وەزیرێكی گۆڕان بۆ پەرەگراف: پێداچوونەوە بە سێكتەری نەوتدا دەكرێت بە گرێبەستەكەی توركیاشەوە

05-07-2020 11:54
كاركردن لە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كاتی دروستكردنی بۆرییەكە لە ساڵی 2013. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

وەزیرێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم دەڵێت، سێكتەری نەوت بۆ ئەوان‌و بەشێكی كابینەی حكومەت ڕوون نییەو داوایان كردووە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، ئەوەش بڕیاری لەبارەوە دراوەو لیژنەیەكی نوێ گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات، پێداچوونەوەكە ئەو گرێبەستە 50 ساڵییەش دەگرێتەوە كە لە نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیادا هەیە.

ئەو وتانەی دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا دێت لەگەڵ پەرەگراف كە سبەینێ بڵاودەكرێتەوە، تێیدا تیشكدەخاتەسەر دۆخی دارایی هەرێم، پڕۆسەی چاكسازیی‌و ئاستەنگی بەردەم كارەكانیان‌و گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر پرسی نەوت‌و بودجە.

"حكومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو نەوتی هەرێم(نەك تەنها داهاتی نەوت) ڕادەستی بەغداد بكات، تەنانەت بە داهاتە نانەوتییەكانیشەوە، بەڵام بە مەرجێك لە بەرامبەردا عێراق شایستە داراییەكانی هەرێم بە پارەی سەرجەمی مووچەو پڕۆژەكانەوە بنێرێت" دانا عەبدولكەریم وادەڵێت.

"ئەگەر عێراق بڵێت تۆ هەموو داهاتەكانم ڕادەست بكەو منیش نیوەی ئەوەی كە پێویستتە بۆت دەنێرم، ئەی نیوەكەی تری چۆن دابین بكرێت؟ تۆ هیچ داهاتێكی دیكەت بۆ خۆت نەهێشتووەتەوەو ئەویش نیوەیت بداتێ، چۆن ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پێدەكرێت؟ هەر كەس لە ڕووی ئیدارییەوە ئەلف‌و با بزانێ ناتوانێ تەسلیم بەو واقیعە ببێت" وەزیری ئاوەدانكردنەوە وادەڵێت.

هێشتا گفتوگۆكان لە نێوان هەولێرو بەغداد بەردەوامە‌و بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم سەردانی بەغداد بكاتەوە، دانا عەبدولكەریم دەڵێت "ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوان نایانەوێت سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدەن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پەرەگراف كە ئەگەر هەموو مەلەفی نەوت ڕادەست بكرێت، ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم‌و كۆمپانیاكان‌و وڵاتان بۆ نمونە توركیا چی بەسەردێت؟ ئەو وەزیرە وتی "ڕێككەوتنەكان لەگەڵ كۆمپانیاكان‌و ڕێككەوتنە 50 ساڵییەكەش لەگەڵ توركیا دەچێتە ئەو چوارچێوەیەو لەوێدا دەبێت چارەسەر بكرێن".

ئایا تیمی وزاریی گۆڕان كە وەزیری داراییان هەیەو ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و گازە، ئاگاداری ڕێككەوتنە 50 ساڵییەكەن لەگەڵ توركیاو زانیارییان لەبارەیەوە هەیە؟ دانا عەبدولكەریم وتی "تیمی وەزاریی گۆڕان ئاگاداری ڕێككەوتنە 50 ساڵییەكە نییە لەگەڵ توركیاو زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆكەكەی نییە، ئێمە داوامان كردووە هەموو مەلەفی نەوت پێداچوونەوەی پێدا بكرێت بە گرێبەستە 50 ساڵییەكەشەوەو بڕیاری لەبارەوە دراوە".

وەزیری ئاوەدانكردنەوە وتیشی "لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارمانداوە لیژنەیەكی نوێ دروست دەكرێت بۆ پێداچوونەوەو گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت، چونكە سێكتەری نەوت نەك لای ئێمە لای بەشێكی زۆری ئەم كابینەیە ڕوون نییە‌و پێویستی بە پێداچوونەوەیە، نە داهات‌و نە خەرجییەكەی ڕوون نییە، ڕاستە كۆمپانیای دیلۆیت هەیە كە پشكنین بۆ چۆنیەتی فرۆشتن‌و داهاتەكانی نەوت دەكات، ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئامادە دەكات‌و چاودێریی سێكتەرەكە دەكات‌و لە ڕووی زانستییەوە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام لە ڕووی واقیعییەوە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە".

بۆ سێكتەری نەوت ڕوون نییە؟ دانا عەبدولكەریم بەمجۆرە وەڵامی دایەوە "لەبەرئەوەی میكانیزمنی كاركردن وابووە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆی بەرپرس بووە لە فرۆشتنی نەوت‌و خۆی داهاتەكانی وەرگرتووەتەوە، خەرجییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لێدەركردووە لە شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان، دواتر ئەوەی كە ماوەتەوە ئەوەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە وەزارەتی دارایی تەنها ئاگاداری ئەو بڕە پارەیەیە كە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە ڕادەستی كراوە، ئێستا لە پڕۆسەی گۆڕینی ئەم میكانیزمەداین".

تەواوی چاوپێكەوتنەكەی پەرەگراف لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان، سبەینێ بڵاودەكرێتەوە.