
پەرەگراف
كارگەیەكی نوێ لە سلێمانی سەوزەو میوەی خاوێنو پاككراوە بە گازی ئۆزۆن ئامادە دەكاتو بە "هەمان نرخی بازاڕو تەواو خاوێن" دەیخاتە بەردەم كڕیاران، كارگەكە جگە لە پاراستنی ژینگەو ڕەخساندنی دەیان هەلی كار، تەندروستیی دەپارێزێت لەو نەخۆشیو مەترسییانەی بەهۆی میكرۆبو ڤایرۆسی سەر سەوزەو میوەوە تووشی مرۆڤ دەبن.
تەماتە فرێش، یەكەمین كارگەی خاوێن كردنەوەی زانستییانەی سەوزەو میوەیە لە كوردستانو عێراق، كارگەكە تەمەنی تەنها 4 مانگەو بەمزووانە سنوری سلێمانی تێدەپەڕێنێتو دەچێتە هەولێرو پلانی هەیە بەرهەمەكانی بگەیەنێتە هەموو عێراق، خاوەنی كارگەكە دەڵێت، شوێنی خۆیان كردووەتەوە لای خەڵكو بەردەوام لە گەشەكردندانو پێشوازییەكی باش لە بەرهەمەكانیان دەكرێت.
هاوكار مەولوود، سەرمایەدارێكی گەنجەو بیرۆكەی كارگەكەی لە ئەوروپاوە هێناوەتە كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ پەرەگراف دەڵێت "ئامانجمان خاوێنییو بەكارهێنانی سەوزەو میوەی ناوخۆییو كڕینەوەیانە لە جوتیاران، بەڵام لەژێر سەرپەرشتیو داخوازیی خۆمان كە چۆن پەروەردەی بكەن؟ بە خاوێنیی دەیگەیەنینە دەست خەڵك، تكا لە هاووڵاتییان دەكەین بەرهەمەكانی ئێمە لە ماڵەوە نەشۆرنەوەو پیسی نەكەن، چونكە ئاوی ماڵەكانیان پاك نییە".
خاوەنی كارگەكە باسلەوەش دەكات، ئەوان پشكنینی فیزیاییو كیمیاییو بایۆلۆجی بۆ بەرهەمەكان دەكەن، "بۆنمونە هەندێك تەماتە هەیە ئێمە بەكاری ناهێنین، چونكە ڕێژەی بەكتریای زۆرەو بە خراپیی بەرهەم هاتووەو پەروەردە كراوە، بۆئەوەش ئێمە تاقیگەیەكی خۆراكیمان هەیە لەناو كارگەكەماندا، جگە لەوەش قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام چاودێریی بەرهەمەكانمان دەكات".
هاوكار وتیشی "هەروەها لە كارگەكەدا سیستمی ڕیسایكلینی ئاو بەكار دەهێنین، لە 100 لیتر ئاو تەنها 3 لیتر بە فیڕۆ دەدەین، ئەوەی دیكەی بەكاردەهێنینەوە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ سامانی ئاو".
كارگەكە تائێستا 45 هەلی كاری بۆ گەنجان ڕەخساندووەو بەردەوام هەلی كاری نوێ دەڕەخسێنێت بەهۆی گەشەكردنییەوە، 5 دووكانی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی لە سلێمانی هەیەو لە زۆربەی گەڕەكەكانیش بریكاری هەیە كە لەژێر ڕێنمایی كارگەكەدا بەرهەمەكانی دەفرۆشن.
كارگەكە چۆن كاردەكاتو پڕۆسەی پاككردنەوەكە چۆنە؟
بەرهەمەكانی تەماتە فرێش زۆربەیان ڕاستەوخۆ لە جوتیاران دەكڕدرێن لە كێڵگەكان، بەشێكیشی لە عەلوەكەوە دەبرێتە كارگە، قۆناغی سەرەتای پڕۆسەكە دەستو چاوەو ستافێكی ژن بەرهەمەكان پاك دەكەنو بژاری دەكەنو لاسكو زەردیی سەوزەكان دەبڕن و فڕێی دەدەن.
لە قۆناغی دواتردا بەرهەمەكان دەچنە ئامێرێكەوە خۆڵو تۆزیان لێدەكرێتەوە، پاشان دەچنە ناو ئاوی ئاساییو دەشۆردرێنەوە، دواتر بە ئاوێكی دیكەی خاوێن جارێكی دیكە دەشۆردرێنەوە، دوای ئەوە بەرهەمەكان بۆ شۆردنەوەیەكی دیكە دەكرێنە حەوزێكەوە كە ئاوەكەی لەسەدا سەد دڵۆپێنراوەو تەواو خاوێنە، دواتر سەوزەو میوە شۆردراوەكان دەكرێنە ناو حەوزی ئۆزۆنەوە.
هاوكار مەولوود وتی "لە حەوزی ئۆزۆنەكەدا لەسەدا سەد پاكدەكرێنەوەو هیچ بەكتریاو ڤایرۆسێكیان پێوەنامێنێت"، دوای ئەو قۆناغەش بە ئاوی دڵۆپێنراو جارێكی دیكەش دەشۆردرێنەوەو دواتر وشك دەكرێتەوە بە دوو شێواز؛ یەكێكیان بە ئامێری خولانەوە، ئەوەی دیكەیان بە هەوای پانكەی تایبەت، دواتر بە سیستمێكی ئۆتۆماتیك دەپێچرێنەوەو دەكرێنە كیسەی تایبەتەوە، ڕێكەوتی دەرچوونو نرخیان لەسەرەو دەخرێنە بەڕادی ساردكەرەوەو ڕەوانەی بازاڕ دەكرێن.
لەبارەی گرنگیی گازی ئۆزۆن بۆ پاككردنەوە، خاوەنی تەماتە فرێش وتی "ئۆزۆن گازێكی سروشتیی بەهێزەو لە بواری پاككردنەوەدا بەكاردێت، 3 هەزارو 100 ئەوەندەی كلۆر بەهێزە، كلۆر ماددەیەكی كیمیاییەو ماوەیەك دەمێنێتەوە، ئۆزۆن نامێنێتەوە لەسەر بەرهەمەكان، ئەو گازە هەرچیی لەسەر بەرهەمەكان بێت لە پیسییو میكرۆبو ڤایرۆس لەناوی دەباتو بەرهەمەكان ئامادە دەكات ڕاستەوخۆ بۆ خواردن".
بەرهەمەكانی تەماتە فرێش پێچراونەتەوەو لە ماركێتەكاندا بەردەستن.
لەگەڵ سوودو گرنگیی سەوزەو میوە بۆ تەندروستیو لەشی مرۆڤ، بەردەوام هۆشداریی دراوە لە بەكارهێنانو بەتایبەت چۆنیەتی شۆردنەوەو خاوێنكردنەوەیان، ئەوەش زیاتر بەهۆی ئەو دەرمانو ماددە كیمیاوییانەی لە پێگەیاندنی بەرهەمەكاندا بەكاردەهێنرێن، بەوپێیەی زۆربەی دەرمانەكانی ڕوەك مەترسیدارن بۆ مرۆڤو هۆكاری نەخۆشیی جۆراوجۆرن.
پڕۆفیسۆر دكتۆر سدیق عادل سدیق، سەرۆكی بەشی باخداری لە كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی، پێشتر لە بەدواداچوونێكی پەرەگرافدا وتی"مانەوەی ئەم دەرمانانە كە مادەی كیمیاویین، كاریگەری لەسەر جگەر دەبێت، دواتر كاریگەری لەسەر گورچیلە دەبێـت و هۆكارێكیشە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، چونكە گۆڕانكاری لە لەشی مرۆڤدا دروست دەكات".
دكتۆر سدیق ئامۆژگاری هاوڵاتیانیشی كرد هیچ سەوزە و میوەیەك بەبێ شۆردنەوە بۆ ماوەی 10 خولەك بە خوێ، بەكارنەهێنن، لەبەرئەوەی بەشێك لە دەرمانەكان بە پرژاندن لە بەرهەمان دەدرێنو بەو ڕێگایە كاریگەرییەكەیان نامێنێت.
نرخی بەرهەمەكان
لەم جۆرە كارگەو پڕۆژە نوێیانەدا ئەوەی بەلای خەڵكو كڕیارەوە گرنگیی تایبەتی هەیە، نرخی بەرهەمەكانە بەراورد بە نرخی بازاڕ، بۆئەوەش كارگەكە ڕەچاوی دیاریكردنی كەمترین نرخی كردووە، هاوكار وتی "لەگەڵ ئەو كوالێتییە بەرزو خاوێنەی كە هەیەتی، نرخی بەرهەمەكانمان هاوتای نرخی بازاڕە".
لەوبارەیەوە ڕوونكردنەوەی زیاتری دا، وتی "بۆنمونە؛ تۆ دەسكێك سەوزەی ئاسایی بە 250 دینار دەكڕیت، چاكی دەكەیتو دەیشۆیتەوەو پاكی دەكەیتەوە، ئەمە هەمووی لەسەر تۆ دەكەوێت لەڕووی مادییەوە، بۆ دەسكێك سەوزەی ئاسایی 5 لیتر ئاوت پێویستە لە ماڵەوە، جگە لەوە ئایا خوێ بەكاردەهێنیت یاخود كلۆر؟ پاشان دەیبڕیتو لاسكەكەی فڕێ دەدەیتو بژاری دەكەیت، بەوەش كەمتر لە نیوەیت بۆ دەمێنێتەوە. ئەوەی كارگەكەی ئێمە دەیگەیەنێت بە خەڵك دەسكێكی بە 500 دینارە، ئەوە دوو دەسكە كراوە بە یەك دەسك، چونكە پاككراوەو چاككراوەو خاوێن كراوەتەوەو خراپییو زەردییو لاسكەكانی لێ فڕێ دراوە، لەبەرئەوە نرخمان هاوتایە لەگەڵ بازاڕ".
خاوەنی تەماتە فرێش، باس لە گرنگیو تایبەتمەندییەكی دیكەی بەرهەمەكانیان دەكات كە مانەوەی زیاترە بەراورد بە بەرهەمی بازاڕ، "خەڵك تەماتە دەكڕێت لە ماڵەوە بە 3 ڕۆژ تێكدەچێت، ئەوەی ئێمە بە 10 ڕۆژیش تێك ناچێت، بۆچی؟ لەبەرئەوەی كە لەدەرەوە دەیكڕێت بەكتریاو پیسیی لەسەرە، بەڵام ئەوەی ئێمە تەواو خاوێنەو هیچی لەسەری نییە ئەوەش وادەكات زۆرتر بمێنێتەوە، خەڵك بەرهەمەكانمان تاقی بكاتەوە بەچاوی خۆی جیاوازییەكە دەبینێت".
كارگەكە بەهۆی پێشنیاری خەڵكەوە بەردەوام لە ئامادەكردنی بەرهەمی نوێدایە، هاوكار مەولوود ئاماژەی بەوە كرد، لەسەر خواستی خەڵك زەڵاتەی ئامادەكراو ئامادە دەكەن، هەروەها سەوزەی تێكەڵ، "تۆ حەزدەكەیت 7 جۆر سەوزە بخۆیت، بۆئەوەش دەبێت 7 دەسك سەوزەی جیاواز بكڕیت، ئێمە ئەوەمان نەهێشتووەو سەرجەمیانمان كردووە بە یەك پاكێجو لە یەك دەسكدا هەموو جۆرەكانمان ئامادە كردووەو بە نرخی یەك دەسك دەیكڕیت".
ڕەخنەی زۆری لە حكومەت هەیەو سوپاسی حكومەتی خۆجێی دەكات
سەرباری بانگەشە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتی كەرتی تایبەتو پڕۆژەی نوێ، بەڵام هاوكار لە دامەزراندنی كارگەكەیدا نەك هەر لەلایەن حكومەتەوە پشتیوانیی نەكراوە، بەڵكو ئاستەنگی زۆری بۆ دروست كراوە، بەڵام ئەو كۆڵی نەداوەو بە پشتیوانیی حكومەتی خۆجێی پڕۆژەكەی خستووەتەسەرپێ.
"حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەك ناكاتو بەربەستی زۆریشت دێنێتە ڕێ، بەڵام حكومەتی خۆجێی سلێمانی زۆرباشن، بەڵام دەسەڵاتیان سنوردارە، ویستم ئەم پڕۆژەیە لە ڕێی وەبەرهێنانەوە بكەم، وەبەرهێنانی سلێمانی ئیفلیج كراوەو دەبێت بچیتە هەولێر، لەوێش هەر وەڵامت نادەنەوە" هاوكار وای وت.
خاوەنی تەماتە فرێش وتیشی "نە پاراستن هەیە بۆ براند، نە زەویی هەیە، نە ئاو و كارەباو پشتیوانیی، هیچ نییەو بۆت ناكات حكومەتی هەرێم، حكومەتە خۆجێییەكەش شتێكی وای بەدەست نییە".
لەگەڵئەوەشدا هاوكار مەولوود بە شایستەی زانی كە لە ڕێی پەرەگرافەوە سوپاسی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی بكاتو وتی "كشتوكاڵو تەندروستیی سلێمانی پشتیوانمان بوون، بەڕێز د.هەڤاڵ پارێزگاری سلێمانی زۆر پشتیوانمان بووەو حەزدەكەم لێرەوە سوپاسی بكەم، ئەگەر ئەو نەبوایە ئەم جۆرە پڕۆژانە نەدەبوون، چونكە نایەڵن كار بكەیت".
هاوكار مەولوود شێوازی كاركردنی كارگەكە بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕووندەكاتەوە كاتێك سەردانی كارگەكەی كردووە.
شۆردنەوەی بەرهەمەكان لە تەماتە فرێش.