ئاسڵان‌و كوڕەكانی بۆ دەستكەوتنی هەنگوینی ناو بەرد گوێ بە مەترسییەكان نادەن

04-12-2018 01:49

 

پەرەگراف

 

ئاسڵان سەمۆ و كوڕەكانی كە لە ڕێگەی فرۆشتنی هەنگوینەوە بژێویی ژیانیان دابین دەكەن، بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بەو هەنگوینەی لەسەر چیا بەرزەكان هەیە، ڕێگەیەكی مەترسیدار و زەحمەت دەگرنەبەر.

 

ئەوان لە شارۆچكە چاتاكی سەربە شاری وان لە باكوری كوردستان دەژین، شارۆچكەكە بە هەریەك لە هەنگوین، گوێز و ماسی بەناوبانگە لە پاڵ هەنگوینی هەنگی ناو سندوق و پلوورەدار، هەنگوینی ناو بەردیشی هەیە كە بە سەختییەكەی زۆر لەسەر چیا بەرزەكان دەست دەكەوێت.

 

ئاسڵان لەگەڵ حەسەن و هادی كوڕیدا هەنگاو بە هەنگاو چیاكانی ناوچەكەیان دەگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی هەنگوینی ناو بەرد كە لە باشترین‌و خۆشترین جۆرەكانی هەنگوینە، ئەوان لە وەرزی كۆكردنەوەی هەنگویندا بەتەواوی ئامادەكارییەكانیانەوە بەیانیان زوو، ڕوو لە چیا بەردینەكان دەكەن و بۆ هەنگوین دەگەڕێن.

 

 

ئەم هەنگەوانانە لە شوێنی زۆر سەختدا بەدوای هەنگویندا دەگەڕێن، بەتایبەت بەردی كەندەڵانەكان، هەربۆیە جار جار ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

 

ئاسڵان سەمۆ بەهاوكاریی كوڕەكانی‌وو ئەو گوریسەی لەناوقەدی دەیبەستێت، بە كەندەڵانەكاندا دەچێتەخوارەوەو هەنگوین دەدۆزێتەوە. بەرلەوەی هەنگوینەكە ببڕێت، سەمۆ دوكەڵ بەكاردەهێنێت تا هەنگەكان دووربخاتەوە و دواتر ئەو هەنگوینەی كە تەواو سروشتییە، بەچەقۆكەی دەیبڕێت و دەیكاتە نێو ئەو قوتووەی لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە.

 

 

ئاسڵان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەكرد كە هەنگەكان بەگشتی لە ناوچە شاخاوییە سەختەكاندا دەژین و ئەمەش كاری ئەوانی سەختتركردووە.

 

ئەو وتی، پێویستە بەیانیان زوو دەست بەكاربن، "تا دەستمان دەگات بە هەنگوینەكە، مەترسیی زۆر دێتە ڕێمان. كاتێك هەنگوینەكە دەبینین، ئەو مەترسیانە لەبیردەكەین. ئەو سەختییە دەهێنێت كە بەسەرمان دێت. پێشنیاز دەكەین هەمووان تامی ئەم هەنگوینە بكەن. بەڕاستی زۆر بەتامە."