ڕێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر

فۆڕمەكەی دەستەی دەستپاكی سامانی ڕاستەقینەی بەرپرسان ئاشكرا ناكات
02-09-2019 05:26


پەرەگراف- سەنگەر سالار

ئەو فۆڕمەی بۆ بەرپرسان دەنێردرێت تا بە دەستی خۆیان ئەو موڵك‌و ماڵ‌و سامانە بنوسن كە هەیانە، هەقیقەتی سامانەكەیان ئاشكرا ناكات، بەوپێیەی مەرج نییە ئەوەی هەیانە بەناوی خۆیانەوە بێت. ئەمەش ئەو ڕێكارەی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوەو دەستەی دەستپاكیی هەرێم لە هەوڵدایە بە دۆزینەوەی ڕێوشوێنی دیكە سامانی شاراوەی بەرپرسان ئاشكرا بكات.

سەرباری ڕەخنەگرتن لەو ڕێكارە لە پێناو باشتركردنی‌و خستنە ڕووی پێشنیاری نوێ، بەو دۆخەشەوە هێشتا چەندین بەرپرس و دەزگا هەن ئەو فۆڕمەیان بۆ نەچووە و ئامادە نین تەنانەت پڕیشی بكەنەوە، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان وادەڵێت.

لە سەرەتای هەر كابینەیەكی حكوومی و خولێكی پەرلەمانی كوردستان، پرسی ئاشكراكردنی سامانی بەرپرسان لە ڕێگەی فۆڕمێكی دەستەی دەستپاكییەوە دێتە پێش، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوە: ئایا ئەم فۆڕمە سامانی ڕاستەقینەی بەرپرسان ئاشكرا دەكات؟

دەستەی دەستپاكی هەرێم كە لایەنی سەرەكییە لەم پڕۆسەیەدا، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەر وەزیرو پەرلەمانتارێك فۆڕمەكەی بۆ دەنێرێت‌و دوای چوار ساڵی دیكەش جارێكی دیكە بۆی دەنێرێتەوەو پاشان بەراوردیان دەكات‌و بەدواداچوون بۆ ئەو موڵك‌و ماڵە دەكات كە بەرپرسەكە وەك هی خۆی تۆماری كردووە، بەڵام هەرشتێكی دیكەی هەبێت‌و بەناوی خۆیەوە نەبێت، لەم پڕۆسەیەدا ئاشكرا نابێت، بۆ بەرپرسانی دیكەش پڕۆسەكە سێ ساڵ جارێكەو فۆڕمەكان پڕدەكەنەوە.

فۆڕمەكە بە بەرپرسانی باڵا پڕدەكرێتەوە، لە سەرۆكی هەرێمەوە تا بەڕێوەبەرە گشتییەكان، یان ئەو كەسانەی لە شوێنە هەستیارەكاندا كار دەكەن و لەبەردەم ئەگەری كۆكردنەوەی سامان بە شێوەی نایاساییدان.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێم، سەبارەت بە فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان، بۆ پەرەگراف دەڵێت "فۆڕمەكە ئەو موڵك و سامانەی تێدا تۆمار دەكرێت كە بە ناوی بەرپرسەكەوەیە. ئێمە تەنیا بەدواداچوون بۆ ئەو موڵكانە دەكەین كە خۆی دەڵێت هی منە".

ئەحمەد ئەنوەر ئاماژە بەوە دەكات، پڕكردنەوەی ئەم فۆڕمە "لیكۆڵینەوە نییە لە گەندەڵی، بەڵكو تەنیا ئاشكراكردنی سامانە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە".

دەربارەی ئەو موڵك و سامانەی كە دەگوترێت هی بەرپرسانە و بە ناوی خۆیانەوە نییە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دان بەوەدا دەنێت كە "زەحمەتە بەم سیستمەی ئێستا ئەو سامان و موڵكانە ئاشكرا بكرێت كە هی بەرپرسێك بێت و بە ناوی خۆیەوە نەبێت".

"ئەم شێوازەی ئێمە، لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ‌ و ناوچەكە كاری پێ‌ دەكرێت. كێشەكە لە خراپیی ڕێنماییەكەدا نییە، كێشەكە ئەوەیە لێرە سیستمی بانكی نییە، پارەی لە سەدا 70ی خەڵك هەر لە ماڵاندایە. ئەگەر ئەو سیستمە هەبێت تۆ هەر شتێك بكڕیت دیار دەبێت كە كەی و بە چەند كڕیوتە"، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی وای وت.

دەستەی دەستپاكی سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دەستەكەو هەوڵدەدەن ڕێوشوێنی دیكە بدۆزنەوە بۆ ئاشكراكردنی سامانی شاراوەی بەرپرسان.

سەرۆكی دەستەكە ئاشكراكردنی سامانی ڕاستەقینەی بەرپرسان بەوە دەبەستێتەوە كە "وڵات باشتر كارەكانی خۆی ڕێكبخاتەوەو شەفافتر بێت و سیستمی ئەلیكترۆنی بەگەڕ بخرێت".

دەربارەی پابەندیی بەرپرسان بە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئاشكراكردنی سامان، دەڵێت "هەموو بەرپرسانی پێشوو فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، بەڵام هەندێكیان هێشتا فۆڕمی دووەمیان(فۆڕمی كۆتای) نەگەڕاندووەتەوە، چونكە مامەڵەی خانەنشینییان تەواو نەبووە".

پەرلەمانتاران سەرباری خستنە ڕووی ڕێكاری دیكە بۆ ئاشكراكردنی سامانی ڕاستەقینەی بەرپرسان، هاوڕان لەوەدا كە ئەم شێوازەی ئێستاو فۆڕمەكەی دەستەی دەستپاكیی كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە لە ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.

شیرین ئەمین، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی و كاروباری پەرلەمان و سكاڵا لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرەگراف پشتڕاستی بۆچوونەكەی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەكاتەوە كە "لە زۆرینەی وڵاتان پشت بە پڕكردنەوەی ئەم فۆرمە دەبەسترێت بۆ ئاشكراكردنی سامانی بەرپرسان".

بەڵام شیرین ئەمین دەڵێت "بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتەكانی دەستەی دەستپاكی لە ساڵی 2018 و شەش مانگی سەرەتای 2019، شتێكی وامان بەدی نەكرد كە ئەم فۆڕمە بووبێتە هۆی ئاشكراكردنی گەندەڵییەكی بەرپرسان. ئێمە زانیاریمان هەیە كەسایەتی و دەزگا هەن چوار تا پێنج ساڵە فۆڕمی پڕكردنەوەی بەرژەوەندییە داراییەكانیان بۆ نەڕۆیشتووە. هەروەها هەندێك لە بەرپرسان ئامادە نین تەنانەت ئەم فۆڕمە پڕ بكەنەوە".

 

شیرین ئەمین تیشك دەخاتەسەر ئەو ڕێگەیەی كە بەرپرسان بۆ شاردنەوەی "سامانی بە گەندەڵی بەدەستهاتوو" بەكار دەهێنن و دەڵێت "ئەو بەرپرسانەی لە حوكمڕانیدان، ژمارەی حیسابیی بانكی و موڵكەكانیان دەكەن بە ناوی كەسانی نزیكی خۆیانەوە".

ئەو پێی وایە بۆ ئاشكراكردنی سامانی شاراوەی بەرپرسان "دەكرێت لێكۆڵینەوە لەو كەسە نزیكانەی بەرپرسان بكرێت كە بە شێوەیەكی نائاسایی سامانەكانیان زیاد دەكات و گومان دەكرێت هی ئەو بەرپرسە بێت"، بەڵام تا ئێستا ڕێكاری لەو شێوەیە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی بەرپرسان نەگیراوەتە بەر.

بە بۆچوونی شیرین ئەمین، ڕێگەیەكی دیكە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان ئەوەیە كە "هەر بەرپرسێك كە دەستبەكار دەبێت، فۆڕمی ساڵی یەكەم پڕ دەكاتەوە، دواتریش فۆڕمی كۆتایی پڕ دەكاتەوە، دەكرێت لە نێوان ئەم دوو فۆڕمەدا بەراوردێكی جیددی بكرێت بۆ ئەوەی بوونی گەندەڵی و هەر زیادكردنێكی خێرای سامان لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت".

هاوكات سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پڕكردنەوەی فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان و سامانی بەرپرسان، بە "شتێكی ڕۆتینی" ناو دەبات و دەڵێت "لەوەتەی دەستەی دەستپاكی ئەو فۆڕمە بە بەرپرسان پڕدەكاتەوە، سامانی ڕاستەقینەی هیچ كەسێكی ئاشكرا نەكردووە".

سۆران عومەر دەڵێت "هەندێك لەو بەرپرسانەی گەورەترین گەندەڵییان كردووە، ئەگەر ئەو فۆڕمە پڕ بكەنەوە، بەزەیت پێیاندا دێتەوە، چونكە هیچیان بە ناوەوە نییە".

لە ماوەی ڕابردوودا مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، فەرمانی كرد بە وەزیرەكان و خاوەن وەزیفە باڵاكانی كابینەكەی كە فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان پڕ بكەنەوە.

ماددەی 27ی یاسای دەستەی گشتیی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، بەرپرسان و لایەنانی پەیوەندیداری پابەند كردووە كە "حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ‌ بكەن".

دەربارەی هۆكاری ئەو فەرمانە، سۆران عومەر بۆ پەرەگراف وتی "ویستویانە بیكەن بە دەستكەوتێك بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لە كاتێكدا ئەوە فەرمانی سەرۆكی وەزیرانی ناوێت، چونكە یاسای دەستەی دەستپاكی پابەندی كردوون كە دەبێت ئەو فۆڕمە پڕ بكەنەوە".