دهۆك هەر فڕۆكەخانەی نەدی؛ ساڵانێكە پڕۆژەكە ڕاگیراوە و دەیان خێزانیش بەهۆیەوە بوون بە كرێچی

23-02-2020 08:06
دانانی بەردی بناغەی فڕۆكەخانەكە لە ساڵی 2012دا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت.


پەرەگراف- مەسعود هادی

فڕۆكەخانەی دهۆك، ساڵانێكە بووەتە خەونێكی بەتاڵی خەڵك و كەسیش نازانێت چارەنوسی چی لێدێت، دوای ئەوەی سەدان خێزان بەهۆی پڕۆژەكەوە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەربوون.

مێژوی ئەو پڕۆژەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی داراییدا كارەكانی بە یەكجاریی وەستا، كە تەنیا كەمتر لە سەدا 10ی جێبەجێ كرابوو.

سەباح باپیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "فڕۆكەخانە لە 2012دا زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا، بەڵام تەنیا سەدا 10ی تەواو بووە، لە كاتێكدا دەبوو لە 2016دا تەواو بوایە".

پڕۆژەكە لە ساڵی 2013وە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەڕێی كۆمپانیایەكی لوبنانییەوە بناغەكەی دانرا و بڕیاربوو كۆمپانیایەكی توركی بنیاتی بنێت.

بەوتەی ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، كۆمپانیا توركییەكە بەهۆی پێنەدانی پارەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، پڕۆژەكەی بە جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ توركیا.

فڕۆكەخانەی دهۆك، زیاتر شەش هەزار دۆنم زەوی بۆ تەرخانكراوە لە دەشتاییەكانی قەزای سێمێل، كە جێی نیشتەجێبوونی سەدان خێزان بوو.

سەباح باپیر وتی "زۆربەی خێزانەكانی ئەو ناوچەیە قەرەبوو كرانەوە بە پارچەیەك زەوی و بڕی 35 ملیۆن دینار، بەڵام ژمارەیەك خێزان هێشتا قەرەبوو نەكراونەتەوە".

سەدان گوندنشینی گوندەكانی سەروكانی، مەعەسكەری موقوبلێ، باسفكێ و هەفریسكێ زەوییەكانیان بەر پڕۆژەی فڕۆكەخانە كەوت، زۆرینە بە پارچەیەك زەوی 200 مەتری و بڕی 35 ملیۆن دینار قەرەبوو كرانەوە.

ئەوەی قەرەبووكراوەتەوە تەواوی زیانلێكەوتوانی پڕۆژەكە نەبون، هێشتا 197 خێزان كە لە ناوچەكانی خۆیاندا نەماون و بوون بە كرێچیی، قەرەبویان وەرنەگرتووە.

محەمەد مقوبلێ، نوێنەری ئەو 197 خێزانەی قەرەبوونەكراونەتەوە بۆ پەرەگراف وتی "بە بڕیاری حكومەت گوندەكانمان چۆڵكرد گوایە هەر خێزانێك بڕی 30 ملیۆن دینار قەرەبوودەكرێتەوە، بەڵام تائێستا تەنیا پارچە زەوییەكی 200 مەتریمان پێدراوە و چاومان بە پارە نەكەوتووە".

ئەو خێزانانە زیاد لە جارێك ناڕەزاییان ئەنجامداوە و چونەتە بەردەم ئیدارەی پارێزگای دهۆك، بەڵام سودی نەبووە.

"لێپرسراوان هەمووجار دەڵێن هەركات قەیران كۆتایی هات ئەوكات قەرەبوو دەكرێنەوە"، بەوتەی محەمەد، ئەوەش لە كاتێكدایە زۆرینەی ئەوانەی زەوییەكەیان وەرگرتووە بەهۆی هەژارییەوە نەیانتوانیوە بیكەن بە خانوو بۆیە لە كرێچێتیدان.

قەیرانی دارایی لە كۆتایی 2013وە هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەوتەی حكومەت هێشتا كاریگەرییەكانی كۆتایی نەهاتووە.

ئیسماعیل عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە بەدواداچونی كردووە بۆ پڕۆژەی فڕۆكەخانەی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "فڕۆكەخانە دەبوو لە 2016 تەواوبێت، بەڵام تائێستا هیچی دیارنییە، من پرسیارم ئاڕاستەی حكومەت كردووە و ئەوان دەڵێن بەهۆی قەیران و نەبونی پارەوە كارەكانی پڕۆژەكە ڕاگیراون و گرێبەستەكەش هەر بەردەوامە و هەڵنەوەشاوەتەوە".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە دۆسیەی فڕۆكەخانەی دهۆك لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمە تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت و چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكە تاوتوێ بكرێت.

سەرباری بەڵێنی لێپرسراوان، هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی فڕۆكەخانەی دهۆك دیارنییە.

لە ساڵی 2018دا نێچیرڤان بارزانی، كە ئەوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە وەڵامی پرسیاری هاوڵاتییەك دەربارە فڕۆكەخانە، ڕاوەستانەكەی بەستەوە بە قەیرانی داراییەوە و وتی، هەركات كاریگەری قەیرانەكە نەما پڕۆژەكە دەستپێدەكاتەوە. بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەك دیاریبكات.

لە هەرێمی كوردستان دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەن، ئەوانیش لە هەولێر و سلێمانی، كە چەندین ساڵە گەشت بۆ چەند پارێزگایەكی ناوخۆی عێراق‌و وڵاتانی دەرەوە لێیانەوە ئەنجامدەدرێت.