كەی دامەزراندن دەستپێدەكاتەوە؟

14-02-2020 01:33
خۆپیشاندانی دەرچووانی دانەمەزراو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، 2-2-2020.


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

محەمەد بە هەزار چەرمەسەری خوێندنی زانكۆی تەواو كرد، لەوەش زیاتری چەشت بەدوای ئیشدا و لە بوارەكەی خۆیدا هیچی دەستنەكەوت، بۆیە ناچار بە مانگانەیەكی كەم و هیلاكییەكی زۆر بوو بە كارگوزار.

"تا سێ ساڵ و دوو مانگ، لە كاتژمێر 6:30 خولەكی بەیانییەوە تا 11ی شەو بە بڕوانامەی بەكالۆریۆسەوە توالێتم پاكدەكردەوە، جلی نەخۆشەكانم دەشت و پاشماوەم كۆدەكردەوە، بۆ ئەوەش لە مانگێكدا تەنیا سێ ڕۆژ پشومان دەدا" محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.

محەمەد عەلی، دوای تەواوكردنی بەشی زانستە كۆمەڵایەتیەكانی زانكۆ لە 2017دا، چەند مانگێك بەدوای كاردا گەڕاوە تا دەرفەتێكی لە كەرتی تایبەت و بە دیاریكراوی وەك كارگوزار لە نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی دۆزیوەتەوە.

"لە نەخۆشخانە دژایەتی زۆر كرام چونكە تاكە كەس بوم بڕوانامەم هەبوو، كاتێك نادادیم دەبینی بێدەنگ نەدەبوم، بۆیە سێجار گواسترامەوە لەلایەن كۆمپانیای خاوەنی گرێبەستی پاككردنەوەی نەخۆشخانەكان تا بوم بە چاودێر و دواتر بەهۆی دژایەتی زۆرەوە وازمهێنا".

ئەوەی زۆر محەمەدی نیگەران كردووە، ساڵانێكی زۆر لە تەمەن و توانای لاوێتی بۆ خوێندن ڕۆیشت، بەبێ ئەوەی بەرهەمەكەی بچنێتەوە.

محەمەد تەمەنی گەیشتۆتە 31 ساڵ و چاوەڕێیە دابمەزرێت لە كەرتی گشتی تا بتوانێت لانیكەم ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنێت.

ئەو هیوایەی محەمەد و هەزاران دەرچوی تری زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان ساڵانێكە بەبێ هیچ گەشبینییەك ماوەتەوە.

دەرچوانی دانەمەزراو لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵدا، زنجیرەیەك خۆپیشاندانیان لە شار و شارۆچكە جیاوازەكان ڕێكخست، بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلیكار.

ئەیوب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا دوو خۆپیشاندانمان ئەنجامداوە و چەند داواكارییەكمان هەیە كە جەوهەریترینیان دامەزراندنە".

بەشێك لە دەرچوانی دانەمەزراو، ئەنجومەنێكیان پێكهێناوە بۆ سەرپەرشتیكردنی خۆپیشاندانەكان و دەربڕینی پەیامەكانیان.

"ئێمە جگە لە دامەزراندن، داوای ڕەخساندنی هەلیكارمان كردووە لە كەرتی تایبەتدا، هەروەها كەمكردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكان و ئەو پارەیەی وەردەگیرێتەوە دەرچوانی پێ دابمەزرێت".

ئەیوب پێیوایە لە 34 ملیار دیناری خانەنشینی پلە باڵاكان ئەگەر كەمبكرێتەوە بۆ نیوە، دەتوانرێت نزیكەی چوار هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا دابمەزرێنرێت.

دەرچوانی دانەمەزراو یاداشتیان داوەتە سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان و حكومەت، چاوەڕوانی وەڵامن.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو وتی"هەنگاوی سەرەتا و داهاتوومان بەردەوامبوونمانە لە فشارەكان و خۆپیشاندانی هێمنانە تا ئەوكاتەی وەڵامی داواكارییەكانمان دەدەنەوە".

دوایین پڕۆسەی دامەزراندن لە ساڵی 2013دا بوو، لەوكاتەوە بە فەرمی دامەزراندن نەماوە، جگە لەوانەی بە بڕیاری تایبەتی سەرۆكایەتی حكومەت یان بە ڕێگەی نافەرمی و واسیتە دادەمەزرێن.

بەپێی یاسای بودجە لە 2013دا بڕیاردرا بە دامەزراندنی 15 هەزار كەس، لە 2012 ئەو ژمارەیە 17 هەزار و لە 2011یشدا زیاتر لە 25 هەزار دامەزرێنراوە.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "دامەزراندن لەكاتێكدا دەبێت كە حكومەت پلانی ئابوری خۆی هەبێت، پلانی ئابووری حكومەت بە دانانی بودجە دەردەكەوێت، لە ساڵی 2014وە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوە و نەهاتنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە یاسای بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دانەنراوە".

هەرێمی كوردستان، لە 2014وە بە قەیرانی سەختی داراییدا تێپەڕی و هێشتاش بە تەواوی كاریگەرییەكانی كۆتایی نەهاتووە.

بەوتەی هێڤیدار زیاد لە جارێك گفتوگۆ لەسەر دەستپێكردنەوەی دامەزراندن كراوە، بەڵام پەیوەستە بە بودجە و ئەوەش پەیوەستە بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەرێم و ناوەند لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بابەتی گرێبەستەكان لە دەرچوانی دانەمەزراو جیاوازە و ئەوان بڕیارەكەیان لای حكومەتە نەك پەرلەمان.

لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری حكومی، بە شێوەی گرێبەستی كاتی دەوام دەكەن و تێیاندایە چەندین ساڵە لە دڵەڕاوكێی دامەزراندنیدا ماوەتەوە بە هەمیشەیی، بۆیە زیاد لە جارێك بۆ ئەو داواكارییە گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامداوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ساڵانە لە نێوان 30 تا 35 هەزار خوێندكار زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان تەواو دەكەن، بە جۆرێك تەنیا لە 2013 تا 2019، كە پڕۆسەی دامەزراندنی تێدا ڕاگیراوە، زیاتر لە 170 هەزار دەرچوو هەبون.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەت ئامارێكی وردتری بە پەرگراف دا، كە تێیدا هاتووە لە ساڵی 2006 بۆ 2017 ژمارەی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان زیاتر لە 266 هەزار كەس بووە، جگە لەو كەسانەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرایان تەوا كردووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە دوای چەندین ساڵ، لە مانگەكانی كۆتایی 2019دا، ئەنجومەنی وەزیران تەنیا بڕیاریدا بە دامەزراندنی تەواوی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی پەروەردە.

پەرەگراف چەند جارێك لە ڕێگای تەلەفۆن و نامە و واتسئاپەوە پەیوەندی بە جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر پڕۆسەی دامەزراندن و پلانی حكومەت، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.