داهات؛ باسێكی گەرم بەبێ زانیاری

پەرلەمانتارانی كوردستانیش وەك خەڵك زانیارییان لەسەری نییە
28-12-2019 09:24


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

لە دەستگێڕێكی سەر شەقامەوە تا باڵادەستترین دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان، داهاتی گومرگ و نەوت باسێكی گەرم و پڕ لە گومانە، بەبێ ئەوەی كەس زانیاریی یەكلاییكەرەوەی لەسەری هەبێت.

هەرێمی كوردستان، جگە لە فرۆشتنی نەوت، داهاتی لە باج و چەندین دەروازەی تری سنورییەوە دەستدەكەوێت، ئەوەش بەردەوام جێی مشتومڕ و ناكۆكی نێوان حیزب و دەسەڵاتەكان بووە، بە ئێستاشەوە سەرچاوەیەكی ڕوون نیە تا زانیاری لەسەر بڕی تەواوی ئەو داهاتانە بڵاوبكرێتەوە.

"كێشەكەمان ئەوەیە ئێمەش لە پەرلەمان هەمان موعاناتمان هەیە وەك خەڵك" شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەبارەی نەبونی زانیارییەوە لەسەر داهات، وادەڵێت.

ئەو بە هیوایە وەزیری دارایی و تیمەكەی لەگەڵ لیژنەكەیاندا كۆببنەوە تا لەوێ پرسیار بكەن و زانیارییان دەستبكەوێت.

جەودەت بۆ پەرەگراف وتی "حیزبەكان لە ڕێگای فراكسیۆنەكانەوە فشار دەكەن بۆ شەفاف بوونی داهات، ئێمەش وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو هەموو شتێكمان كردووە بۆ ئەوەی داهات شەفاف بێـت و بخرێـتەڕوو، تا خەڵك ئاگاداری سەروەت و سامانی ئەم كوردستانە بێت".

بانگەشەی زۆرینەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان، بە پێكهێنەرانی حكومەتیشەوە، باسی شەفافیەت و ئاشكراكردنی هەموو زانیارییەكە بۆ خەڵك، بەڵام ئەوە تەنیا وەك بەڵێنێك دەمێنێتەوە و لە باری كرداریدا، هیچی لێ سەوز نابێت.

"كێشەی پەرلەمان ئەوەیە دەسەڵاتی پەرلەمانیی بەپێی‌ پێویست كاری پێ ناكرێت، ڕێگری لێ دەكرێت، ئەگەرنا پەرلەمان ئیشی خۆی كردووە و پرسیار دەكات و بانگهێشت دەكات".

شێركۆ جەودەت پێشیوایە ڕێگرییەكانە وایكردووە پێنج ساڵە هیچ زانیارییەك لەسەر داهات و بودجە نییە، "دیوانی چاودێری دارایی هاواری لێ هەڵساوە دەڵێت ڕێگریمان لێ دەكرێت وردبینی زانیارییەكان و خەرجیەكانی چەند وەزارەتێك بكەین، دەستەی نەزاهەش بەهەمانشێوە، ئەمانەش تەحەدیاتی جدین كە ڕووبەڕووی حكومەت دەبنەوە".

بەپێی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە بڕگەی تایبەت بە چاكسازیدا هاتووە كاردەكەن بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەكانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەكانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەكان.

بەڵام هیچ یەكێك لەو داهاتەی باسكراوە دیارنیە و زانیاری لەسەر بڵاونەكراوەتەوە لە دەستبەكاربونی ئەو كابینەیەوە.

شیرین ئەمین، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ پەرگراف وتی "داهات بۆ كۆی پەرلەمان ناڕوونە نەك تەنها لیژنەی دەستپاكی، ڕەنگە بۆ وەزارەتی داراییش ناڕوون بێت و شەفافیەت وەك پێوست نەبێت".

"وەك لیژنەی دەستپاكی بەدواداچوون بۆ پرسی گومرگ دەكەین، كە ناڕوونی تێدایە و پابەند نەبوون بە باج و داخڵكردن بەناوی ترانزێت"، بەوتەی شیرین هەر لە دەروازەكاندا هاوردەكردنی شمەكی خراپ و چەندین دۆسیەی تر هەیە.

هەروەها وتی "داوامان لە حكومەت كردووە داهاتی خاڵە سنورییەكانمان بۆ بنێرێت و كۆمپانیاكانی خاڵە سنورییەكان ڕێكبخرێن، چونكە بەشێكیان تەنها كار بۆ بەرژەوەندی شەخس دەكەن".

كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، لەڕێی كۆمپانیای دیلۆیت، ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی وردبینیی بەرهەمهێنان و بەكاربردن و هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكردەوە، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانە بەس نەبوون بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان‌و پرسیاری ڕەخنەگران.

پەرەگراف لەسەر نارونی داهاتەكان زیاد لە جارێك هەوڵیدا لێدوانی لێپرسراوانی وەزارەتی دارایی حكومەت وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

دكتۆر خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری بۆ پەرگراف وتی "دەبێت وەزارەتی دارایی ئاگاداری وردەكاریی هەموو داهات و خەرجییەك بێت"، ئەوەشی زیاتر ڕونكردەوە كە لە هەموو وڵاتاندا وەزارەتی دارایی بەرپرسە لە كۆكردنەوەی داهات و خەمڵاندنی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو، بەپێی ئەو خەمڵاندنە بەسەر وەزارەتەكاندا دابەش دەكرێت، دوای ئەوەی پڕۆژەی بودجە دەبێت بە یاسا، هەموو وەزارەتەكان مافی خۆیان وەردەگرن و لە كۆتایی هەموو ساڵێكیش حیساباتی خیتامی پێوستە هەبێت.

حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكە پڕۆژەی بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان و هیچ گفتوگۆیەك لەسەر حساباتی كۆتایی ساڵیش نەكراوە.

"وەك لایەنی زانستی نابێت حكومەتێك بێ بودجە بێت، ڕاستە ئەو ماوەیەی ڕابردوو ناڕوون و خەمڵاندنی ئەستەم بووە، چونكە ئەوەی دەست كەوتووە دراوە بە موچە، بەڵام جەنگ و قەیران بیانویەك نیە بۆ ئەوەی پڕۆژەی بودجەمان نەبێت تەنانەت ئەگەر تەنها لەسەر وەرەقەش بێت دەبێت پێشكەش بكرێت بە پەرلەمان" دكتۆر خالید وای وت.