ڕوسیا لە قوماری نەوتی هەرێمی كوردستاندا چی دەستكەوت؟

17-04-2019 06:51
دیدارێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی ڕوسیا.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

دوو ساڵ دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005، كە لە دەستوورە نوێیەكەدا بەفەرمی داننرا بە بوونی هەرێمی كوردستان لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا، ڕوسیا پەیوەندییە فەرمییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دامەزراند ئەویش لەڕێگەی كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر.

تا ئەو كاتە لە هەرێمی كوردستاندا هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەریتانیا، ئێران و توركیا لە ڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە لە هەرێمی كوردستان باڵادەستبوون. ئەو هەرێمەی بە سامانێكی سرووشتی زۆر دەوڵەمەندە، بەشێوەیەك یەدەگی نەوتەكەی دەگاتە 45 ملیار بەرمیل (دەیەم گەورەترین یەدەگی نەوت لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان)، هەروەها یەدەگی گازی سروشتییەكەی لە نێوان 2.8 تا 5.7 ترلیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت.

هەرچەندە ڕوسیا لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەركردایەتی كورددا هەبووە، بەتایبەت مەلا مستەفای بارزانی كە 12 ساڵ ژیانی مەنفای لە مۆسكۆ بەسەربردووە، بەڵام لەو كاتەدا بۆشاییەكی كەم هەبوو تا ڕوسیا بتوانێت ڕۆڵێكی گەورە لە هەرێمی كوردستاندا بگێڕێت. 

كاتێك لە سەرەتاكانی ساڵی 2010 كۆمپانیاكانی بواری وزەی ڕوسیا شاندیان بۆ هەرێمی كوردستان نارد تا دەستپێشخەری كاركردن بكەن، هاوبەشە ڕۆژئاواییەكانی حكومەتی هەرێمی تووشی دوودڵی كرد. بەوتەی دیبلۆماتكارێكی پێشووی ڕوسیا، بەتایبەتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە دوودڵ و نیگەران بووە.

بەرپرسانی بەریتانیا نیگەرانییەكانی خۆیان لەوەدا دەرخستووە كە هاتنەناوەوەی كۆمپانیا ڕووسییەكان بۆ سێكتەری وزەی هەرێمی كوردستان دەكرێت ببێتە مایەی دروستبوونی كێشە، ئەویش بە پێدانی پشتیوانی سیاسیی بۆ هەرێمی كوردستان تا دژی ئەو ڕێككەوتنە هاوبەشەی بەریتانیا، ئەمەریكا، توركیا و ئێران بووەستێتەوە كە مانەوەی هەرێمی كوردستانە وەك بەشێك لە دەوڵەتی عێراق.

لە ساڵی 2012 كۆمپانیای گازپرۆمی سەر بە دەوڵەتی ڕوسیا گرێبەستێكی واژۆكرد بۆ بەدواداگەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو بلۆكی هەرێمی كوردستان. ساڵێك دواتر مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی چوار ڕۆژە گەیشتە ڕوسیا و لەگەڵ هەریەك لە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ئەو وڵاتە و ئەلێكسی میللەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گازپرۆم كۆبووەوە.

چوار ساڵ دواتر، زنجیرەیەك گرێبەستی یەك لەدوای یەك لەلایەن كۆمپانیایەكی دیكەی وزەی سەر بە دەوڵەتی ڕوسیا، ڕوسنەفت، هەرێمی كوردستانی لە داڕمانێكی ئابووری ڕزگاركرد و یارمەتی دا تا بتوانێت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017 ئەنجام بدات، كە ئەوەش دژی ئارەزووی هاوپەیمانەكانی كوردستان بوو لەنێویاندا ئەمەریكا و بەریتانیا.

ئەوە یەكەمجار نەبوو ڕوسنەفت، كە بەڕێوەبەری جێبەجێكارەكەی ئیگۆر سێچینەو بەیەكێك لە كەسە نزیكەكانی پوتین دادەنرێت، بەهۆكاری سیاسیی حكومەتێكی بیانیی لە داڕمانی ئابووری ڕزگاربكات. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەچڕی وەبەرهێنانی لە وڵاتی فەنزوێلادا كرد سەرەڕای لەدەستدانی چەندین ملیۆن دۆلار، ئەویش تەنها لە پێناو بەپێوەهێشتنەوەی حكومەتی ئەو وڵاتە. وەبەرهێنانەكانی ڕوسنەفت ڕۆڵێكی باڵایان هەبوو لە هێشتنەوەی حكومەتەكەی نیكۆلاس مادورۆ و وەفاداریی ڕوسیا بۆ "دوژمنەكەی ئەمەریكا."

ساڵانێكی زۆرە كریملن تۆمەتباردەكرێت بە بەكارهێنانی كۆمپانیا دەوڵەتییەكانی وەك ئامرازێكی سیاسیی. بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا دەستكەوتە دیبلۆماسییەكانی ڕوسیا زۆر سنووردارتربوون بەهۆی ئەو نا دڵنیاییە سیاسییە لەم ناوچەیە هەیە.

لە ساڵی 2016 هەرێمی كوردستان دەیناڵاند بەدەست چەند قەیرانێكی قووڵی سیاسیی و ئابوورییەوە. لەلایەكەوە شەڕی چەكدارانی داعشی دەكرد كە بوبووە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی ئاسایش، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی ناوەندی لە بەغدا بەشە بودجەكەی بڕیبوو، دابەزینی نرخی نەوتیش گورزێكی قورسی لێ وەشاندبوو. ئەوەش بوبووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی شەقام و توڕەبوونی هاوڵاتیان.

لەو كاتەدا هەرێم 20 بۆ 25 ملیار دۆلار قەرزاربوو، دەسەڵاتدارانیش بۆ ڕێگاچارەیەك دەگەڕان تا ڕزگاریان بێت لە مایەپووچبوون. لە ئاداری 2016 حكومەتی هەرێم داوای پێنج ملیار دۆلاری قەرزی لە توركیا كرد لە بەرامبەر پێدانی نەوت، هەمان ئۆفەری پێشكەش بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكانیش كرد، بەڵام هەردوولا دوودڵ بوون لە قبووڵكردنی ئۆفەرەكە.

لە مانگی حوزەیراندا، نێچیرڤان بارزانی بەرەو ڕوسیا بەڕێكەوت بۆ بەشدارییكردن لە كۆڕبەندی ئابووری سان پێترێسبۆرگ، لەوێش چاوی بە سێگری لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا كەوت و گفتوگۆیان كرد لەبارەی "پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە سێكتەری نەوت و گازدا."

دوای حەوت مانگ و لە 21ی شوباتدا، ڕوسنەفتیش هاتەپاڵ گازپرۆم و بووە یەكێك لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكان لە هەرێمدا ئەویش بە واژۆكردنی گرێبەستێك بە بەهای 2.1 ملیار دۆلار كە پارەكە پێشەكی درایە حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر فرۆشتنی نەوتی ساڵانی 2017-2019، بەوەش ڕوسنەفت بووە یەكەمین كۆمپانیای نەوت كە پارەی پێشەكیی بداتە حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر نەوتدا. ئەو پارەیەش زۆر گرنگ بوو بۆ حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا.

بەبڕوای بیلال وەهاب، توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆن، ئەو گرێبەستەی ڕوسنەفت یارمەتیی حكومەتی هەرێمی دا لە دەربازبوون لە كارەساتێكی دارایی و ئیحراجبوونێكی نێودەوڵەتی ئەوەش بە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ دانەگاز و بریتیش پیتریلیۆم پێش دانیشتنێكی دیكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی كە لە هاوینی ئەو ساڵەدا بەڕێوەدەچوو. بەپێی ڕێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێم بڕی یەك ملیار دۆلاری دا بە كۆمپانیا ئیماراتییەكان و شێوازی دانەوەی 1.24 ملیار دۆلاری دیكەشی ڕێكخستەوە. ڕێككەوتنەكە هەندێك لە شەرعیەتیشی بەخشی بە هەناردەی نەوتی هەرێم، كە بەغدا ساڵانێكی زۆرە بە نایاسایی وەسفی دەكات، ئەمەش بە وتەی توێژەرەكەی پەیمانگای واشنتۆن.

لە ڕۆژی 2ی حوزەیراندا، جارێكی دیكە نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە لوتەی سان پێترسبۆرگ كرد و ئەمجارەیان ژمارەیەك ڕێككەوتننامەی لەگەڵ ڕوسنەفتدا واژۆكرد، ئەوەش ڕێگای خۆشكرد بۆ ژمارەیەك ڕێككەوتننامەی دیكە، لە نێویاندا پڕۆژەیەك بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆسەی پشكنین لە پێنج بلۆكی نەوتدا.

لە 18ی ئەیلولی 2017، تەنها هەفتەیەك بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیا ڕوسییەكەدا واژۆكردووە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی بۆریی گاز و پلانی هەیە یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بكات.

بەپێی پلانەكە، بۆرییەكە لە توانایدا دەبێت ساڵانە 30 ملیار مەتر سێجا گاز ڕەوانەی تۆڕی گازی توركیا بكات و لەوێشەوە گازی هەرێمی كوردستان بگاتە ئەوروپا.

دواتر و لە مانگی ئۆكتۆبەردا، تەنها سێ ڕۆژ دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری كەركوك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە لەسەدا 60ی پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی فرۆشتووە كە كار لە بۆرییە نەوتییەكانی هەرێم دەكات، ئەوەش وەك بەشێك لەو پڕۆژەیەی بەهاكەی ملیارێك دۆلار بوو.

كاركردن لە بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان، مانگی 5ی 2013. وێنە؛ پەرەگراف.

بەوتەی دیبلۆماتكارێكی پێشووی ڕوسیا، هەموو ئەو گرێبەستانە بەشێك بوون لە پاڵپشتییەكی سیاسیی ڕانەگەیەندراو لەلایەن مۆسكۆوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەرچەندە ڕوسیا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بە "بێلایەن" ناوبرد، بەڵام بەوتەی ئەو دیبلۆماتكارە، كریملن بەشێوەیەكی نافەرمی پەیامی پاڵپشتی بە مەسعود بارزانی گەیاندبوو. ئەوەش متمانەی بەخشییە سەركردایەتی كورد كە سەرەڕای هۆشداریدانە جددییەكان، لە 25ی ئەیلولدا ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن.

بەوتەی بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو دۆخە سیاسیی و ئابوورییە سەختەی ئەو ساڵانەدا، "ئەوەی ئێمەی پاراست ڕوسیا بوو." لە دوای ڕیفراندۆم و ئەو گۆشەگیرییە سیاسییەی هەرێمی كوردستانی تێكەوت، پاڵپشتی ڕووسیا یارمەتی هەرێمی دا تا بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵبێت و جارێكی دیكە ئابووریە داڕماوەكەی بونیادبنێتەوە.

لە كاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ ڕوسەكاندا دوورییەوە، هێشتا ڕوسنەفت بەتەواوی سوودمەندنەبووە لەو وەبەرهێنانە پڕ سەركێشییەی لە هەرێم ئەنجامی دا. ئەو گرێبەستانە و گرێبەستەكانی دیكەش كە لە ناوچە جیاوازەكانی دیكەی جیهانەوە ئەنجامی دا، كەرتی وزەی ڕوسیای كرد بە ژێر قەرزێكی گەورەوە، بەتەنها لە ساڵی 2017 پێویستی بە قەرزكردنی 17 ملیار دۆلار هەبوو، لە ساڵی داهاتووشدا ئەو ژمارەیە بەرزبووەوە بۆ 18 ملیار، ئەوەش بووە هۆی دروستكردنی دوودڵی لای وەبەرهێنەرەكان.

ئەوەی دەردەكەوێت سەرەكیترین دەستكەوتی ڕوسنەفت لەوەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان زامنكردنی بۆریی گازە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە ئەیلولی 2017 ئەنجامی دا.

بەوتەی بەرپرسێك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوسنەفت "چاوی لە گازی هەرێمی كوردستانە نەك نەوت." ئەو بەرپرسە دەڵێت"ڕوسیا تەنها ویستی مافی پەرەپێدانی بۆریی گاز بۆ ئەوروپا بەدەستبهێنێت. نابۆكۆ شكستی هێنا، بۆیە ڕوسیا هات، دەبێت لۆمەی ئەوروپییەكان بكرێت."

لە ئێستادا گازپرۆم دەستیگرتووە بەسەر هەناردەی گازی ڕوسیا بۆ ئەوروپا، بەوتەی ساڵح یەڵماز، شیكەرەوەی دەزگای بلوومبێرگ، بە ئەنجامدانی گرێبەستی گاز لەگەڵ هەرێمی كوردستان، "ئامانجی ڕوسنەفت تەنها بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەی گاز لەژێر كۆنتڕۆڵی ڕووسیادا نییە، بەڵكو بۆ ئاڵنگارییكردنی گازپرۆمیشە."

وەبەرهێنانی ڕوسنەفت لە هەرێمی كوردستان كارێكی سەركێشانەیەو هاوشێوەی قومارێكە، هاوشێوەی فەنزوێلا، ئەگەر پارەكەی بدرێتەوە یاخود نا، دەكەوێتەوە سەر ئەو دۆخە جیۆپۆلۆتیكەی لەناوچەكەدا ڕوودەدات. لە هەردوو شوێنەكە، كوردستان و فەنزوێلا، پێدەچێتە ئەمەریكا یاریكەری سەرەكیی بێت، هەنگاوەكانی واشنتۆنیش چارەنووسی ڕێككەوتنەكانی ڕوسنەفت دیارییدەكات.