لە مەرزەكان چی دەگوزەرێت؟

21-01-2020 11:57
دەستبەسەردا گرتنی هێلكەو جگەری مریشك لە مەرزی باشماخ. وێنە؛ پەیجی فەرمی مەرزەكە لە فەیسبوك.


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

هێڵكەی بۆگەن و بێ ڕێكەوتی بەرهەمهێنان، دوگی ئاژەڵ بەناوی كارگەی پاككەرەوە، كۆنتێنەری پڕ لە شمەك بە قاچاخ و زەبری هێز و پارەی كاش، شەوانە لە دەروازە سنورییەكانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن لە كاتێكدا هەمویشی قەدەغەیە.

ئەوەی لەسەر مەرزەكانی كوردستان دەوترێت؛ بەدواداچونی پەرلەمانتاران و قسەی بەشێك لە لێپرسراوانی باڵای حكومەتیشە.

هەرێمی كوردستان، سێ دەروازەی فەرمی هەیە لەگەڵ ئێران، دەروازەیەكی لەگەڵ توركیا و دەروازەیەكی تر بە سوریاوەی دەبەستێتەوە، جگە لە چەندین مەرز و ڕێگەی لاوەكی.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە چەند مانگی ڕابردودا، ڕۆژ نیە لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بابەتێكی لەسەر دەروازە سنورییەكان بڵاونەكردبێتەوە، وەك خۆییشی ڕونكردنەوەی داوە، هەموو ئەنجامەكانی ڕادەستی حكومەت كردووە و چاوەڕێی لێپێچینەوەیە.

لە نوسراوێكدا بۆ حكومەت، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە "شەوانەی 70-80 بارهەڵگر بە زەبری هێز لە گومركی باشماخەوە تێدەپەڕێنرێت و بە هیچ پڕۆسەیەكی گومرگی و پشكنین دا تێناپەڕێت، هیچ كەسێك بۆی نیە ئەم بارهەڵگرانە ڕابگرێت و بزانێت چییان تێدایە".

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەو پڕۆسەیە لە بەرانبەر پێنج هەزار و 500 دۆلاردایە، پارەكەش بۆ لێپرسراوانی حیزبی و حكومییە.

"بەشێك لەم بارهەڵگرانە ترێ، سێو، دوگی حەیوان و هێلكەیە، ئێستا گومرگی سێو بۆ هەر كیلۆیەك 350 دینارە، بەڵام ئەوان هیچ گومرگێك نادەن"، عەلی نوسیویەتی "چەند كۆمپانیا و بەرپرسێك مانگانە 40 ملیۆن دۆلار دەبەن لە مەرزەكان لە برایم خەلیل بۆ باشماخ".

ئەوەی زۆرترین باسی لەسەر دەكرێت، هاوردەكردنی هێلكەیە، كە بەپێی ڕێنماییەكانی حكومەت قەدەغەیە.

"كۆنتێنەرێك دوگ بە ٣٠ هەزار دۆلار، هێلكە بە ١٠ هەزار و ٥٠٠ دۆلار، سێوو ترێ بە پێنج هەزار و ٥٠٠ دۆلار بۆت داخڵدەكرێت، داهاتی ئەم كاڵایانەی بە قاچاخ دێت نزیكەی 10 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە".

ئەو پەرلەمانتارە نمونەی هاوردەكردنی 300 هەزار كارتۆن هێلكەی هێناوەتەوە، بەناوی هێنانی لە ئێرانەوە و ڕەوانەكردنی بۆ سوریا، ئەوەش بە ڕەزامەندی فەرمی، بەڵام هیچی نەڕۆشتوەتە سوریا و لە ناوخۆی كوردستاندا ساغكراوەتەوە.

پەرەگراف زیاد لە جارێك پەیوەندیكرد بە عەلی حەمەساڵح-ەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، بەشێك لەو هێلكەیەی هاوردەی هەرێم دەكرێن، لە شەواندا دەهێنرێن و نازانرێت چۆن تێدەپەڕێندرێن، لە كاتێكدا بەشێكی زۆر لە هێلكەكان بۆگەنیان كردووە و هەر لەوێ ڕێكەوتی نوێی بەرهەمهێنانیان لێدەدرێت.

دەستبەسەردا گرتنی 23تۆن هێلكەی قەدەغەكراو لە باشماخ 7-9-2019. وێنە؛ ڕاگەیاندنی مەرزی باشماخ.

زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن و سەرۆكی یەكەی ئیداری لە سنوری مەرزی باشماخ بە پەرەگراف-ی وت " پێش شەش مانگ قسەی خۆمان كردووە و چاوەڕوانی وەڵامی حكومەتین".

لە تەمموزی 2019دا، قایمقامی پێنجوێن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی زەمەن دەڵێت، كەسانی دەستڕۆیشتوو، بە نایاسایی كەلەوپەل و كەرەستە هاوردەی هەرێم دەكەن، بە دەیان چەكداریش وەك پاسەوان دەخەنە شوێن ئەو بارانە‌و بە نایاسایی دەهێنرێن.

بەوتەی ئەوكاتی زانا ڕەحمان "نە حكومەت نە ئاسایش دەسەڵاتی بەسەر ئەو كەسانەدا نییە و نازانرێت بارەكان چی تێدایە"، لەوەشدا بارودۆخی مەرزەكان بەخراپتر دەزانێت لە سەردەمی بێ حكومەتی سەرەتای نەوەدەكان و بەرەی كوردستانی.

پڕۆسەكانی هاوردە لە مەرزەكان و داهاتی گومرگی، بەردەوام جێی مشتومڕ بووە لە كوردستان و تائێستا، وەك دۆسیەیەكی ناڕوون لای خەڵك ماوەتەوە.

موختاری حاجی عەلی، لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژانە لە پەیجی خۆمان بڵاوی دەكەینەوە چۆن دوگ و هێلكە دەست بەسەردا دەگرین و لەناوی دەبەین، دەرگاشمان بۆ ڕۆژنامەنوسان كراوەیە بەدواداچون بكەن".

ئەو ڕەخنەی لە ڕاپۆرتەكانی عەلی حەمەساڵح هەیە و دەڵێت، تائێستا سەردانی مەرزەكەی نەكردووە.

"ئەوانەی دەڵێن لەمەرزەكە قاچاخی دەكرێت سەرچاوەكانیان قسەی پەیجەكانی فەیسبوكە، تائێستا هیچ كەسێك هەوڵیشی نەداوە بە زەبری هێز كاڵا و شمەك بهێنێت" موختار وای وت.

ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان، لەڕێی نوسراوێكەوە، داوایانكردوە پرسی مەرزەكان بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و بە ئامادەبونی لێپرسراوانی پەیوەندیداری حكومەت، گفتوگۆی لەسەر بكەن.

ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان وتی "گرفتی خاڵە سنورییەكان گرفتێكی 24 ساڵەیە، بە داخەوە ئەو پێشێلكارییانە هەیە و حكومەت دركی پێكردووە و كاری لەسەر دەكات..، سەرۆكی حكومەت، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپاردووە‌ بەزوترین كات كار بكەن بۆ نەهێشتنی پێشێلكارییەكان".

لە مەرزێكی هەرێمی كوردستانەوە، دوگی ئاژەڵ، كە هێنانی قەدەغەیە، هاوردە كراوە بەناوی كارگەی پاككەرەوە. سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كوردستان كە ئەو زانیارییەی ئاشكراكردووە لەسەر مەرزەكان، بۆ پەرگراف وتی "هەموو شتێكم لەسەری وتووە و هیچی تازەم لانییە، داویشمانەتە حكومەت و چاوەڕوانی ئیجرائاتین".

ئەو پەرلەمانتارە، كە بەدواداچونی لەسەر پێشێلكاریی دەروازە سنورییەكان كردووە، لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە هێلكەی توركی بێ ڕێكەوت لە ئیبراهیم خەلیلەوە بە كارتۆنی عێراقی هاوردە كراوە، ھەر بارھەڵگرێكی بە ١٠ ھەزار دۆلار. هەروەها ئاماژەی بە هێنانی هێلكەی سوری كردووە لە سێماڵكا(فیشخاپور)ەوە بەنایاسایی.

لە پەیامێكیشدا بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، نوسیویەتی "ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلكە و دوگە دەكات ھێزی چەكداری ھەیەو دەسەڵاتدارە".

دەستبەسەردا گرتنی زیاتر لە 24تۆن دوگی ئاژەڵ لە باشماخ. وێنە؛ ڕاگەیاندنی مەرزی باشماخ.

شەرمین عەلی، وتەبێژی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بۆ پەرەگراف وتی "هەندێكجار هەوڵدراوە دوگ، هێلكە، خواردەمەنی و كاڵا قەدەغە كراوەكان لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە داخل بە خاكی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام ڕێكارو پشكنینەكان توندوتۆڵن و توانراوە دەستیان بەسەردا بگیرێت".

"دەربازكردنی خواردەمەنی و كاڵای قاچاخ و قەدەغە كراو لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە كارێكی ئاسان نییە".

بەوتەی شەرمین عەلی چاوپۆشی لە هیچ شتێك ناكرێت و هەموو كارەكان بە شێواز و ڕێكاری خۆی دەكرێت، هەرچی شتێك زانرابێت خراپ و بێ كوالێتییە و نەگونجاوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەشێك لە لێپرسراوانی پەیوەندیدار لە دەروازە سنورییەكان ئامادەنین زانیاری لەسەر دۆسیەكانی پەیوەست بە پێشێلكاری بدەن.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكان سەر بە وەزارەتی دارایی بۆ پەرەگراف وتی "من قسەی لەسەر ناكەم، چونكە ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە".

وەزارەت و لایەنە پەیوەندییدارەكانی حكومەت، ساڵانە ڕێنمایی نوێ دەردەكەن لەسەر هاوردەكردنی خۆراك و شمەك، لە ئێستادا هێنانی هێلكه، دوگی ئاژەڵ و چەندین شمەكی تر قەدەغەیە.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی "بەهیچ شێوەیەك لەلای ئێمەوە هیچ نوسراوێك نەكراوە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغداد بێت، لەخاڵە سنورییەكانیش كەرەنتینەی كشتوكاڵیمان هەیە و ڕێگە بە بەرهەمێك نادەین هاوردە بكرێت كە پێچەوانەی ڕێنماییەكان بێت".