حوكمدرانی ڕێبوار تاڵەبانی پەیوەندیی بە "هەڵوێستی سیاسیی" نییە

28-12-2018 06:25
ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

حوكمدرانی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت پەیوەندیی بە "هەڵوێستی سیاسیی‌و پرسی نەتەوەیی" نییە، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، پرسەكە "بەهەدەردانی سامانی گشتیی‌و ئیستیغلالكردنی وەزیفەیە"، ئەوەش پێچەوانەی پەیامی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانە كە دژی بڕیارەكەی دادگا وەستاونەتەوەو بە "سیاسیی" لە قەڵەمی دەدەن، لە ناویاندا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی.

 

دادگای كەتنی كەركوك، 26ی ئەم مانگە بڕیاریدا بە زیندانیكردنی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت بۆ ماوەی شەش مانگ. ڕێبوار تاڵەبانی دەڵێت: بڕیارەكە تەمیز دەكاتەوە‌و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدات.

 

بڕیارەكەی دادگا كاردانەوەی فراوانی لە هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی ڕێبوار تاڵەبانی لە پرسە نەتەوەییەكانی وەك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك‌و ڕیفراندۆم، هەڵوێستی نەتەوەیی هەبووەو لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی سەربازیی عێراق گەڕایەوە بۆ كەركوك، شارەكەی بە جێهێشتووەو لە هەولێر نیشتەجێیە.

 

حوكمدرانی ڕێبوار تاڵەبانی لەسەر چییە؟

كۆتایی مانگی 8ی ساڵی 2014 حەسەن تۆران سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە بەهۆی بوونی بە پەرلەمانتار لە عێراق، دواتر ڕێبوار تاڵەبانی كە ئەوكات جێگری بوو بە وەكالەت شوێنەكەی گرتەوەو بوو بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە، ئەو پرسەی ئێستا ڕێبوار تاڵەبانی لەسەری حوكمدراوە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت.

 

سەرچاوەیەك كە بەوردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، كاتێك ڕێبوار تاڵەبانی دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت، دەیەوێت دەسەڵاتی خەرج كردنی بڕە پارەیەكی مانگانەی هەبێت كە تەنها سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی هەبووە ئەو بڕە پارەیە خەرج بكات، بۆ ئەو مەبەستە نوسراوێك ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات تا ڕەزامەندیی پیشانبدەن، "بەڵام وەزارەتی دارایی بە نەرێیی وەڵامی دەداتەوەو پێی وتووە: تۆ بە وەكالەت سەرۆكیت بۆیە مافی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەت نییە."

 

سەرچاوەكە دەڵێت"ڕێبوار تاڵەبانی گوێی بە وەڵامەكەی وەزارەتی دارایی نەداوەو مانگانە پارەكەی خەرج كردووە."

 

لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕێبوار تاڵەبانی لە كەركوك بووەو سەرۆكی ئەنجومەن بووە بە وەكالەت بەردەوام بووە لە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە، لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستەی نەزاهە لە كەركوك سكاڵای لەسەر تۆماركردووەو ناوەڕاستی ئەمساڵ دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی دەركرد.

 

"كۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی خەرجیكردووە زیاترە لە 75 ملیۆن دینار، مانگی 6ی ئەمساڵ دادوەر داوای لە ڕێبوار تاڵەبانی كرد پارەكە بگەڕێنێتەوەو لە بەرامبەردا دۆسیەكەی دابخرێت، ڕێبوار تاڵەبانیش ئەوكات پارەكەی گەڕاندەوە بۆ دەوڵەت‌و دۆسیەكەی داخرا، بەڵام دواتر دیوانی چاودێری دارایی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە داخستنەكە ڕازیی نەبوون" سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وای وت، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

 

وتیشی"ئەو لایەنانە پێیانوابوو ئەو پرسە بەهەدەردانی ماڵی گشتیی‌و ئیستیغلالكردنی وەزیفەیە لەلایەن ڕێبوار تاڵەبانی، هەربۆیە دۆسیەكەی ڕەوانەی دادگای كەتنی كەركوك كرا‌و دادگاكە 26ی ئەم مانگە حوكمیدا."

 

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، پێشتر زۆر كەس‌و لایەن هەبوون لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ڕێبوار تاڵەبانییان وتووە، دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی نییەو باشترە ئەو كارە نەكات، بەڵام ئەو بەردەوام بووە لە خەرجكردنی.

 

"ئەگەر پارەكەی نەگەڕاندایەتەوە بۆ حكومەت، ئەوكات حوكمەكەی 2 بۆ 7 ساڵ زیندانیكردن دەبوو، دەستیش دەگیرا بەسەر موڵك‌و ماڵەكەیدا" سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وای وت.

 

دەربارەی ئەو كاردانەوانەی لە هەرێمی كوردستانەوە بڕیارەكەی دادگا بە سیاسیی ناو دەبەن، ئەو سەرچاوەیە وتی"بەرپرسانی كورد لە كەركوك‌و زۆر كەسیش دەزانن، دۆسیەكەی ڕێبوار تاڵەبانی پەیوەندیی بە كوردایەتی‌و هەڵوێستی سیاسییەوە نییە، ئەوانەی وا وێنای دەكەن كەوتوونەتە هەڵەوەو یان زانیارییان نییە یان زانیاریی هەڵەیان پێدراوە."

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاترو وردەكاریی دۆسیەكە پەیوەندیكرد بە ڕێبوار تاڵەبانی، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

بەپێی نوسراوی دادگا، حوكمدرانی ڕێبوار تاڵەبانی لەسەر سكاڵای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی عێراق بووە كە لە دژی ڕێبوار تاڵەبانی تۆماركراوە.

 

لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەدا ئاماژە بە دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە بەرامبەر بە ڕێبوار تاڵەبانی كراوە‌و گشتاندن كراوە بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و بەشەكانی، هاوكات ئاماژە بەوەكراوە بڕیارەكە شایەنی تانەلێدان و پێداچونەوەیە.

 

ڕێبوار تاڵەبانی بەپێی ماددەی 331ی یاسای سزادانی عێراقی حوكمدراوە، ئەو ماددەیە تایبەتە بە سزادانی هەر فەرمانبەرێك یان ڕاسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی كە بەئەنقەست كارێك بكات پێچەوانەی ئەركی وەزیفەكەی بێت، یان كارێك لەكارەكانی ئەنجام نەدات بەمەبەستی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی كەسێك یان بۆ بەرژەوەندی كەسێك لەسەر حسابی كەسێكی تر یان لەسەر حسابی دەوڵەت.

 

بڕیاری حوكمدرانی ڕێبوار تاڵەبانی.

 

بارزانی "كەوتووەتە هەڵەوە"

دوای بڕیارەكەی دادگای كەركوك، هەمان ڕۆژ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەردەوام بەرگریی لەو بەرپرسانە دەكات كە پشتیوانیی پرسە نەتەوەییەكان‌و ڕیفراندۆم بوون، پەیامێكی بۆ پشتیوانیی ڕێبوار تاڵەبانی بڵاوكردەوە.

 

بارزانی بڕیارەكەی دادگای كەركوك دەربارەی گرتن و سزادانی ڕێبوار تاڵەبانی بە "تەواو سیاسیی" ناودەبات‌و دەڵێت"پێوەندی بە بابەتی دادوەری و یاساییەوە نییە."

 

"ڕێبوار تاڵەبانی، دژی پێشێلكردنی دەستوور و یاسا وەستاوەتەوە، وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی پێكهاتەكانی شاری كەركووك كردووە" بارزانی لە پەیامەكەیدا وادەڵێت.

 

ڕێبوار تاڵەبانی لەسەر لیستی برایەتی(پشكی یەكگرتوی ئیسلامی) پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی بە وەكالەت وەرگرتووە، پێشتریش چەند جارێك لەلایەن دادگاوە دۆسیەكانی تاوتوێی كراوە دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن لە بەرەی توركمانی سكاڵایان لە دژی تۆماركرد، بەهۆی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك(28-3-2017).

 

یەكگرتووی ئیسلامیش هاوشێوەی بارزانی، بڕیارەكەی دادگا بە "سیاسیی‌و تۆڵەسەندنەوە" لە قەڵەم دەدات، "لە هەمبەر هەڵوێستە نیشتمانی‌و خزمەتگوزارییەكانی بۆ هاوڵاتیانی شاری كەركوك."

 

هاوكات ڕێبوار تاڵەبانی خۆیشی بڕیاری حوكمدانەكەی لەلایەن دادگاوە بە "سیاسی‌و تۆڵەسەندنەوە" وەسفدەكات لە بەرانبەر هەڵوێستەكانیدا، هەربۆیە بڕیاریداوە تەمیزی بكاتەوە.

 

یەك ڕۆژ دوای بڕیارەكەی دادگا، ڕێبوار تاڵەبانی لە هەولێر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا، ئەو باسی لە پرسی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە نەكرد كە بەهۆیەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو تەنها ئاماژەی بە هەڵوێستە سیاسییەكانی كرد.

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت، جارێكیتر جەختی لە هەڵوێستەكانی پێشتری كردەوەو پێیوایە، بارودۆخی كەركوك لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردودا بە بارێكی نادەستوری و نایاساییدا دەڕوات، جارێكیتر پشتگیری لە هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان كرد لە كەركوك بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییش وتی: بڕیاری خەڵكی شارەكە بوە و دەنگی پێدراوە.

 

"بڕیارەكانی دادگا هەموی تۆڵەسەندنەوەیە.. جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكییە.. لەناو كەركوكیش كۆمەڵێك هەن نایانەوێت من لەو پۆستەدا بمێنم و بوم بە شاخێك لەبەردەمیاندا"ڕێبوار تاڵەبانی وای وت.

 

وتیشی"تەحەدای هەموو دادگاكان دەكەم تەنیا یەك خاڵ لەسەر من بدۆزنەوە"، ڕێبوار تاڵەبانی لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی بڕیارەكەی دادگا یاسایی نیە، ئاماژەی بەوەدا بڕیارە تانەی لێبدات و تەمیزی بكاتەوە.