پەرەگراف - هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، گرژییەکانی ناوچەکەی چڕتر کردەوە و شەپۆلێکی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لێکەوتەوە. لە هەمان کاتدا پرسیارێکی سەرەکیی بێ وەڵام هێشتەوە: کێ بەرپرسیارە؟
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت، لە کاتێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، خۆی لە تۆمەتبارکردنی ڕاستەوخۆ بەدوور گرت. ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەش هەموو تێوەگلانێک ڕەت دەکەنەوە و هێرشەکەیان سەرکۆنە کردووە.
تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانى هێرشەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە. نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق بە فەرمی هێرشەکانیان نەخستووەتە ئەستۆی هیچ لایەنێکی دیاریکراو. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.
ئەم نادیارییە بۆشاییەکی دروست کردووە کە بە خێرایی لەلایەن گێڕانەوە دژبەیەکەکانی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە پڕکراوەتەوە، ئەمەش ئاڵۆزیی دیمەنی ئەمنیی پارچەپارچەی عێراق و پێگەی وڵاتەکە لە ناوجەرگەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئێران، ئەمریکا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیاندا نیشان دەدات.
پەرەسەندنی هێرشەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان
دوایین پەرەسەندنەکان بە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک دەستی پێ کرد. بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، کەمتر لە (٢٤) کاتژمێر دوای ئەوە، هێرشی دووەم ئەنجام درا، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە درۆنەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تێکشکێنراون.
ئەم ڕووداوە دوای هێرشێکی درۆنیی دیکە دێت کە نزیکەی کاتژمێر ١١: ١٦ـى بەیانیی (٢٨) ـى ئازار ڕووی دا. گرتە ڤیدیۆییەکانی هێرشی یەکەم نیشانی دەدەن کە هێزە ئەمنییەکان بە تەقەی چڕ ڕووبەڕووی درۆنێک دەبنەوە. دوای ڕووبەڕووبوونەوەکە، تەقینەوەیەکی گەورە ڕووی دا و دووکەڵێکی سپی بەسەر ناوچەکەدا بەرزبووەوە. هێرشەکان بەشێک بوون لە شەپۆلێکی فراوانتری چالاکیی درۆنی و مووشەکی کە هەولێر و سلێمانیشی گرتەوە، لەوانەش ناوچەکانی نزیک لە شوێنی نیشتەجێبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە دوایین ڕووداوەکاندا، هیچ زیانێکی گیانی بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، هەرچەندە هەندێک لە هێرشەکان زیانی ماددییان لێ کەوتووەتەوە. دواتر دەسەڵاتداران لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی پشووی گشتییان ڕاگەیاند. قوتابخانە و زانکۆکان - کە بڕیار بوو لە (٢٩) ـی ئازار دوای دەوام پشوویەکی درێژ دەست پێ بکەنەوە - بەهۆی بەردەوامی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە بە داخراوى مانەوە.
ئەمریکا پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپەکانی سەر بە ئێران ڕادەکێشێت
واشنتۆن ڕاستەوخۆترین لایەن بووە لە دیاریکردنی تۆمەتباران. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "بە توندی و بێ دوودڵی" هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و بە کارێکی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق" ناوى برد. تۆماس پیگۆت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا "بە توندی ئەم کارە تیرۆریستییە ترسنۆکانە و هەڕەمەکییانە ڕەت دەکاتەوە" و ئەنجامدەرانی هێرشەکانی بە "بریکارە تیرۆریستەکانی ئێران" ناو برد.
پیگۆت وتیشی "ئەم کارانەی ئێران و بریکارەکانی، هێرشێکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەروەری، سەقامگیری و یەکپارچەیى عێراق". بەرپرسانی ئەمریکا بەڵگەیان پێشکەش نەکرد، بەڵام پێشتریش هێرشە هاوشێوەکانیان لە عێراق بۆ میلیشیاکانى سەر بە تاران گەڕاندووەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی ڕەت دەکاتەوە
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ( ((IRGC)) ) بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هێرشەکانی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانیی سەرکۆنە کرد و بە "کارێکی تیرۆریستی" لەلایەن "دوژمنە شەڕخوازەکانەوە" وەسفی کرد. سوپای پاسداران ڕووداوەکەی وەک بەشێک لە نەخشەی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وێنا کرد.
لە بەیاننامەکەى سوپاى پاسداراندا هاتووە کە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە مەبەست لێیان تێکدانی هاوکارییە ناوچەییەکانە و ئێرانیش ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی دراوسێکانی دووپات کردەوە. سوپای پاسداران هیچ تێوەگلانێکی پشتڕاست نەکردەوە و لەبری ئەوە لایەنە دەرەکییەکانی بە بەرپرسیار زانی.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی فیدراڵی-هەرێمی ڕاگەیاند. ئەم لیژنەیە کە لە هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، ئەرکی ناسینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی پێ سپێردراوە.
سوودانی هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی زەق" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت عێراق لەلایەن "لایەنە یاساشکێنەکانەوە" پەلکێشی ناو ململانێ ناوچەییەکان بکرێت. بەڵام بەرپرسانی عێراق بە ئاشکرا ناوی هیچ گرووپێکیان وەک تۆمەتبار نەهێناوە.
مەسروور بارزانی هۆشداریی تۆڵەسەندنەوە دەدات
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە ناڕاستەوخۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق بە بەرپرسیار زانی و هۆشداریی تۆڵەسەندنەوەی دا.
ئەو ڕایگەیاند "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییە ترسنۆکانەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەم. داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم تاوانبارە یاساشکێنانە ڕادەستی دادگا بکات".
هەروەها سەرۆکوەزیرانى هەرێم داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکەن و وتیشی "ئێمە هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە".
گرووپە چەکدارەکان بەرپرسیارێتی ڕەت دەکەنەوە
چەندین گرووپى چەکداریی سەر بە ئێران لە عێراق، بەرپرسیارێتییەکەیان ڕەتکردەوە و لە هەمان کاتدا لێکدانەوەی سیاسییان بۆ ڕووداوەکان خستە ڕوو.
ئەبو ئالا وەلائی، سکرتێری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە کارێکی پێچەوانە لەگەڵ "بەها بەرزەکان و بنەماى بەرەنگارى (موقاوەمە)" وەسفی کرد. ئەو واى لێکداوەتەوە کە ڕەنگە ئەکتەرە دەرەکییەکان بەم هێرشە هەوڵ بدەن لە ڕێگەی پەرەسەندن لە باکووری عێراقەوە، پەیام بنێرن.
درەنگانی شەوی شەممە ٢٨-٠٣-٢٠٢٦، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد کە بارەگاکەی (بارەگاى بارزانى) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "پێنج جار" هێرشی کراوەتە سەر. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕووداوانە بۆ ڕێگری لە کاردانەوە و دڵەڕاوکێی گشتی، بە نهێنی هێڵدراونەتەوە. جەختیشی کردەوە کە هەرچەندە هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لە ململانێ فراوانەکە، بەڵام ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام بووەتەوە.
ئەم گرژییانەى هەرێمى کوردستان لە سییەمین ڕۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران سەرى هەڵداوە، کە لە (٢٨) ـی شوباتی (٢٠٢٦) دەستی پێ کرد. بەپێى ئەو زانیارییانەی دەزگای میدیایی پەرەگراف کۆی کردوونەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە زیاتر لە (٥٠٠) درۆن و مووشەک ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کراون. ئەم هێرشانە دراونەتە پاڵ هێزەکانی ئێران و گرووپەکانى "موقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق".
بەپێی ڕاپۆرتى پەرەگراف، لانیکەم (١٣) کەس — لەوانەش کارمەندانی پێشمەرگە و ئەفسەرانی ئەمنی — کوژراون و نزیکەی (٥٠) کەسی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە خوێناویترین ڕووداوەکان لە (٢٤) ی ئازاردا بوو، کاتێک شەش پێشمەرگە لە هێرشێکی مووشەکی بالیستیکدا لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون. کە هێرشەکە لەلایەن ئێرانە ئەنجام دراو و دواتر بە بەرپرسانى هەرێم ڕاگەیاند "بە هەڵە" ئەنجامیان داوە.
سەرەڕای بانگەشە دژبەیەکەکان و تۆمەتبارکردنى یەکدى لەلایەن هێز و لایەنە ناوخۆیى و دەرەکییەکانەوە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و ئاشکرا دەرنەکەوتووە کە ئەنجامدانى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێم لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە پشتڕاست بکاتەوە.