پڕۆژەیەكی جیاواز لە سلێمانی؛ پەلەوەرو ئاژەڵی بە سروشتی بەخێوكراو دەخاتە بازاڕەوە

22-08-2020 05:19
مریشك‌و قاز‌و مەڕو بزنی مەرەز، لە پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ سروشت. وێنەكان؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

پڕۆژەیەك لە سلێمانی مریشك‌و قازو جۆرە جیاوازەكانی ئاژەڵ بە پێدانی خۆراكی سروشتی‌و بەبێ ماددەی كیمیایی بەخێودەكات‌و گۆشتەكەیان دەخاتە بازاڕەوە، وەك یەكەم بەرهەم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مریشكی فرێش دەخاتە بەردەست كڕیاران.

لەسەر ڕوبەری 550 دۆنم زەویی پڕۆژەیەكی جیاواز لەسەر ڕێگەی تاسڵوجە لە سلێمانی بنیات نراوە، گەورەترین شەتڵگەی بەرهەمهێنانی گوڵ‌و نەمام لەسەر ئاستی عێراق لە خۆدەگرێت، لەگەڵ بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەكانی سەوزەوات‌و گۆشت.

پڕۆژەكە بەشێكە لە گروپی كۆمپانیاكانی دەروازە، وەك لە ناوەكەیەوە هاتووە(گەڕانەوە بۆ سروشت) تەواوی بەرهەمەكانی بە سروشتی‌و بەبێ بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی پێدەگەیەنرێن‌و دەخرێنە بازاڕەوە، لە ئێستادا جگە لە گوڵ‌و نەمام، لە بەرهەمەكانی گۆشتدا مریشك‌و مەڕ لەناو پڕۆژەكەدا ئامادەن بۆ فرۆشتن.

"تەنها یەكجار خەڵك متمانەمان پێبكات‌و تاقی بكاتەوە بۆ ئێمە بەسە، دواتر خۆیان دێنەوە، ناشمانەوێت زۆر بكڕن، تەنها یەك مریشك‌و بەس"، ئەمە وتەی كوردۆ عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەكەیە كە بە متمانەیەكی زۆرەوە لەبارەی بەرهەمەكانیان بۆ پەرەگراف وای وت.

چەند ڕۆژێكە دەستكراوە بە فرۆشتنی مەڕو مریشك لەناو پڕۆژەكەدا، بەڵام هێشتا نەخراونەتە بازاڕەوە. لە بەرنامەیاندا نییە لەڕێی دووكانەكانی فرۆشتنی مریشكەوەو بە زیندویی بیانخەنە بازاڕەوە تا تێكەڵی مریشكی دیكە نەكرێن، بەڵكو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە چاككراوی‌و لۆگۆی خۆیان‌و بە ناوی (مریشكی سروشتیی كوردۆ) لە مۆڵ‌و ماركێتەكانی سلێمانی بەردەست دەبێت.

تەمەنی مریشكەكانی پڕۆژەكە دەگاتە سەرووی 80 ڕۆژ ئەوكات سەردەبڕدرێن‌و دەخرێنە بازاڕەوە، لە 15 ڕۆژی سەرەتای تەمەنیاندا تەنها عەلەفیان پێدەدرێت، پاشان بۆ ماوەی 3 ڕۆژ عەلەف‌و سەوزەوات بە تێكەڵیی‌و دواتر تەنها سەوزەیان پێدەدرێت؛ پیاز، جۆرەجیاوازەكانی سەوزە، وێنجە، سیر، لیمۆو ترش، بە ئامێری تایبەت ورد دەكرێن‌و ڕۆژانە دەدرێنە مریشكەكان تا ڕۆژی سەربڕینیان.

"لە ئێستادا 40 هەزار مریشكمان هەیەو لە پەرەپێدانی بەردەوامداین، ڕۆژانە تەنها سەوزە هەزار دەسكیان پێدەدرێت لەگەڵ تەن‌و نیوێك پیازو دوو تەن وێنجە‌و ترش‌و لیمۆو سیر بە بڕی جیاواز، مریشكەكان بۆن ساردیان نییەو تامیان خۆشەو ئێسقانیان ڕەقەو كوڵاندنی زیاتریان دەوێت لەكاتی لێناندا" بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ سروشت وای وت.

كوردۆ عەزیز ئاماژەی بەوەشكرد، چەند ڕۆژێكە لەناو پڕۆژەكەدا دەستیان كردووە بە فرۆشتنی مریشكەكان‌و پێشوازییەكی باشیان لێدەكرێت لەلایەن خەڵكەوە، وتی "ئەوانەی ترسیان لە مریشكی دەواجن هەیە بێمنەت ئەمەی ئێمە بخۆن. خەڵك هەیە خواردنی مریشكی تەرك كردووە، بەهۆی ئەمەی ئێمەوە ئێستا دەستی پێكردووەتەوە. خەڵكیش هەیە ژمارەیەكی زۆری بردووە نەك لەبەر ئێمە، بەڵكو تا بینێرێت بۆ كەسوكاری لەبەر بایەخدان بۆ تەندروستییان، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە خەڵك بایەخ بە تەندروستیی بدات".

"یەكەمجارە لە كوردستان‌و عێراق پڕۆژەیەكی لەمجۆرە بكرێت، موجازەفەیەكی گەورەی تێدایەو زۆر كەس ناوێرێت خۆی لێبدات، بەڵام ئێمە كردوومانەو بەردەوام دەبین، ئامانجمان ئەوەیە خەڵك بگەڕێنەوە بۆ خواردنی سروشتی‌و بایەخ بە تەندروستییان بدەن" كوردۆ وای وت.

پڕۆژەكە مریشك بە چاككراوی‌و فرێشی كیلۆی بە 5 هەزار دینارو مەڕ بە زینەقەپان بە 5 هەزارو 500 دینار دەفرۆشێت.

پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ سروشت، هەلی كاری بۆ زیاتر لە 300 كەس ڕەخساندووە، بەدەر لە مریشك‌و مەڕ، هەریەكە لە؛ قاز، ماسی، بزنی مەرەز، گوێرەكەو مانگاو چەندین بەرهەمی دیكەی دەبێت، ئێستا ئەوانە لە پەرەپێداندان‌و هێشتا ئامادەنین بۆ فرۆشتن، شوێنی بەخێوكردنەكانیان دوور لەیەك‌و هەریەكەیان لەسەر پارچەیەك لە زەویی پڕۆژەكەیە.