وەزارەتی ناوخۆ بۆ پەرەگراف: بە هێزی ئەمنیی‌و سەربازیی پاڵاوگە نایاساییەكان دادەخەین

26-03-2019 07:28
پاشەڕۆی پاڵاوگەیەكی نایاسایی لە نزیك شاری هەولێر/مانگی 10ی 2014. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- سەنگەر سالار


خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكان بڕیاری حكومەت جێبەجێ ناكەن‌و پاڵاوگەكانیان داناخەن، لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆ هێزی ئەمنیی‌و سەربازیی بۆ داخستنیان بەكاردەهێنێت.

ئەوە لەكاتێكدایە خاك و ئاووهەوای هەرێمی كوردستان، لەبەردەم مەترسی مانەوەی پیسیی و ژەهری ئەو پاڵاوگە نایاساییە نەوتییانەدایە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو، بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، ئەوەش باجەكەی لەسەر تەندروستی خەڵك دەكەوێت.

 

سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پەرەگراف دەڵێت"هێزی ئەمنیی‌و سەربازیی بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەكاردەهێنین، چونكە ئەوانەی كە ئامادەنین پاڵاوگەكان لاببەن، ئێمە بەهێز پێیان لادەبەین."

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، هێزێكیان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان پێكهێناوەو بەم نزیكانە دەست دەكەن بە داخستن‌و لابردنیان.

"ئێمە تائێستا هیچ پاڵاوگەیەكی نایاساییمان دانەخستووە هێشتا. ئەوانەی كە خۆیان پاڵاوگەكانیان داخستووە، پێویستە پاشماوەو پێداویستییەكانیشیان لاببەن"، سامی جەلال وای وت.

لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی، ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتی هەن، بەشێكیان بە پاڵاوگە بچوكەكان و بەشێكیان بە پاڵاوگە نایاساییەكان ناودەبرێن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری پەرەگراف، كاركردنی ئەو پاڵاوگانەو پاشماوەی كارەكانیان، كاریگەریی ڕو‌ون‌و دیاری هەیە لەسەر ئاووهەواو خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەت‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە شاراوە نییەو چەندینجار باسكراوە.

پاشەڕۆی پاڵاوگە نایاساییەكان مەترسین بۆسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ. وێنە؛ پەرەگراف.

لەژێر چاودێری داواكاری گشتی‌و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەت بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بە ئەندامێتیی قائیمقامەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ئیدارەی گەرمیان، لە نێویاندا نوێنەری دەستەی ژینگە.

هەرچەندە لیژنەكە ماوەی دوو مانگ مۆڵەتی بۆ ئەو پاڵاوگانە داناو مۆڵەتەكە كۆتایی هات، بەڵام هێشتا دانەخراون‌و لیژنەكەش خۆی دوو مانگە كۆبوونەوەی نەكردووە.

عەبدولڕەزاق عەزیز، نوێنەری دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەو لیژنەیە بۆ پەرەگراف وتی"نزیكەی دوو مانگ دەبێت لیژنەكەمان كۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە، چاوەڕێین كۆببینەوەو ڕێوشوێن بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بگرینەبەر"، وتیشی"بەهۆی هەندێك ڕێوشوێنەوە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لەكاتی خۆی دواكەوت."

ناوبراو كە بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری هونەرییە لە دەستەی ژینگە ئەوەشی خستەڕوو، بەشێك لە خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكان "ئامادەنین خۆیان پاڵاوگەكان دابخەن، بۆیە دەبێت بە هێز دابخرێن"، وتیشی"ئەو پاڵاوگانەی كە ماون لیژنەكان بە پاڵپشتیی ئەو هێزەی كە پێكهێنراوە، دەچنە سەریان و دایان دەخەن."

پاشەڕۆی پاڵاوگە نایاساییەكان مەترسین بۆسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ. وێنە؛ پەرەگراف.

شەڕی یاسایی و بڕیاری نێوان حكومەت و پاڵاوگەكان نوێ نیە، لە 2010وە چەندینجار دوبارە بووەتەوە، هەرجارەو زنجیرەیەك ڕێوشوێن دەركراوە، بەڵام پاڵاوگەكان لەكاردان و دەرەنجامی هەوڵەكانیش زۆرینەیان ئاشكرانین.

"ئەم پاڵاوگانە مۆڵەتی یاسایی هیچ دامودەزگایەكی حكومەتیان نییە، خۆیان لێرە و لەوێ‌ لە كاتی جیاوازدا بە پاڵپشتیی بەرپرسان و كەسانی دەستڕۆیشتوو دامەزراون" ئەمە وتەی شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی سەرچاوە سروشتییەكانە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف.

لە تەمموزی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی هەرێم جارێكیتر دانی بەوەدانا پاڵاوگە نایاساییەكان زیانیان بە ژینگەو تەندروستی مرۆڤ گەیاندووە‌و بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار."

سەرۆكی پێشوی لیژنەی سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمان وتیشی"بەپێی ئەو داتایەی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانمان وەرگرت ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەكان لە سەرانسەری هەرێم 214 پاڵاوگە بوون."

هەوڵەكانی ئێستای حكومەتی هەرێم بۆ داخستنی پاڵاوگەكان لەكاتێكدایە، لە 2015دا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە بڕیارێكدا پاڵاوگەكانی كرد بە دوو بەش، لیستێكی پێكهاتوو لە 164 پاڵاوگە لەوانەی مەرجەكانیان تێدانیەو دەبێت دابخرێن، لەگەڵ ئەوانەی پێویستە مەرجەكانی ئەوان‌و وەزارەتی پیشەسازی‌و ژینگە جێبەجێ بكەن، كە 28 پاڵاوگە بون.

ئەو بڕیارەی چوار ساڵ لەمەوبەر هێشتا جێبەجێنەكراوە، پێشتریش لەكابینەكەی بەرهەم ساڵح، لە 2010دا زنجیرەیەك بڕیار دەربارەی پاڵاوگە بچوكەكان دەركران، بەڵام ئەوانیش ئەنجامەكانیان دیارنەبوو.