پەرەگراف "گەندەڵییەكی" كۆمپانیای قەیوان ئاشكرا دەكات؛ بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت

پەرەگراف- بەدواداچوونی تایبەت
كۆمپانیای قەیوان لە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی نیشتەجێبووندا زەویی دەفرۆشێت بەبێ ئەوەی بیكات بە یەكەی نیشتەجێ بوون، ئەوەش بە سەرپێچی یاساییو گەندەڵی لە قەڵەم دەدرێت كە بەهاكەی چەندین ملیۆن دۆلارە بۆ ئەو كۆمپانیایە.
دەستەی وەبەرهێنانو پەرلەمانی كوردستان، فرۆشتنەوەی زەویی پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوون بە نایاسایی دادەنێنو لەسەر ئەم پرسە بەدواداچوون بۆ فرۆشتنی زەویی لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی دەكەن لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە.
زەویی پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوون لەلایەن حكومەتەوە دەدرێت بە كۆمپانیاكان بە نرخێكی زۆر كەمو ڕەمزیی(مەتری بە دۆلارێك تا چەند دۆلارێكە)، وەك دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، ئەوكارەی حكومەت لە پێناوی خزمەتكردنی هاووڵاتییانە نەوەك كۆمپانیاكان، لەبەرئەوە بۆیان نییە زەویی بفرۆشنەوە.
ئەو زەوییەی كۆمپانیای قەیوان لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی دەیفرۆشێت بە هاووڵاتییان بۆ هەر مەترێك نرخی هەزار دۆلاری ئەمریكی لەسەر داناوە، پەرەگراف پەیوەندیی بە بەشی فرۆشتنی كۆمپانیاكەوە كرد، ئەوان پشتڕاستیان كردەوە كە زەوییان هەیە بۆ فرۆشتن.
دوای دەستكەوتنی زانیاریی لە سەرچاوەی ئاگادارەوە لەسەر ئەم بابەتە، پەرەگراف سێ ڕۆژ لەمەوبەر(29-6) بۆ پشتڕاست كردنەوەی زانیارییەكان پەیوەندیی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە كرد كە كۆمپانیای قەیوان بڵاوی كردووەتەوە تا پەیوەندیی پێوەبكرێتو بەشی فرۆشتنە لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی(07707243333)، لە وەڵامی پرسیاری پەرەگرافدا كە ئایا زەوییان هەیە بۆ فرۆشتن؟ كارمەندی بەشەكە وتی "200 مەتریو 300و 400 مەتریمان هەیە".
پەرەگراف پرسیاری كرد دەكەوێتە كوێوە؟ لە وەڵامدا وتی"سەر بەرزاییەكەو بەشی خوارەوەی. ئێستا گردێكی بەرزی لێیە ئیشی تێدا دەكەن لەوێدایە".
لە وەڵامی ئەوەی، ئایا هەر لەناو پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانیدایە؟ كارمەندەكە وتی"بەڵێ"، ئاماژەی بەوەش كرد، زەوییەكان بەسەر هەواری شاردا دەڕواننو وتیشی "مەتری بە هەزار دۆلارە".
لە وەڵامی پرسیارەكانی دیكەی پەرەگرافدا كارمەندی بەشەكە ئەوەی ڕوون كردەوە، شوێنو ڕووی زەوییەكە كاریگەریی لەسەر نرخەكەی نییەو هەربەو پارەیەیە كە دیاریكراوە، هەروەها دوای پێدانی سەرجەم پارەی زەوییەكە "ڕاستەوخۆ لەسەر كڕیار تاپۆ دەكرێتو فرۆشتنی زەوییەكان قیستیان تێدا نییە".
بەو نرخەی كۆمپانیای قەیوان لەسەری داناوە، ئەگەر هەزار مەتر لە زەویی ئەو پڕۆژەیە بفرۆشرێت نرخەكەی یەك ملیۆن دۆلار دەكات، ئەگەر 10 هەزار مەتر بفرۆشرێت كە 25 پارچە زەویی 400 مەترییە نرخەكەی 10 ملیۆن دۆلار دەكات.
پەرلەمانو دەستەی وەبەرهێنان: نایاساییەو بەدواداچوون دەكەین
"بۆیان نییە ئەو زەوییەی وەریدەگرن بیفرۆشنەوە. هەر حاڵەتێكی لەوشێوەیە هەبێت نەك هەر ئێمە داواكاری گشتیو چاودێری دارایی لەسەری دێنە وەڵام" ئەمە وتەی عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانییە لەبارەی فرۆشتنەوەی زەویی پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوون.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پەرەگراف كە سبەینێ بڵاودەكرێتەوە، ئەوە دەخاتە ڕوو، پێدانی زەویی بە وەبەرهێنەران بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوون بە ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكە، هەربۆیە بە نرخێكی "زۆر ڕەمزیی" پێیان دەدرێت.
لەبارەی فرۆشتنی زەوی لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی، عەزیز سەعید وتی"هەركەسێك بەڵگەی لەسەر هەیە با من هەر ئێستا ئیجرائاتی بۆ بكەم"، لە وەڵامی ئەوەی كارێكی لەوجۆرە دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵییەوە، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی وتی"بەڵێ گەندەڵییەو دەرچوونە لە یاساو ڕێگە پێدارو نییە". تەئكیدی لەوەش كردەوە دوای بڵاوكردنەوەی بەدواداچوونەكەی پەرەگراف، ئەوانیش بەدواداچوون دەكەن ئەوەش لە چوارچێوەی كارەكانیان كە بەشێكی بەدواداچوونە بۆ ئەو هەواڵو زانیارییانەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاودەكرێنەوە.
لەبارەی كەسانێكیش كە ئەگەر لە ئێستادا ئەو زەوییانەیان كڕیبێت، عەزیز سەعید وتی"ئەو كەسانەی دەیكڕن خراپ دەكەن، چونكە ئەوە موڵكی حكومەتەو كە دەیدات بە وەبەرهێنەر بۆ وەبەرهێنەرو قازانجی ئەو نییەو لەبەرخاتری خەڵك پڕۆژەی وەبەرهێنان دەكەین".
كێشەكانی كەرتی وەبەرهێنانو پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوون زۆرنو كەموكورتی زۆر هەن، بە وتەی پەرلەمانتاران، كەمترین لێپرسینەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران دەكرێت.
دابان محەمەد ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان، هاوشێوەی بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی تەئكید لەوە دەكاتەوە "هیچ كەسێك ناتوانێت مامەڵە بە زەویی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە بكاتو ڕێگە پێدراو نییە هیچ وەبەرهێنەرێك زەویی بفرۆشێت".
لەبارەی فرۆشتنی زەویی لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی، ئەو پەرلەمانتارە وتی"نەمبیستووە، بەڵام ئەم پرسەی بەرزاییەكانی سلێمانی دەبەینە پەرلەمانی كوردستانو لەوێوە بەدواداچوونی بۆ دەكەینو ئیجرائاتی تووندیش دەكەین".
پەرەگراف لەمیانی بەدواداچوونەكەیدا ئەوەی بۆ پشتڕاست نەبووەوە كە ئەو زەوییەی كۆمپانیاكە لە بەرزاییەكانی سلێمانی دەیفرۆشێت ئەوەیە كە بە نرخێكی ڕەمزیی لە حكومەتیان وەرگرتووە یاخود موڵكی خۆیانە، بەڵام بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت "ئەگەر زەویی خۆشیان بێتو داخڵی پڕۆژەش بێت، هەر ناتوانن بیفرۆشن"، لە وەڵامی ئەوەی ئایا زەویو موڵكی وەبەرهێنەر خۆی(كۆمپانیای قەیوان) خراوەتە ناو پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی؟ عەزیز سەعید وتی "زەوی خۆیان نەخراوەتە ماستەرپلانی پڕۆژەكەوە".
هاوكات ئەندامەكەی لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمان، تەئكیدی لەوە كردەوە، ئەگەر ئەو زەوییە هی وەبەرهێنانیش نەبێتو موڵكی خۆشیان بێت، بەهەمانشێوە بۆیان نییە لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا بیفرۆشنەوە، وتی"چۆن ڕێگەی پێدراوە بیخاتە چوارچێوەی پڕۆژەكەیەوە؟ ئەگەر زەویی چواردەوری پڕۆژەكەشی لە خەڵك كڕیبێتەوەو بەناوی پڕۆژەكەوە بیفرۆشێتەوە ئەوەش فێڵێكی گەورەیەو نایاساییە".
بەرزاییەكانی سلێمانی گەورەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوونەو دەكەوێتە ناوچەی دەباشان لە بناری چیای ئەزمەڕ، لە سەدان ڤێلاو باڵەخانەو یەكەی نیشتەجێ بوون پێكدێتو لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ملیۆنێكو 500 هەزار مەتر دووجا جێبەجێ دەكرێت.
كۆمپانیای قەیوان بەدەر لە كەرتی نیشتەجێبوون كە چەندین پڕۆژەی لەو بوارەدا هەیەو یەكێكیان بەرزاییەكانی سلێمانییە، لە چەندین بواری جیاوازدا كار دەكات لەوانە؛ نەوتو وزە، خوێندن، تەندروستی، خۆراكو ئامێری كارەبایی.
لە چوارچێوەی ئەم بەداواداچوونەیدا پەرەگراف 3 ڕۆژ لە هەوڵدابوو لێدوانی فەرمیی كۆمپانیای قەیوان وەربگرێت، چەند جارێك پەیوەندیی بە بەرپرسی بەشی فرۆشتنەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. دواتر دوێنێ پەیوەندیی بە ئەلەند مەحوی بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمپانیاكەوە كرد، لە وەڵامی وتی، پرسیارەكانم بۆ بنێرن بە نووسین وەڵامتان دەدەمەوە، پەرەگراف ڕاستەوخۆ 3 پرسیاری لە ڕێی ڤایبەرەوە بۆ ناردو چاوەڕوانی وەڵام بوو، ناوبراو وتی "ئەمڕۆ فریا ناكەومو سبەینێ وەڵامتان دەدەمەوە"، پەرەگراف زیاتر لە 24 كاتژمێر لە چاوەڕوانیدا بوو، تا ساتی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكە وەڵامی نەدایەوە.