وەبەرهێنانی سلێمانی: گۆڕان دەسەڵاتەكانی گەڕاندەوە هەولێرو زیانی زۆری بە سلێمانی گەیاند

03-07-2020 03:20
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆچوونێكی تاڕادەیەك باو هەیە كە سلێمانی گەشەی وەستاوەو كەرتی وەبەرهێنان تێیدا سست‌و "مردووە"، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی شارەكە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییەو پێیوایە ڕۆتین‌و گەڕاندنەوەی دەسەڵات لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر‌و بە مەركەزیی كردن، هۆكارە، ئەوەش بە زیانێك ناو دەبات كە وەك ئەو دەڵێت، بزووتنەوەی گۆڕان بە سلێمانیی گەیاندووە.

پەرەگراف لەم چاوپێكەوتنەدا شەنوكەوی كەرتی وەبەرهێنان‌و پڕۆژەكانی سلێمانی‌و پلانەكانی داهاتوو دەكات لەگەڵ عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەو پێیوایە ڕۆتین كاریگەریی لەسەر كەرتەكە‌و گەشەی سلێمانی هەبووەو دەڵێت "بەهۆی ئەوەی كاتی خۆی كە دەستەی وەبەرهێنان چووەژێر دەسەڵاتی برادەرانی گۆڕان، ئەوان دەسەڵاتەكانیان گێڕایەوە بۆ هەولێر، لەو كاتەوە دەسەڵاتەكان چووەتەوە ئەوێ‌و ئێمە بۆ هەموو شتێك دەبێت ئەو ڕۆتینە ئیدارییە جێبەجێ بكەین، پێشتر وانەبوو هەموو دەسەڵاتەكان لێرەبوو".

لە كابینەی پێشووی حكومەت، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بوو تا ئەو كاتەی بەهۆی كێشەكانیان لەگەڵ پارتی‌و ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونە شاری هەولێر لەلایەن هێزە چەكدارەكانی پارتی‌و لە كارخستنی پەرلەمان تیمی گۆڕان لە كابینەكە نەما، ئەو بزووتنەوەیە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دروشمی لامەركەزیی‌و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بەرزكردووەتەوە.

بەڵام بۆچی دەسەڵاتی وەبەرهێنانی كردووەتەوە بە مەركەزیی؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا عەزیز سەعدی وتی"ئەو پرسیارە دەبێت لە خۆیان بكرێ، ئەوان مەبەستیان بوو بۆ سلێمانی وابێت، ئەوە زۆر زیانی بە سلێمانی گەیاند، چونكە ساڵانی پێشوو نزیكەی 40 مۆڵەت دەدرا، بەڵام كە دەسەڵاتەكان چووەوە هەولێر دابەزی بۆ 6 بۆ 7 مۆڵەت لە ساڵێكدا".

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەوە دەخاتە ڕوو، ئێستا ئەوان كار بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەكان دەكەن، "توانای خۆمان خستوەتەكار بۆئەوەی ڕۆتین كەم بكەینەوە، سەرۆكی ئێستای دەستەی وەبەرهێنانیش زۆر هاوكارە لەگەڵماندا بۆئەوەی بتوانین زیاتر پەرە بە كارەكانمان بدەین".

دەستەی وەبەرهێنان ئێستا كار بە پلانێكی نوێ دەكات، لە سەرتاسەری هەرێم هەزارو 55 پڕۆژە خراوەتە پلانەوەو 273 پڕۆژە بۆ سلێمانی ڕاگەیەندراوە، ئەوە سەرباری پێشكەشكردنی پڕۆژە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، لەبارەی پلان‌و پڕۆژەكانی سلێمانی، عەزیز سەعید ئەوەی خستە ڕوو، كارگەی گەورەی تێدایە لە ناوچەی پیشەسازی، كارگەی دەرمان، پڕۆژەی گاوداری، باخی گەورەو لەقوتونان‌و پڕۆژەی گەشتیاری‌و دروستكردنی بەنداو.

وەبەرهێنەرو سەرمایەداران هاتوونەتە پێشەوە بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان، دەستەی وەبەرهێنان كاردەكات بە سیستمێكی نوێ بە ناوی (یەك پەنجەرە) مامەڵەكان ڕایی بكات دوور لە ڕۆتینات، بەڵام ئەو قەیرانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستی كردووەو نەبوونی دەوامی فەرمانگەكان وەك پێویست، لە ئێستادا ڕێگری سەرەكییە لە كارەكانیان.

"ئەگەر بتوانین سەرجەم پڕۆژەكان بخەینەكار زیاتر لە 200 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت لە سەرتاسەری هەرێم، ئەمانە هەمووی بە ساڵێك ناكرێت، بەڵام پڕۆژە گەورەو گرنگەكان كاریان لەسەر دەكەین، ئێمە لێرە 18 پڕۆژەمان دیاریی كردووە، هەروەها زیاتر لە 32 پڕۆژەش پێشكەش كراوە لە 273 پڕۆژەی ناو پلانەكەمان" عەزیز سەعید وای وت.

سلێمانی لە كەرتی پیشەسازیدا پێشكەوتنی زۆری هەبووەو پلەی یەكەمی هەیە لەسەر ئاستی عێراق، لەسەدا 32ی پیشەسازیی عێراق‌و لەسەدا 61ی كوردستان لەو پارێزگایەیە، لە پڕۆژە نوێیەكانیشدا پڕۆژەی پیشەسازیی هەن، بەڵام بایەخ بە كەرتەكانی دیكەش دراوە، وەك كشتوكاڵ‌و گەشتیاریی.

ڕەخنەیەك كە بەردەوام لە كەرتی وەبەرهێنانی هەرێم دەگیرێت ئەوەیە كە پڕۆژە گرنگ‌و گەورەكان دەدرێن بە كۆمپانیاكانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان(پارتی‌و یەكێتی)، بەڵام بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ئەوە ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت "دوو ساڵ‌و دوو مانگە بەڕێوەبەری گشتیم یەك پڕۆژەم نەكردووە كە فشاری حیزبم لەسەر بووبێت یان بڵێن دەبێت ئەمە بۆ ئێمە بێت، هەركەس پڕۆژەی پێشكەش كردبێت لە چوارچێوەی ئەو 14 سێكتەرەی كاری ئێمەدا، هەمان كاری بۆ دەكەین، ئەوەش دەكەوێتەسەر ئیمكانیاتی كۆمپانیاكان كە بتوانن پڕۆژەكە جێبەجێ بكەن".

عەزیز سەعید باسلەوە دەكات، ئەوان حساب بۆ ئەوە ناكەن پشتەوەی كۆمپانیاكان كێیەو كار بۆ كێ دەكات، وتی "من ئەوە ناخوێنمەوە، ئەوە دەخوێنمەوە چی دەكەم بۆ سلێمانی؟ چەند پڕۆژە جێبەجێ دەكەم كە ببێتە هۆی جوانی‌و بەهەمی نوێ‌و دەستی كار بۆ شارەكە، سلێمانی وەبەرهێنانەی لێ لاببەیت دەڕواتەوە ساڵی 1988".

چاودێریی‌و سوودی پڕۆژەكان؛ لە نێوان خەڵك‌و سەرمایەداراندا

پڕۆژەكانی كەرتی وەبەرهێنان زیاتر سوودی بە سەرمایەدارو وەبەرهێنەر گەیاندووە نەك خەڵك‌و چینی هەژارو مام ناوەند، ئەمەش وتەیەكی دیكەی باوی ناو كۆمەڵگەی كوردییەو ئاماژەكانیش دەرخەری ئەوەن تاڕادەیەك ئەم قسەیە ڕاست‌و واقیعییە، بۆنمونە بەهۆی پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوون‌و ئاسانكارییەكانی حكومەتەوە، چەندین كەس لە پڕ بوون بە ملیۆنێرو سەرمایەدار كە لای هاووڵاتییان بە "هەڵتۆقیو" ناو دەبرێن.

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەو بۆچوونەو ملیۆنێربوونی هەندێك كەس بەهۆی ئەو كەرتەوە بە ڕاست لەقەڵەم دەدات، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ یاسای وەبەرهێنان كە ئەو پێیوایە بۆ سەردەمی خۆی باش‌و بەهێز بووە، بەڵام پێویستی بە دەستكارییە.

عەزیز سەعید باسیلەوە كرد، كاتێك ساڵی 2006 یاسای وەبەرهێنان دەركرا، قەیرانێكی زۆری نیشتەجێبوون هەبوو لە شارەكان‌و گوندەكانیش پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوە بووە، وتی"یاسای وەبەرهێنان بۆ ئەوكات بەهێز بوو، بەڵام ئێمە لە 2011وە دەڵێین دەبێ یاساكە بگۆڕدرێ‌و دەستكاریی بكرێت. ئێستا لە سلێمانی ژمارەی یەكەی نیشتەجێ بوون لە ژمارەی خێزانەكان زیاترە. خەڵك هەیە 10 یەكەی كڕیوەو دایناوە، كابرا ماڵی لە لادێیەو لێرەش خانوی هەیەو دایخستووە".

سەرباری ئەوەش، پڕۆژەی نوێی نیشتەجێ بوون بەڕێوەیە لە تەواوی كوردستان، پلانەكە وایە كە بۆ كەسانی كەمدەرامەت‌و چین‌و توێژێك بێت كە سوودمەند نەبووبێ‌و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرپەرشتی دەكات، لەسەر ئاستی هەرێم 10 هەزار یەكە لە پلاندایە‌و سلێمانی‌و هەڵەبجە لەسەدا 42یان بەردەكەوێت.

"هێشتا شوێنەكان دیاریی نەكراون، بەڵام كۆمەڵێكی زۆر پڕۆژە پێشكەش كراوە، بردوومانەتە پارێزگا تا بتوانین لەگەڵ شارەوانی شوێنیان بۆ دیاریی بكەین" عەزیز سەعید وای وت.

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی، ڕەخنەی لە چاودێریی پڕۆژەكان هەیەو دەڵێت "لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونمەوە هاوارم لەسەر ئەوەبووە كە شێوازی سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكان هەڵەیە، هەر نەبووەو نەش كراوە"، ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا كار بۆئەوە دەكەن وەزارەتەكان سەرپەرشتیی پڕۆژەكان لە ئەستۆ بگرن.

"بە 10 ئەندازیارەوە 45 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون سەرپەرشتی ناكرێت. نوسینگەی ئەندازیاری هەیە كە سەربە یەكێتی ئەندازیارانە، بەڵام باوەڕم بەوە نییە كۆنتڕۆڵی پڕۆژەكانی كردبێت.. من لەگەڵ ئەوەدانیم‌و ڕازی نیم لێی" بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی وادەڵێت.

لەبارەی قازانجی پڕۆژەكان بەتایبەت یەكەی نیشتەجێ بوون كە جێگەی گلەیی‌و نیگەرانیی خەڵك‌و بەشداربووانی پڕۆژەكانە، عەزیز سەعید وتی "پێش 2012 قازانج دیاریكراو نەبوو، دوای ئەوە ئێمە لەسەدا 21مان داناوەو خۆمان چاودێریی دەكەین‌و ڕێگە نادەین لەوە زیاتربێت، وەبەرهێنەرەكانیش خۆیان كاری لەسەر دەكەن. ئەمە لە زیاتر لە 30 پڕۆژە جێبەجێمان كردووەو نەمانهێشتووە لەسەدا 21 زیاتری بخەنەسەر".

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی پەرەگراف وتی"وەبەرهێنەران بۆیان نییە ئەو زەوییەی وەریدەگرن بیفرۆشنەوە. هەر حاڵەتێكی لەوشێوەیە هەبێت نەك هەر ئێمە داواكاری گشتی‌و چاودێری دارایی لەسەری دێنەوەڵام".

حكومەت بە نرخی هاندراو زەویی دەداتە وەبەرهێنەران بۆ پڕۆژەی نیشتەجێ بوون، هەر مەترێك بە نرخێكی زۆر كەم‌و ڕەمزیی، ئەوەش لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكە، وەك بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت "پڕۆژە نیشتەجێ بوونەكان هەمووی بۆخزمەتی هاووڵاتییانە".

پەرەگراف پرسی فرۆشتنی زەویی لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە ڕوبەڕوی وەبەرهێنانی سلێمانی كردەوە كە ئایا ئاگادارن‌و بەدواداچوونیان كردووە؟ لە وەڵامدا عەزیز سەعید وتی "ئەو قسەیە زۆرجار دەكرێت‌و بەدوادایدا دەچین، ئەوە جۆرێكە لە ڕێككەوتن زەویی فرۆشتن نییە، بەڵكو هاوڵاتییەك دەیەوێت بە دیزاینێكی خۆی دروستی بكات، وەبەرهێنەرەكە تەواوی خزمەتگوزارییەكانی بۆ كردووە، ئەو نیسبەیەی بەرامبەر خزمەتگوزارییەكان لێی وەردەگرێت خەڵك حسابی دەكات بەوە".

پەرەگراف ئەوەی ڕوونكردەوە مەبەستی فرۆشتنی زەوییە نەك ئەو حاڵەتەی ئەو باسی دەكات، لە وەڵامدا عەزیز سەعید تەئكیدی كردەوە ئەوكارە ڕێگەپێدارو نییە، وتی "شتیوا نییە. هەركەسێك بەڵگەی لەسەر هەیە با من هەر ئێستا ئیجرائاتی بۆ بكەم".

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی، فرۆشتنەوەی زەویی لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە "گەندەڵیی‌و دەرچوون لە یاسا" لەقەڵەمدا‌و تەئكیدی كردەوە بەدواداچوون لەبارەی زانیارییەكانی پەرەگراف دەكەن.

لەبارەی كەسانێكیش كە ئەگەر ئەو زەوییانەیان كڕیبێت، عەزیز سەعید وتی "ئەو كەسانەی دەیكڕن خراپ دەكەن، چونكە ئەوە موڵكی حكومەتەو كە دەیدات بە وەبەرهێنەر بۆ وەبەرهێنەرو قازانجی ئەو نییەو لەبەرخاتری خەڵك پڕۆژەی وەبەرهێنان دەكەین".

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی زانیاریی ئەوەی لەبەردەستدا نەبوو كە حكومەت بە چ نرخێك زەویی داوە بە كۆمپانیای قەیوان لە پڕۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی، لەبارەی هەبوونی زەوی خۆیان یاخود كڕینەوەی لە خەڵك، وتی "زەوی خەڵكیان نەكڕیوە، بەڵام بەشێكی موڵكی خۆیان بووە".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئەوەی بەناوی خۆیانەوەیە دەتوانن بیفرۆشن؟ عەزیز سەعید وتی "ناتوانن. داخڵی پڕۆژەش بێت ئەگەر زەوی خۆشیان بێت ناتوانن بیفرۆشن".

دەستەی وەبەرهێنان بە چەند ڕێگایەك بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكات، بەشێكیان لە ڕێگەی ئەو زانیارییانەوە كە هاووڵاتییان پێیان دەدەن، یاخود لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگا، داواكاری گشتی‌و ئەو هەواڵ‌و زانیارییانەی لە ڕاگەیاندنەكان بڵاودەكرێنەوە.

پەرەگراف لەمیانی كارە ڕۆژنامەوانییەكانیداو لەبارەی ئەو زانیاریی‌و بەڵگانەی بڵاویان دەكاتەوە، بایەخ بە بەدواداچوون‌و ئیجرائاتی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەدات، بۆئەوەش تیمی ڕۆژنامەوانیی پەرەگراف بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەكانیان.