
پەرەگراف
ئەو باندە چەكدارەی پارەكەی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی ڕفاند سەرجەمیان دەستگیركرانو پارەكە دۆزرایەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، باندەكە 7 كەسنو زۆربەیان پێشینەی تاوانی دیكەیان هەیەو "كۆنە دزو چەتەو پیاوكوژن."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاسایشو پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا دەستگیركردنی باندەكەو دۆزینەوە پارەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان ئاشكرا كرد.
حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، دوای تاوانەكە كە نیوەڕۆی دوێنێ ئەنجامدرا، لە ماوەیەكی كورتدا سەرەداو لەلایەن ئاژانسی زانیاریی دراوە بە ئاسایشو لەگەڵ پۆلیس ژوری ئۆپەراسیۆن پێكهاتووە بۆ دەستگیركردنی باندەكە.
"تۆمەتبارەكان حەوت كەسنو هەموویان گیراونو دانیان بە تاوانەكەدا ناوەو لە ناو شاری سلێمانیو دەوروبەری دەستگیركراونو نەیانتوانیوە بچنە دەرەوەی شار. پارەكە بە سەلامەتیی دۆزرایەوەو ئەمڕۆ وەكو مووچە دابەشدەكرێت لە نەخۆشخانەی شار"، حەسەن نوری وای وت.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی وتیشی"لەسەدا 80ی ئەو باندە دزو چەتەو كۆنە پیاوكوژو داواكراونو پێشتر بە زیندانیكردنی 5 ساڵو 7 ساڵ سزا دراونو لەناو زیندان یەكرتییان ناسیوە. دواین كەسیان ئەم بەیانییە دەستگیركراوە."
حەسەن نوری زانیاریی زیاتری دەربارەی باندەكە ئاشكرا كردو وتی"سەرۆكی باندەكە ماڵیان نزیكی ئەو بانكەیە كە پارەكەی لێوەرگیراوەو دیارە ئاگاداربووە چۆنو كەی پارە وەردەگیرێت، توانیویەتی ئیستیغلالی كۆنە زیندانییەكی دیكە بكات كە پێشتر لەسەر كوشتن دەستگیركراوە، ئەو زیندانییە بە ناڕاستەوخۆ كەسێكی هەبووە لەو لیژنانە(لیژنەی وەرگرتنی پارەكە)و هەندێك زانیاریی داونەتێو سوودیان لێوەرگرتووە."
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد ڕەنگە فەرمانبەرێكی نەخۆشخانەی شار تێوەگلابێت لەو تاوانە "بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ڕەنگە دەستگیر كرابێت"، وتیشی"باندەكە 10 ڕۆژ پێش ئەوە زۆر بە ڕێكخراویی خۆیان بۆ ئامادەكردووەو حسابی ئەوەیان كردووە كەی ئۆتۆمبێلەكە دەردەچێتو كەی ڕووتی بكەنەوەو كەی پارەكە بخەنە ئۆتۆمبێلێكی دیكەوە. هەروەها بەتایبەت بۆ ئەم تاوانە ئۆتۆمبێلێكیان كڕیوە."
پارەكە خرایە بەردەم ڕۆژنامەنوسان. وێنە؛ ڕووداو.
هەرلە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ڕەتیكردەوە باندەكە سەربە هیچ كەسو لایەنێك بنو ئەوەی خستەڕوو، ئەوانە هاوڵاتینو خۆیان تاوانەكەیان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی داوای لێبوردنی لە خەڵكی سلێمانی كرد بەهۆی ئەوەی دوێنێ لە دوای ڕووداوەكە ژمارەیەكی زۆر بازگەیان لەناو شار داناوە، وتی"زیاتر لە 150 بازگەمان داناو لەماوەی كەمتر لە 15 كاتژمێردا توانرا تاوانەكە ئاشكرا بكرێتو دەستبەسەر پارەكەدا بگیرێتەوەو لەگەڵ 2 ئۆتۆمبێل."
بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكان داوایانكرد فەرمانگەكان بەوجۆرە پارە لە بانك وەرنەگرنو پێشتر دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار بكەن تا هەماهەنگیی هەبێت لە نێوانیانداو ڕێوشوێنی ئەمنیی بۆ گواستنەوەی پارە بگیرێتەبەر.
پارەكە چۆن دزرا؟
پارەكە مووچەی پزیشكو كارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی شار بوو، نیوەڕۆی دوێنێ لەلایەن چەند چەكدارێكی دەمامكدارەوە ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەكەی دەگواستەوە كرایە ئامانجو ڕفێندرا.
ڕووداوەكە نزیك كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو جەرگەی شاری سلێمانی ڕوویداوە، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەیەكی نەخۆشخانەی شار كە لە سێ كەس پێكهاتوون، لە بانكی گۆیژەوە مووچەی پزیشكو كارمەندانی نەخۆشخانەكەیان وەرگرت.
ئەو ئۆتۆمبێلەی كە پارەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شاری هەڵگرتووە لە بانكی گۆیژە بەرەو شەقامی ئۆرزدی چووەو دواتر لەبەردەم كەباب وەلی بەرەو ئاڕاستەی نەخۆشخانەی شار ڕۆیشتووە، چەند سەد مەترێك لەولای كەبابخانەكە، چەكدارەكان هێرشیان كردووەتەسەری.
شایەتحاڵێك كە دیمەنی هێرشی چەكدارەكانی بۆسەر ئۆتۆمبێلەكەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار بینیوە، دوێنێ بۆ پەرەگراف وتی"ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاتڕۆڵی سپی لە تەنیشت باخچەی هونەرمەند عەبەی مەلا، لە نزیك كەباب وەلی، دەستی شكاندەوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شار."
ئەو شایەتحاڵە كە لە نزیك شوێنی ڕووداوەكە دووكانی هەیەو داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتیشی"پاشان چوار چەكداری دەمامكدار كە جلی سەربازیی ڕەشیان لەبەردا بوو، بە چەكی پێشكەوتووی جۆراوجۆرو دەمانچەوە پەلاماری ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شاریاندا، كە لە جۆری مینی پاس بوو، دوو كارمەند و شۆفێرێكی تێدا بوو."
وەك ئەو شایەتحاڵە باسیكرد، كارمەندانی نەخۆشخانەكە ئامادە نەبوون لە ئۆتۆمبێلەكە داببەزن، "پاش ئەوەی كارمەندەكان ئامادەنەبوون دابەزن، چەكدارەكان جامی ئۆتۆمبێلەكەیان شكاندو بە زەبری چەك و هەڕەشە كارمەندەكانیان لە ئۆتۆمبێلەكە فڕێدایەخوارەوە و خۆیان ئۆتۆمبێلەكەیان برد."
چەكدارە دەمامكدارەكان ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شار بەرەو گردی مامەیارە دەبەنو دوای دزینی پارەی ناو ئۆتۆمبێلەكە، لە نزیك گۆڕستانی مەسیحییەكان ئۆتۆمبێلەكە بە بەتاڵیی بەجێدەهێڵن.
ئەو شایەتحاڵەی هێرشی چەكدارەكانی بۆسەر ئەو ئۆتۆمبێلە بینیوە كە پارەكەی نەخۆشخانەی شاری تێدا بووە، دەربارەی ئۆتۆمبێلی چەكدارەكان وتی"ئۆتۆمبێلەكە نیسان پاتڕۆڵ بوو، جامڕەشی ڕەقەم باریكی ڕەش(فحس موقت)ی بەغداد بوو، نزیكەی نیو كاتژمێر پێشتر لە نزیكی ئەو شوێنەدا وەستابوو، دیارە چاوەڕێی ئۆتۆمبێلەكەی نەخۆشخانەی شاری كردووە تا لە بانكی گۆیژە بێتەدەرەوەو بگاتە لای ئەوان بۆ ئەوەی هەڵبكوتنە سەری."
ڕەفتاری چەكدارە دەمامكدارەكان بەجۆرێك بووە، شایەتحاڵەكە دەڵێت"وامانزانی هێزی ئەمنیینو داعشیان دەستگیر كردووە، بۆیە هیچ كاردانەوەیەكمان نەبوو."
دەربارەی جۆری ئەو چەكەی بە چەكدارەكان بووە، شایەتحاڵەكە ئەوەی خستەڕوو، چەكەكان "كڵاشینكۆف نەبوون"، هەرچەندە ناوی چەكەكانی نەدەزانی، بەڵام وتی"چەكی پێشكەوتوویان پێ بوو."
چەكدارەكان دوای بەجێهێشتنی ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەكەی تێدابووە بە بەتاڵیی، خۆیان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون، ئەمڕۆژ دەستگیركردنی سەرجەمیان ڕاگەیەندرا.