موچەخۆر و حكومەت؛ سێ ساڵ لەهوتافكێشان‌و بەڵێن

20-01-2019 04:34
خۆپیشاندەران دروشمیان دژی پاشەكەوت بەرزكردووەتەوە/ مانگی 4ی 2018. وێنە؛ سایتی سبەی.

پەرەگراف- ئازا ئیبراهیم

نیوەی تەمەنی ڕێبوار محەمەد بەمامۆستایی تێپەڕی، بەڵام هیچ كاتێك بەقەت ئەم چەند ساڵەی دوایی ماندوو نەبوو، بەدەست بڕیارەكانی حكومەتەوە.

تا بەهاری ڕابردوش، ئەو مامۆستایە و هاوپیشەكانی، زۆربەی ڕۆژەكانیان لەسەر شەقام و بەدەم هوتافكێشانەوە بەڕێدەكرد، ئەوەش تەنیا بۆ داوای پێدانی مافی خۆیان لەبەرانبەر ئەركەكانیاندا.

"لەسەدا 65ی موچەكەم پاشەكەوتكرا، بۆیە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 27 ملیۆن دیناری من قەرزارە" ڕێبوار محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.

موچەكەی مامۆستا ڕێبوار، بەر لە پاشەكەوت زیاتر لە یەك ملیۆن دینار بووە و دوای بڕیارەكەی حكومەت، كەمكرایەوە بۆ كەمتر لە 500 هەزار دینار، بەوەش سەدا 65ی بڕدرا.

"بڕیاری پاشەكەوتی موچە، یەكێك بوو لە بڕیارە بێ‌ ویژدانییەكان بەرامبەر بە مامۆستا" ڕێبوار (45 ساڵ) دوای 22 ساڵ لە مامۆستایەتی، دەڵێت "ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕوی مامۆستا كرایەوە كاریگەری لەسەر ئاستی پەروەردە هەبووە لە كۆی هەموو ساڵێكی خوێندندا".

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای 2016وە، بڕێك لە پارەی موچەخۆران گلدەداتەوە بەناوی پاشەكەوتەوە، لەوكاتەوە، ماوەی سێ ساڵە قەرزاری تەواوی فەرمانبەرانە.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی تا لەسەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران، بەپاساوی قەیرانی دارایی، كە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و نەناردنی بودجە لەلایەن حكومەتی ناوەندی عێراقەوە لە ئەنجامی ناكۆكی هەردوو حكومەت لەسەر نەوت، سەریهەڵدا.

ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی لیژنەی داكۆكی و بەدواداچونە لە مافی مامۆستایان، پێیوایە دۆخەكە جیاوازترە لەوكاتەی بڕیاری پاشەكەوت درا و لە ئێستادا بەوتەی ئەو، هیچ پاساوێك بۆ بەردەوامی ئەو بڕیارە نەماوە و پێشبینی وایە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ، موچە وەكو جارانی لێبكرێتەوە.

كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لەبەردەم پێكهێناندایەو هێشتا لایەنە سیاسییەكان لە گفتوگۆدان، بەڵام نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن.

كەركوكی بۆ پەرەگراف وتی"بۆ كۆتایی بە پاشەكەوت، چەندین یاداشتمان ئاڕاستەی حكومەت كردوە و ئەگەر حكومەت ڕاستگۆبێت، 2019 ساڵی كۆتاییهاتنی پاشەكەوتی موچە دەبێت"، هۆشداریشیدا لە ئەگەری پشتگوێخستنی داواكارییەكانیاندا، هانا بۆ گردبونەوەی فراوان و بایكۆتی بەكۆمەڵ دەبەن.

لە سێ ساڵی ڕابردودا، بەشێكی زۆر لەفەرمانبەران، ناوبەناو گردبونەوە و مانگرتنیان بۆ لابردنی پاشەكەوتی موچە ئەنجامدا، بەتایبەت مامۆستایان لەسنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی و بەشێك لە دهۆك.

"لە كۆی هەموو ساڵێكی خوێندن، وەرزێكی خوێندن بایكۆت كراوە، بەمەش ئاستی زانستی خوێندكار ڕوی لە دابەزین كردووە" مامۆستا ڕێبوار وادەڵێت.

ڕێبوار محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی لە سەروبەندی مانگرتنەكاندا، ئاشكرایكرد هێشتا ئەگەری بایكۆت كراوەیەو چاوەڕێی لابردنی پاشەكەوتن لەلایەن حكومەتی نوێوە، وتی "لەبەرئەوەی هەرێم وڵاتی حیزبە و هیچ دامەزراوەیەكی یاسایی ڕۆڵی تێدا نابینێت، دەمانەوێت حیزبەكان ئەو بەڵێنانەی داویانە جێبەجێی بكەن، بۆ ئەوەش چاوەڕێی دەستبەكاربونی كابینەی نوێی حكومەت دەكەین".

یەكەم و دوایین گۆڕانكاریی حكومەتی هەرێم لە سسیتمی پاشەكەوتی موچەدا، لە كۆتایی ئازاری ساڵی ڕابردودا بوو، كاتێك دوای دوو ساڵ بڕیاریدا ڕێژەی بڕینی موچە كەمبكاتەوە، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ فراوانبونی خۆپیشاندانی فەرمانبەراندا.

بەپێی بڕیارەكانی ئەو گۆڕانكارییە، زۆرترین بڕی پاشەكەوت كە زیاتر لە سەدا 60 بوو بۆ سەدا 30 كەمكرایەوە، بەبێ پلەباڵاكان، ئەوانەی موچەكانیان لە 400 هەزار دینار زیاتر نەبوو پاشەكەوتیان لەسەر نەما، لەگەڵ خانەنشین، كەسوكاری‌و شەهید‌و ئەنفالكراوان ‌و تۆڕی كۆمەڵایەتیی.

ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لەكانونی یەكەمی ساڵی ڕابردودا دواقسەی حكومەتی لەسەر موچە كرد و ڕەتیكردەوە موچەی سێ مانگی كۆتایی 2018 كە بە فەرمانبەران نەدرابوو بە تەواوی پاشەكەوت بكرێت، وتی "هیوایەكی باش هەیە (لەگەڵ بەغدا) لانیكەم مەسەلەی موچە ئەگەر 100%یش چارەسەر نەكرێت، بەڵام بەشێكی باشی چارەسەر بكرێت كە هەم بەردەوامبین لەسەر ئەوەی 30 ڕۆژ جارێك مووچە بدەین، هەم بزانین ئەو ئیستحقاقانەی بۆ ئێمە دابین دەكرێت لە 2019دا چییە".

حكومەتی هەرێم، زۆربەی ئومێدەكانی بۆ چاكبونی بارودۆخی ئابوری و هەوڵی نەهێشتنی پاشەكەوتی موچە بە ساڵی نوێدا هەڵواسی، بەڵام شارەزایانی ئابوریی ئەوەندە بەهیوانین.

ئەحمەد تاهیر، شارەزای ئابوری لە هەرێم بە پەرەگراف-ی وت"ئەگەری هەیە لەڕوی ئابوریەوە 2019 لە ساڵی ڕابردوو خراپتر بێت، چونكە كێشە ئابورییەكانی هەرێم كێشەی گەورەن و هیچ هیوایەك بۆ چارەسەركردنیان بەدیناكرێت".

هەروەها پێیوایە تەنیا دەرفەتێك لەبەردەم حكومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی بەشێك لەو قەیرانە دارایی‌و ئابورییەی تێیدایەو لابردنی بڕیاری پاشەكەوتی موچە، پابەندبونی هەرێمە بە مەرجەكانی بەغداد بۆ پێدانی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق.

حكومەتی ناوەندی، لەچەند ساڵی ڕابردودا داوایكرد هەرێم لەڕێی ئەوەوە نەوت هەناردە بكات و بیفرۆشێت لە بەرانبەر پێدانی بودجەدا، بەڵام هەولێر ئەوەی ڕەتكردەوە و سەربەخۆ نەوتی فرۆشت، بۆیە بەغدا بودجەی بڕی.

"كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناتوانێت قەیرانی دارایی چارەسەر بكات، چونكە قەیرانەكانی ئێستا قەیرانی كەڵەكەبوی ساڵانی ڕابردون، ئێستا حكومەتی هەرێم حكومەتێكی قەرزدارە، قەرزی فەرمانبەران و مامۆستایان، قەرزی بەڵێندەران، قەرزی كۆمپانیا نەوتیەكان و قەرزی وڵاتی توركیای لایە، سەرجەم كەرتەكانیش داڕماون و ناتوانن بەشداربن لە بوژاندنەوەی ئابوریدا".

ئەو شارەزایەی ئابوری وتیشی"حكومەتی هەرێم زیاتر لە شەش ملیار دۆلار قەرزاری پاشەكەوتی موچەیە".

حكومەتی هەرێم، چەندین مانگە لەحكومەتی عێراقەوە بڕە پارەیەكی دیاریكراوی پێدەگات بۆ دابینكردنی موچە بەپاڵپشتی پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆیی، بەڵام هێشتا پلانی ڕاگەیەندراوی نیە بۆ هەڵگرتنی یەكجارەكی پاشەكەوت.

خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی بۆ مووچە/ مانگی 4ی 2018. وێنە؛ سایتی سبەی.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەرەتای پاشەكەوت‌و قەیرانی داراییەوە، بازاڕەكان سست بون و زۆربەی پرۆژەكان ڕاگیران، جگە لەو كاریگەرییە راستەوخۆیەی لەسەر ژیان و گوزارەنی خەڵك تائێستاش بەردەوامیی هەیە.

مامۆستا ڕێبوار لەنمونەی كاریگەری پاشەكەوتدا دەڵێت؛ هەندێك لە مامۆستایانی هاوڕێی، لەوكاتەوە سەرقاڵی كاری دیكەن، وەكو دوكانداریی، كرێكاری و شاگردی چێشتخانە.

"تەنانەت چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێوان چینی مامۆستایان لێكەوتۆتەوە، ئەو بڕە پارەیەی بە مامۆستا دەدرا بەشی بژێوی ژیانی نەدەكرد، هەندێك لە مامۆستایان بەهۆی خراپی گوزەران و كەمی ئەو موچەیە نەیاندەتوانی كرێی خانو بدەن و بەهۆیەوە خێزانەكانیان هەڵوەشاوەتەوە" بەوتەی مامۆستا ڕێبوار محەمەد.

لەسەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە، یەكێتی مامۆستایان پڕۆژەیەكی داوەتە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، تا پارەی پاشەكەوت بە ڕێگەیەكی دیاریكراو بگەڕێندرێتەوە.

ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی لیژنەی داكۆكی لە مافی مامۆستایان كە هاوكات ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانە، ڕونیكردەوە لەو پڕۆژەیەدا داوایانكردوە بڕی پاشەكەوتی موچە و تەواوی ئەو موچانەیشی نەدراون، بخرێنە حساب بانكییەوە تا لەكرێی خزمەتگوزارییە حكومیەكان و باج و قەرزی حكومیدا خەرجبكرێنەوە، جگە لەوەش بتوانرێت مانگانە بڕێك پارە لەو حسابە بانكییە ڕابكێشرێت.

هەروەها ئەوەشی وت، بەهۆی كاریگەریی پاشەكەوتەوە، لە سەروبەندی بڕیاری پاشەكەوتەوە تا كۆتایی 2018، زیاتر لە 500 مامۆستا وازیان هێناوە و دوركەوتونەتەوە، چونكە سەرقاڵی كاری دیكە بون.

حكومەتی هەرێم، پێشتر چەندینجار جەختیكردۆتەوە لەوەی بڕی پاشەكەوتكراوی موچە قەرزە و دەدرێتەوە، چاوەڕێی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازیش دەكات لەپەرلەمانەوە، بەوپێیەی كاریگەریی دەبێت لەسەر زیادكردنی داهات و كەمبونەوەی خەرجی، بەوەش دەستكراوەدەبن بۆ گۆڕانكارییی و بڕیار لەبارەی موچەوە.

لەگەڵ پاشەكەوتی موچە و بەردەوامی قەیرانی دارایی، ڕێكخراوە مەدەنییەكان و تەنانەت بانكەكانیش لەپێدانی قەرز و مەرجەكانیدا، گۆڕانكارییان كرد.

ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان، پێشتر قەرزی بچوكی هەبوو بۆ پڕۆژە، بەڵام بەهۆی پاشەكەوتەوە، زۆربەی ئەوانەی فەرمانبەربون و قەرزیان وەرگرتووە، نەیانتوانیوە وەكو پێویست مانگانە پارەكە بگەڕێننەوە.

حسام بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوەكەیەو بۆ پەرەگراف وتی"قەیرانی ئابوری كاریگەری لەسەر متمانەی موچەخۆران دروستكرد، هەوڵدەدەین ڕێكخراوەكەمان قەرز نەداتە فەرمانبەران و مامۆستایان، چونكە بەهۆی خراپیی دۆخی موچەخۆران و پاشەكەوتی موچەوە، ناتوانن وەك پێویست پابەندی پێدانەوەی قەرزەكانیان بن".

بەوتەی بەرزنجی، لە ساڵانی ڕابردودا و پێش قەیرانی دارایی، قەرزی شەش ملیۆن دینارییان دەدا، بەڵام ئێستا بۆ دوو ملیۆن دینار كەمبووەتەوە.

جیاواز لە ساڵانی پێشتر، چەند مانگێكە و بە دیاریكراویی لەدوای گۆڕانكاریی لەپاشەكەوتی موچەدا، كەمتر دەنگی ناڕەزایی فەرمانبەران دەبیسترێت، بەڵام ئەو بێدەنگییە پەیوەستە بەهەنگاوی داهاتوی حكومەتەوە.

ئەوەی مامۆستا ڕێبوار محەمەدو موچەخۆرانی تر چاوەڕێی دەكەن، هەڵگرتنی یەكجاریی پاشەكەوتی موچە و دانانی ڕێكاری گەڕاندنەوەی قەرزەكانیانە لەلایەن حكومەتەوە، ئەگەرنا وەكو ڕێبوار وتی؛ دەگەڕێنەوە شەقامەكان بۆ بایكۆت و مانگرتن.