یەك لەدوای یەك دەرگاكان بەڕووی هەرێمی كوردستاندا دادەخرێن

26-03-2020 08:01


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

پێدەچێت لە ئایندەیەكی نزیكدا جیهان شوێنی خەزنكردنی نەوتی زیادەی نەبێت و خواستی بەكاربردنی وزە لە دونیادا بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بەردەوام لە دابەزیندا دەبێت، لە ئاكامدا ڕەنگە نرخی نەوت هاڕە بكات و بگاتە 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. ئەوەش گورزێكی كوشندە دەبێت لەو وڵاتانەی ئابوورییەكەیان لەسەر نەوت بونیادنراوە، لەنێویاندا هەرێمی كوردستان و عێراق.

لە ئێستادا سێ چارەكی خەزانە گەورەكانی نەوت لە جیهاندا پڕبوون، ئەوەش دوای ئەوەدێت لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە بەهۆی بڵابوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە جیهاندا هەزاران پیشەسازیی گەورە وەستان، لە نێویاندا پاڵاوگە زەبەلاحەكانی پیشەسازیی چین، كە كارێكی كرد، خواست لەسەر وزە بەشێوەیەكی گشتی و نەوت بەتایبەتی لەجیهاندا كەم ببێتەوە و بەو پێیەش نرخەكەی دابەزێت.

لەگەڵ بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بە جیهاندا و وەستاندنی جووڵە و پەكخستنی پیشەسازییە گەورەكان، بەشێكی ئەو نەوتەی لە جیهاندا بەرهەم دەهێندرێت بەردەوام دەكرێتە ناو خەزانە گەورەكانەوە، كە ئێستا تەنها چارەكێكیان ماوە بەتەواوی پڕ ببن.

بۆ نموونە وڵاتی كەنەدا تەنها چەند ڕۆژێكی ماوە تا سەرجەم خەزانەكانی پڕ ببێت لەو نەوتەی كە لەناوخۆدا بەرهەمی دەهێنێت، ئەوەش بەپێی شیكارییەكی تۆمار لایس لە ناوەندی ڕاوێژكاریی ڕیستارد بۆ وزە. لە ماوەی چەند هەفتە و مانگی داهاتوویشدا وڵات لە دوای وڵات دەچنە پاڵ كەنەدا و چیتر شوێنیان نامێنێت بۆ خەزنكردنی نەوت.

پیشەسازیی نەوتی جیهانی ڕەنگە چاوی لەسەر ئەوە بێت نەوتی خاوی زیاتر خەزن بكات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات پێویستە نرخی نەوت زیاتر دابەزێت.

هەفتەی ڕابردوو نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا بۆ 25 دۆلار دابەزی لە كاتێكدا لەسەرەتای ئەمساڵدا نرخی هەر بەرمیلێك لە بازاڕەكانی جیهاندا 65 دۆلاری دەكرد. تۆماس لایس هۆشداریی دەدات كە ڕەنگە لەمساڵدا نرخی نەوت بۆ 10 دۆلار دابەزێت.

چاوەڕێ دەكرێت مانگی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد لەپێویست لە جیهاندا زیاتر بێت كاتێك ڕێككەوتنی نێوان سعودییە و ڕوسیا بۆ سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت كۆتایی دێت. نەمانی ئەو ڕێككەوتنە ڕێ بە سعودییە دەدات، كە ئێستا وەك ڕابەری ڕێكخراوی ئۆپیك وەهایە، پێشبڕكێی ڕوسیا بكات بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت وەك هەوڵێك بۆ بوونی پشكی زیاتر لە بازاڕدا.

جەنگی نرخی نەوت وادەكات بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت بەبڕی زیاتر لە 2 ملیۆن‌و 500 هەزار بەرمیل بەرزبكاتەوە، بەوەش بڕی داواكراوی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ 6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە زیاد دەكات.

شیكارییەكەی ناوەندی ڕیستاد مەزەندە دەكات كە لە ئێستادا لە خەزانەكانی جیهاندا بڕی 7 ملیار‌و 200 ملیۆن بەرمیل نەوت هەبێت، بەو نەوتەشەوە كە لەسەر كەشتییەكانی نەوتە لە دەریاكاندا كە بڕەكەی ملیارێك‌و 300 بۆ 400 هەزار بەرمیلە.

لەڕووی تیۆرییەوە، نۆ مانگی پێویستە بۆ ئەوەی سەرجەم خەزانەكانی جیهان پڕببن، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت و خواستی بەكاربردنی نەوت لەجیهاندا بەم شێوەیەی ئێستا ڕوو لە كەمی بكات، ئەوا پڕبوونی خەزانەكان ماوەیەكی كەمتری پێویست دەبێت.

"بەو ڕێژەی پڕكردنەوەی خەزانەكان كە لە ئێستادا هەیە، نرخی نەوت بەهەمان ئاقاری ساڵی 1998دا دەڕوات، كاتێك نرخی نەوتی برێنت نزمترین ئاستی تۆماركرد و بۆ كەمتر لە 10 دۆلار دابەزی" پاولۆ ڕۆدریگێز-مایسیو لە ناوەندی وزەی ڕیستاد وادەڵێت.

دابەزینی نرخی نەوت چۆن كاردەكاتە سەر هەرێمی كوردستان؟

گەر نرخی نەوت بەردەوام بێت لە دابەزین و بەزوویی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوا قەیرانێكی سەختتر لەوەی ساڵانی نێوان 2014-2018 ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

ئەوكاتەی نرخی نەوت 60 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێك، لەو بڕە نەوتەی حكومەتی هەرێم بە سەربەخۆیی دەیفرۆشت 300 ملیار دیناری بۆ مووچەی چەند وەزارەتێك تەرخان دەكرد، داهاتی ناوخۆیش 280 ملیار دیناربوو، مانگانەیش بڕی 453 ملیار دیناری لەبەغداوە بۆ دێت، بەكۆی ئەوانە خەرجیی‌و مووچەی دابین دەكرد.

هەرێم مانگانە بە مووچەو خەرجیی كۆی سێكتەرەكان ترلیۆنێك‌و 50 ملیار دیناری پێویستە، بەڵام لە دۆخی ئێستادا ئەو دەرگایانەی داهاتیان لێوە دەهاتە دەست حكومەتی هەرێم، یەك لەدوای یەك دادەخرێن.

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، هەرێم چیتر ناتوانێت لەپارەی فرۆشی نەوت هەمان بڕ بۆ مووچە دابین بكات. هەروەها داهاتەكانی ناوخۆیشی، وەك وەزیری ناوخۆ باسی كرد، تا نزیك سفر دابەزیوە، بەو پێیەی ئێستا كاروباری بەشی زۆری دامودەزگا حكومییەكان وەستاون و چیتر فەرمانگەكانی وەك باج و دەرامەت، هاتووچۆ و خانوبەرە داهات بۆ حكومەتی هەرێم كۆناكانەوە. گورزی دابەزینی نەوت بەر بەغدایش دەكەوێت و گومان هەیە لەوەی بتوانێت هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو پارەی مووچە ڕەوانەی هەرێم بكات.

تەنها دەرچەیەك كە حكومەتی هەرێم بتوانێت هەناسەیەكی لێوەبدات و بڕێك داهاتی جێگیری لێوە دەست بكەوێت، گومرگی خاڵە سنوورییەكانە، بەتایبەتی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان‌و باشماخ. بەڵام جموجۆڵی بازرگانیی ئەو خاڵە سنووریانەش هێندەی ڕابردوو چالاك نین و داهاتی گومرگەكانیش ڕووی لە كەمی كردووە، ئەوە سەرباری ڕەخنەی بەردەوامی هەندێك لایەن‌و پەرلەمانتار بەوەی كە لە دەروازە سنورییەكان كۆمپانیای حیزبیی بەشێكی زۆری ئەو داهاتە دەبەن كە پێویستە بچێتە گیرفانی حكومەتەوە.