تمەن ماڵوێرانی هێنا؛ زیانی سەدان هەزار دۆلاری لە خەڵكی سلێمانی دا

28-07-2020 05:58

پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

قارەمان بە شارەزایی چەندین ساڵەوە لە ئاڵوگۆڕی دراو، دواجار كەوتە داوی تمەنی ئێرانییەوە و تەنیا لە هەفتەیەدا، زیاتر لە دەفتەر و نیوێك دۆلار زیانی بەركەوت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، باسی گەرمی بازاڕی دراو لە پارێزگای سلێمانی تمەنی ئێرانی بوو، دوای ئەوەی لەناكاو نرخەكەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی هاڕەی كرد، تمەن بە لێشاو دێتە بازاڕی سلێمانی‌و لە بەرامبەردا دۆلار دەبرێتەوە بۆ ئێران "بە قاچاغ".

ئێران پێویستی بە دۆلارە بۆ لاوازكردنی كاریگەریی گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئەو وڵاتە، بەڵام پسپۆڕانی ئابوری دەڵێن، ئەو مامەڵەی تمەن بە دۆلارەی لە سلێمانی دەكرێت، دادی ئێران نادات.

بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار تمەنەوە مامەڵەی پێوەكرا.

"شەخسی خۆم لەماوەی یەك هەفتەدا سێ سەد ملیۆن تمەن زەرەرم كردووە كە نزیكەی 15 هەزار دۆلار دەكات"، قارەمان جومعە بۆ پەرەگراف وای وت.

قارەمان ناوی خوازراوی خاوەن دوكانێكی ئاڵوگۆڕی دراوە و دەڵێت، خەڵك هەیە 80 تا 90 دەفتەر دۆلاری كردووە بە تمەن، "هاوڵاتی هەیە خانوەكەی لێ سەندراوەتەوە و ئێستا لە خانوی خۆیدا كرێچییە، چونكە زیانی بەركەوتوە لە تمەندا".

ئەو زیانە زۆرە دوای دابەزینی بەرچاوی نرخی تمەن هات، ئەوكاتەی خەڵك بڕێكی زۆر دۆلاری ئەمریكی بە تمەن گۆڕییەوە.

لە هەفتەكانی ڕابردودا 100 دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر بوو بە ملیۆنێك و زیاتر لە 600 هەزار تمەن، خەڵك ڕوویكردە كڕینی تمەن بە ئامانجی ئەوەی لە بەرزبونەوەی بەهاكەیدا بەرانبەر دۆلار قازانجی لێبكەن، بەڵام بەپێچەوانەوە، دوو هێندە بەهاكەی لەدەستدا.

قارەمان وتی "ئەم تمەنە ئێران خۆی چاپی ئەكات و لەبری ئاڵتوونی نەخەواندووە، بۆیە ئێران هیچ زەرەرێك ناكات، بۆنمونە 200 ملیۆن چاپ بكات هەرچەند نرخیشی كەمبكات ئەوەندەی تر چاپ دەكاتەوە، بەرامبەر بەم تمەنە دۆلار وەردەگرن و دۆلارەكەش دەبەنەوە بۆ ئێران".

ئەو تمەنەی لە بازاڕەكانی سلێمانیدا مامەڵەیان پێوەدەكرێت لە جۆری نوێیە و بەكارهاتوو یاخود كۆن نین.

قارەمان دەڵێت، ڕۆژانە بە لێشاو تمەنی ئێرانیی "بە قاچاغ" دێتە بازاڕی سلێمانی‌و دۆلاری ئەمریكی "بە قاچاغ" دەبرێتەوە بۆ ئێران، داواشیكرد كەس خۆی لە قەرەی تمەن نەدات، چونكە هیچ پاشەڕۆژێكی نییە.

سلێمانی بەوپێیەی فراوانترین سنوری وشكانیی عێراقە لەگەڵ ئێران‌و دەروازەیەكی بازرگانیی گرنگە بۆ هەردوو وڵات، بازاڕێكی گەرمە بۆ دراوی تمەن.

حاجی عەلی، ناوی خوازراوی شارەزایەكی ئاڵوگۆڕی دراوی تمەنی ئێرانییە، ئەو بۆ‌ پەرەگراف وتی "خەڵكی زۆر دەناسم لە پێنج هەزار دۆلار تا 40 هەزار دۆلار زەرەریان كردووە، ئەم كەسانە بە نیازی قازانج پێشتر كڕیویانە و ئێستا زیاتر دابەزیووە".

ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی سلێمانی مامەڵە بە دراوی تمەنەوە دەكەن، جگە لەوانەی نیازی قازانجیان هەیە، بەشێكیان دەیانەوێت بۆ گەشتی ئێران بەكاریبهێنن.

بەوتەی حاجی، كەسی وا هەیە خۆی 20 هەزار دۆلاری هەبووە 20 هەزار دۆلاریشی قەرز كردووە و تمەنی كڕیوە، ئێستا هەموو تمەنەكەی دەفرۆشێت تەنها ئەو پارەیە دەكات كە قەرزی كردووە و ئەوەش یەكسانە بە ئیفلاسبونی.

بەهای دراوی تمەنی ئێرانی، چەند ساڵێكە نرخەكەی لە دابەزینی بەردەوامدایە، هۆكارێكی سەرەكی ئەوەش گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر تاران، ئامانجێكی ناردنی تمەن بۆ سلێمانی‌و بردنەوەی دۆلار بۆ ئێران ڕوبەڕوبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكایە.

دكتۆر خالید حەیدەر، ئابوریناس و مامۆستای زانكۆ بۆ پەرەگراف وتی "كڕینی تمەن لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر بنەمای پێشبینییەكە كە ئەگەر نرخەكەی بەرزبێتەوە قازانج دەكەن، ئەگەر زیاتر دابەزێت زیان دەكەن، ئەوەش لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمایەكی زانستیی نیە و تەنها پێشبینییە بۆیە یاریكردنە بە ئاگر".

ئەو پسپۆڕە ئابورییە ئەوە بە باشتر دەزانێت كە مامەڵە بە دراوە جێگیرەكانی وەك دۆلار و دیناری عێراقی و ئاڵتون بكرێت، "ئەگەر كڕینی تمەن بە نیازی بازرگانیش بێت و بە تمەنەكە كەلوپەلی ئێرانی هاوردە بكرێت دیسان زیانە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و بە زیانی هەرێمە وەك لەماوەی ڕابردوودا بینیمان چۆن تەماتەی كوردی لەسەر شەقام فڕێدرا".

دەربارەی سودی ئەم مامەڵەیە بۆ ئێران، دكتۆر خالید وتی "ئێران پێویستی بە دۆلارە و بەو ڕێگەیە دۆلار دەباتە وڵاتەكەی بۆ مامەڵە لەگەڵ دەرەوەی، بەڵام ئەم كارەش كێشەكانی ئێران چارەسەر ناكات كە بەهۆی گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە دروست بووە".