نەوت هێشتا لای نێچیرڤان بارزانییە؛ كوردستان دەتوانێت خواستەكەی بەغدا بەدیبهێنێت؟

20-06-2020 09:09
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی‌و مستەفا كازمی

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

سووربوونی بەغدا بۆ ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گەیاندە بەغدا، بەوپێیەی هێشتا دۆسیەی نەوت‌و وردەكارییەكانی لە دەستی ئەودایە، بڕیارە چەند ڕۆژی داهاتووش شاندی حكومەتی هەرێم بۆ هەمان مەبەست بچێتەوە بەغدا.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكەی ئەمڕۆیدا، بۆ حكومەتەكەی مستەفا كازمیی ڕوونكردووەتەوە، دۆسیەی نەوتی هەرێم‌و ڕادەستكردنی بە بەغدا بەوجۆرە سادە نییە كە داوا دەكرێت‌و مەلەفێكی ئالۆَزو هەستیارە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەردانەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەرچەندە بەهۆی قەیرانی دارایی‌و ناتوانایی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچە، حكومەتی هەرێم ئامادەی هەر جۆرە ڕێككەوتنێكە لەگەڵ بەغداد، "بەڵام ڕادەستكردنی تەواوەتیی نەوت شتێكی مەحاڵەو تەنانەت لەدەست حكومەتی هەرێمیشدا نییە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، پێویستە بەغداد ئەوە بزانێت مەلەفی نەوتی هەرێم فایلێكی ئامادەكراو نییە لە هەولێرەوە بگوازرێتەوە بۆ بەغداد، "جگە لە پشكی لایەنی ناوخۆیی، ڕەهەندێكی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیشی هەیە‌و ئەو گرێبەستانەی لەو بوارەدا كراون دوورمەودان‌و دەبێت هەرێم پابەندیان بێت".

لە سەردانەكەیدا سەرۆكی هەرێم‌و شاندی یاوەری لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كۆبوونەتەوە، گرنگترینیان كۆبوونەوە بووە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كە تەئكیدیان لە چارەسەری كێشەكان كردووەتەوە بەپێی دەستوور.

سەرەكیترین كێشە كە ڕیشەیەكی قووڵی هەیە، نەوت‌و بودجەو مووچەیە لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، حكومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی كە هیچ بڕە پارەیەكی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت هەتا نەوتی ڕادەست نەكرێت، ئەوەش كوردستان ڕوبەڕوی دۆخێكی سەختتر لە ئێستا دەكاتەوە كە مانگانە چاوەڕوانی دەستی بەغدایە بۆ ناردنی پارەو هێشتاش توانای پێدانی مووچەی نییە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكانە، بۆ پەرەگراف باسیلەوە كرد، هەرێمی كوردستان ناتوانێت خواستی بەغدا بەدیبهێنێت لە ڕادەستكردنی نەوت.

"ڕاستتر بڵێین كوردستان نەوتی نییە تا ڕادەستی بكات، ئەوەی هەیە بە گرێبەستی دوورمەودا فرۆشراوەو توركیا بەهۆی ڕێڕەوی گواستنەوەكەو ڕوسیاش كە ئێستا پشكی لە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمدا هەیە سوودمەندی ڕاستەوخۆن" ئەو سەرچاوەیە وای وت.

ئەوەشی خستە ڕوو، "هێشتا مەلەفەكە لای نێچیرڤان بارزانییەو گرێبەستەكان لەسەردەستی ئەو كراون لەگەڵ توركیاو ڕوسیا، ئەمریكاو بەریتانیاش خاوەنی قسەن لەو پرسەداو لەگەڵا ئەوەدا نین نەوتی كوردستان بەتەواوەتی بكەوێتە دەست بەغدا، بەدەر لەوانەش لەئاستی ناخۆی هەرێم پشك‌و پشككاری زۆری تێدایەو دۆسیەیەكی ئاڵۆزە".

هەرێمی كوردستان بەدەر لە ڕێككەوتنێكی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا، ڕێككەوتنێكی دیكەی لەگەڵ كۆمپانیای ڕۆسنەفت هەیە، ئەو ڕێككەوتنانە كاتێك كراون نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، دوای ئەوەی لەو پۆستەش نەما تائێستا كابینەی نوێ نەیتوانیوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕبكاتەوە كە پێشتر ئاشتی هەورامی كەسی نزیكی نێچیرڤان بارزانی بوو.

ڕوسنەفت كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی ڕوسییەو لەسەدا 50ی موڵكی حكومەتی ئەو وڵاتەیە، لە نەوت‌و گازی سروشتی هەرێمی كوردستاندا كار دەكات بە؛ پەرەپێدان بە كێڵگەكان‌و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان، پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم‌و فراوانكردنی توانای گواستنەوەی نەوتی هەرێم‌و دامەزراندنی بۆری بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی.

سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی لەكاتێكدایە، بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندی حكومەتی هەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغداد بكاتەوە بە ئامانجی گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر پرسی نەوت‌و مووچە.

لە دوو مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم‌و بەغداد چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو لێكنزیكبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن؛ ئەو دۆخە داراییە سەختەی حكومەتی هەرێمی تێكەوتووە ناچاری كردووە كە چەند جارێك ئەوە ڕابگەیەنێت ئامادەیە نەوت ڕادەستی بەغداد بكات لە بەرامبەر ناردنی تەواوی مووچە، بەڵام ڕوونی نەكردووەتەوە مەبەستی لە ڕادەستكردنی نەوت چییەو لەو حاڵەتەدا ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم‌و كۆمپانیا نەوتییەكان‌و وڵاتان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟.

كێشەی نەوت لە نێوان هەردوولا ئاڵاوە بە پرسی كۆی داهات‌و خەرجییەوەو بەغداو هەولێر یەكتریی تۆمەتبار دەكەن بە قەرزاربوونێكی چەند ملیار دۆلاریی، ئێستا بەغدا لیژنەیەكی 11 كەسیی پێكهێناوە بۆ وردبینیكردنی داهاتە نەوتی‌و نا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی نووسراوێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بەغداد داوای ئاشكراكردنی ناو و شوێنی بەرهەم هێنان‌و هەرنادەی نەوت‌و تۆماری دارایی هەریەكێكیان لە هەرێم دەكات.

لەگەڵ ئاشكراكردنی داهاتە نەوتییەكان‌و ئەو بڕەی بەرهەم دێت‌و دەفرۆشرێت، هەروەها ئاشكراكردنی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و شێوازی فرۆشتنی نەوت‌و ئاشكراكردنی هەژمارە بانكییەكان كە داهاتی نەوتی بۆ دەگەڕێتەوەو ناوی ئەو كەسانەی دەتوانن مامەڵەی پێوە بكەن لەگەڵ گرێبەستی ئەو لایەنانەی هەڵدەستن بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

هەروەها بەغداد داوای تۆماری دارایی 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2020‌و وێنەیەك لە گرێبەستی قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات.