پارەكەی نەخۆشخانەی شار چۆن دزرا؟

12-03-2019 07:40
وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەكەی نەخۆشخانەی شاری تێدا بووە، دوای دزینی پارەكەی ئۆتۆمبێلەكە بە بەتاڵیی جیهێڵدراوە.


پەرەگراف- سەنگەر سالار


مووچەی پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لەلایەن چەند چەكدارێكی دەمامكدارەوە دزرا، پەرەگراف لە زاری شایەتحاڵێكەوە چۆنێتیی ڕفاندنی پارەكە دەگێڕێتەوە.

ڕووداوەكە نزیك كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو جەرگەی شاری سلێمانی ڕوویداوە، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەیەكی نەخۆشخانەی شار كە لە سێ‌ كەس پێكهاتوون، لە بانكی گۆیژەوە مووچەی پزیشك‌و كارمەندانی نەخۆشخانەكەیان وەرگرتووە، دوای هاتنەدەرەوەیان لە بانكەكە، ئۆتۆمبێلەكەیان لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كراوەتە ئامانج‌و ئەو پارەی پێیان بوو، ڕفێندرا.

ئەو ئۆتۆمبێلەی كە پارەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شاری هەڵگرتووە لە بانكی گۆیژە بەرەو شەقامی ئۆرزدی چووەو دواتر لەبەردەم كەباب وەلی بەرەو ئاڕاستەی نەخۆشخانەی شار ڕۆیشتووە، چەند سەد مەترێك لەولای كەبابخانەكە، چەكدارەكان هێرشیان كردووەتەسەری.

شایەتحاڵێك كە دیمەنی هێرشی چەكدارەكانی بۆسەر ئۆتۆمبێلەكەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار بینیوە، بۆ پەرەگراف وتی"ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاتڕۆڵی سپی لە تەنیشت باخچەی هونەرمەند عەبەی مەلا، لە نزیك كەباب وەلی، دەستی شكاندەوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شار."

ئەو شایەتحاڵە كە لە نزیك شوێنی ڕووداوەكە دووكانی هەیەو داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتیشی"پاشان چوار چەكداری دەمامكدار كە جلی سەربازیی ڕەشیان لەبەردا بوو، بە چەكی پێشكەوتووی جۆراوجۆرو دەمانچەوە پەلاماری ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شاریاندا، كە لە جۆری مینی پاس بوو، دوو كارمەند و شۆفێرێكی تێدا بوو."

وەك ئەو شایەتحاڵە باسیدەكات، كارمەندانی نەخۆشخانەكە ئامادە نەبوون لە ئۆتۆمبێلەكە داببەزن، "پاش ئەوەی كارمەندەكان ئامادەنەبوون دابەزن، چەكدارەكان جامی ئۆتۆمبێلەكەیان شكاندو بە زەبری چەك و هەڕەشە كارمەندەكانیان لە ئۆتۆمبێلەكە فڕێدایەخوارەوە و خۆیان سواری سەیارەكە بوون‌و شۆفێرەكەیان ناچار كرد بڕوات. پاشان لەولاتر شۆفێرەكەشیان دابەزاندو خۆیان ئۆتۆمبێلەكەیان برد."

چەكدارە دەمامكدارەكان ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شار بەرەو گردی مامەیارە دەبەن‌و دوای دزینی پارەی ناو ئۆتۆمبێلەكە، لە نزیك گۆڕستانی مەسیحییەكان ئۆتۆمبێلەكە بە بەتاڵیی بەجێدەهێڵن.

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوەی چڕیان دەستپێكردووە، بەڵام ئامادەنین هیچ قسەیەك لەسەر ئەو ڕووداوە بكەن. ڕائید ڕزگار ئەحمەد وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی"لەبەر ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان جارێ قسەی لەسەر ناكەین."

هاوكات پەرەگراف پەیوەندیكرد بە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی، ئەویش ڕەتیكردەوە قسەی لەسەر بكات‌و وتی، تەنها پۆلیس قسەی لەسەر دەكات. چەند جارێك پەیوەندیمان كرد بە سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

ئەو شایەتحاڵەی هێرشی چەكدارەكانی بۆسەر ئەو ئۆتۆمبێلە بینیوە كە پارەكەی نەخۆشخانەی شاری تێدا بووە، دەربارەی ئۆتۆمبێلی چەكدارەكان وتی"ئۆتۆمبێلەكە نیسان پاتڕۆڵ بوو، جامڕەشی ڕەقەم باریكی ڕەش(فحس موقت)ی بەغداد بوو، نزیكەی نیو كاتژمێر پێشتر لە نزیكی ئەو شوێنەدا وەستابوو، دیارە چاوەڕێی ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شاری كردووە تا لە بانكی گۆیژە بێتەدەرەوەو بگاتە لای ئەوان بۆ ئەوەی هەڵبكوتنە سەری."

ڕەفتاری چەكدارە دەمامكدارەكان بەجۆرێك بووە، شایەتحاڵەكە دەڵێت"وامانزانی هێزی ئەمنیین‌و داعشیان دەستگیر كردووە، بۆیە هیچ كاردانەوەیەكمان نەبوو."

دەربارەی جۆری ئەو چەكەی بە چەكدارەكان بووە، شایەتحاڵەكە ئەوەی خستەڕوو، چەكەكان "كڵاشینكۆف نەبوون"، هەرچەندە ناوی چەكەكانی نەدەزانی، بەڵام وتی"چەكی پێشكەوتوویان پێ‌ بوو."

چەكدارەكان دوای بەجێهێشتنی ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەكەی تێدابووە بە بەتاڵیی، خۆیان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون‌و تائێستا دەزگا ئەمنییەكان هیچ زانیارییەكیان لەبارەیانەوە ئاشكرا نەكردووە.

دوابەدوای ڕووداوەكەش لەناو شاری سلێمانی ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەرو لە چەند شوێنێك هێزە ئەمنییەكان خاڵی پشكنینیان داناوە.

مووچەكەی نەخۆشخانەی شار یەكەم مووچەی بێ پاشەكەوت بوو لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی تەندروستیی‌ ڕوونكردنەوەی لەبارەی ڕووداوەكە دا، ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی دڵنیایی دەدات بە پزیشك‌و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار كە مووچەكانیان نافەوتێت.

هەرچەندە بەهۆی نەدانی زانیاریی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار، نازانرێت بە دیارییكراوی بڕی پارەكە چەندە، بەڵام لە ڕاگەیاندنەكان بە "زیاتر لە یەك ملیار دینار" بڵاوبووەتەوە.