لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی؛ 25 هەزار فەرمانبەر لە چاوەڕوانیدان

01-12-2019 07:12
خۆپیشاندانێكی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ داوای بە هەمیشەیی كردنیان. وێنە؛ ڕۆژنیوز


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

فەرمانبەرانی گرێبەست، ساڵانێكە بە موچەی كەم و ئومێدی دامەزراندنی هەمیشەیییەوە كات بەڕێدەكەن، لە ئێستاشدا بەدیهێنانی ئەو خەونەیان كەوتۆتە سەر ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.

زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری حكومی لە هەرێم، بە شێوەی گرێبەستی كاتیی دەوام دەكەن و تێیاندایە چەندین ساڵە لە دڵەڕاوكێی دامەزراندنیدا ماوەتەوە بە هەمیشەیی، بۆیە زیاد لە جارێك بۆ ئەو داواكارییە گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامداوە.

دۆسیەی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، بووەتە جێی مشتومڕی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن؛ لە ئێستادا پەرلەمانی كوردستانیش، هاوشێوەی فەرمانبەران چاوەڕێی ڕەزامەندی حكومەتە، تا بە بڕیارێك دامەزراندنەكەیان بۆ پەسەند بكات.

"زۆربەمان زیاتر لە سێ ساڵ خزمەتمان هەیە و لە قەیرانی داراییشدا بەشخوراوترین چینی فەرمانبەران بووین، چونكە موچەمان بۆ نیوە كەمكرایەوە، بەڵام هەر بەردەوام بووین لە دەوام" ستار سەعید وای وت.

ئەو كە ساڵانێكە فەرمانبەری گرێبەستەو نوێنەرایەتییان دەكات بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان، بۆ پەرگراف باسی لەوەكرد ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 25 هەزار كەس، تەنیا داواكارییان ئەوەیە بكرێن بە هەمیشەیی.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە نێو فەرمانبەرانی گرێبەستدا هەیە زیاتر لە 10 ساڵە خزمەت دەكات و نەكراوە بە هەمیشەیی، بەوهۆیەوە بێبەشە لە مافەكانی دەرماڵەی خێزان، منداڵ، جوگرافی و خانەنشینی.

"لە كەلار، سەیدسادق و ڕانیە خۆپیشاندانمان كردووە، یاداشتمان داوەتە حكومەت و فراكسیۆنە جیاوازەكان و ئەنجومەنی پارێزگا، بە زارەكی پەرلەمانتارەكان بەڵێنی پشتیوانییان پێداوین، ئەگەر ئەنجامیشی نەبێت هەڵویستی ترمان دەبێت" ستار وادەڵێت.

هەڵكشانی ناڕەزایی فەرمانبەرانی گرێبەست دوای ئەوەهات، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە 6ی تشرینی دوەمی ئەمساڵدا، بڕیاریدا بە دامەزراندنی تەواوی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی پەروەردە.

دوای ئەو بڕیارە، پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژە بڕیارێكی بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستیش گەڵاڵە كرد، لە ئێستادا تەنیا خوێندنی یەكەمی بۆ كراوە و دیارنیە كەی پەسەند دەكرێت.

جەلال محەمەد ئەمین، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "پێش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارەكە، حكومەت لە ڕووی داراییەوە ڕەزامەندیی داوە بۆ ئەوەی بكرێن بە هەمیشەیی، دواتر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە پێشنیارەكە كرا و جارێكیتر ئاڕاستەی حكومەت كرایەوە".

پەرلەمانی كوردستان، 17ی ئەم مانگە لە نوسراوێكدا بۆ حكومەت، داوای دیراسەتكردنی پێشنیاری بڕیاری بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی كردووە.

"دوو هەفتە مۆڵەتی حكومەت بوو، دەبێـت وەڵام بدەنەوە و بەشێوەیەكی گشتیش هەموو فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەوەدان ئەو فەرمانبەرانە بكرێن بە هەمیشەیی".

جەلال محەمەد وتیشی "حكومەت بڕیارە كاری لەسەر بكات، بە چەند قۆناغێك بەشێكی زۆریان بكرێن بە هەمیشەیی، لەوانە تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتربێت و سێ ساڵ خزمەتی هەبێـت و شوێنەكەی پێویست بێت".

بەپێی پڕۆژە بڕیارەكەی حكومەت، هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست سێ ساڵ بەسەر گرێبەستەكەیدا تێپەڕبووبێت دەكرێت بە هەمیشەیی، ئەوانەیشی تەمەنی دامەزراندنی هەمیشەییان تێپەڕیوە و خزمەتی 15 ساڵیان هەیە، ئەوا لە خانەنشینیدا مامەڵەی فەرمانبەری هەمیشەییان لەگەڵدا دەكرێت.

ئەحمەد عەبدولرەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی "لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی پڕۆسەی ئامارین، لەڕێی فۆڕمێكەوە تاوەكو داتا و زانیاری ورد لەسەر ژمارەی فەرمانبەر و ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و ئەو دەرماڵانەی دەیانگرێتەوە و لە چ بوارێكدا كاریان كردووە بزانرێت".

هێشتا هەموو وەزارەت و دەستەكان ئەو فۆڕمەیان بۆ وەزارەتی دارایی نەگەڕاندووەتەوە.

بەوتەی ئەحمەد ئەو زانیارییانەی كۆدەكرێنەوە؛ دەنێردرێن بۆ ئەنجومەنی وەزیران، دواتر بڕیاری بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەران لە دەستی ئەواندایە و پەیوەندی بە وەزارەتەوە نییە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، 13ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ، لە كۆبونەوەیەكدا بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی كارمەندانی گرێبەست، بەبێ دیاریكردنی وادەی كۆتایی كاری ئەو لیژنەیە و وەڵامدانەوەی داواكاریی پەرلەمان بۆ تاوتوێی پڕۆژە بڕیاری بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

پەرەگراف پەیوەندیكرد بە جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە، دواتر لە ڕێگەی كورتە نامەی مۆبایلەوە لەسەر بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تەنیا وتی "دیراسەت دەكرێت".

لە هەرێمی كوردستان، كە لە 2014وە بە قەیرانی سەختی داراییدا تێپەڕی و هێشتا بە تەواوی كۆتایی نەهاتووە، چەندین ساڵە دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا ڕاوەستاوە و دیارنییە كەی دەرگای دامەزراندن بەڕووی هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكاندا دەكرێتەوە.