڕێژەی لەسەدا 160 زیاد دەكرێت‌و حكومەتی هەرێم لەسەدا 50ی ئەو زیادكردنە دەكڕێت‌و ڕێگە بە كۆمپانیاكە دەدات لەسەدا 50كەی دیكە بفرۆشێت.

 

هەروەها دوو بلۆكی دیكە لە كۆرمۆر دەدرێتە دانەگاز‌و سەرمایەگوزاریی تێدادەكات، هاوكات ئەو كۆمپانیایە لەتوانای مرۆیی ناوخۆییدا هاوكاریی هەرێم دەكات.

 

لەبارەی ئەو قەرزەی كۆمپانیاكە كە لەلای حكومەتی هەرێمەو لەدادگای ناوبژیوانیی لەندەن دۆڕاندویەتی، بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت هەرێم ملیارێك دۆلار بداتە كۆمپانیاكەو بڕی یەك ملیارو 239 ملیۆن دۆلاری دیكەی دەمێنێتەوەو لە داهاتوودا دانەگاز لە فرۆشتنی گازی كێڵگەی كۆرمۆر هەڵیدەگرێتەوە، تائێستا ڕوون نییە ئەو بڕە پارانە چەندیان دراونەتەوە.

 

لە بەشێكی دیكەی ڕێككەوتنەكە ئەوەخراوەتەڕوو، دوای ئەوەی دانەگازو هاوبەشەكانی خەرجییەكانیان وەردەگرنەوە، گرێبەستەكەیان لەگەڵ هەرێم لەڕوی قازانجەوە دەستكاریی دەكرێت، بەجۆرێك ڕێژەی ئەو قازانجەی بۆ دانەگاز دەچێت وەك كۆمپانیاكانی دیكەی لێبێت كە لە كەرتی نەوتدا كاردەكەن، ئەوكاتەش %78ی قازانج بۆ حكومەتی هەرێم دەبێت‌و %22ی بۆ دانەگازو هاوبەشەكانی دەبێت.