پسپۆڕێكی ستراتیژیی ئاو: هەرێمی كوردستان لەبەردەم گەورەترین قەیرانی بێ ئاویدایە

19-11-2020 08:51
ڕەمەزان حەمزە، پسپۆڕی ستراتیژی ئاو لە زانكۆی دهۆك

پەرەگراف

ڕەمەزان حەمزە، پسپۆڕی ستراتیژيی ئاو لە زانكۆی دهۆك بۆ پەرەگراف ئاشكرایدەكات لەگەڵ تەواوبونی بەنداوی ئەلیسۆ لە توركیا، تەواوی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕوبەڕوی گەورەترین گرفتی بێ ئاوی دەبنەوە و بەنداوی موسڵیش شكستدەهێنێت.

ئەو پسپۆڕە ستراتیژییەی ئاو كە بەدواداچوونی لەبارەی كایگەریی سیاسەتی توركیا لەسەر ئاوی عێراق‌و هەرێمی كوردستان كردووەو بەردەوام چاودێریی ئەو پرسە دەكات، لەم چاوپێكەوتنەدا تیشك دەخاتەسەر ئەو مەترسییانەی بەهۆی بەنداوەكانی توركیاوە دروست دەبن.

پەرەگراف: ئەو بەنداوانەی توركیا لەسەر ڕوبارەكان دروستیان دەكات مەترسییان بۆ ڕوبار و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و عێراق چییە؟

ڕەمەزان حەمزە: لە پێش دروستبونی دەوڵەتی توركیا ئەوان هەوڵی دروستكردنی بەنداو دەدەن، چەندین بەنداویان دروستكردوە لەسەر ڕوبارەكان، بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاوی دیجلە و فورات بەهۆی دروستكردنی بەنداوی ئەلیسۆ‌وە كەم دەكەن، ئێستا تەنیا یەك تۆرباینی بەنداوی ئەلیسۆ بەكارخراوە بەهۆیەوە سەدا 50ی ئاستی ئاوی ڕوبارەكانی فورات و دیجلە كەمیان كردوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانم لە ساڵانی 2025 تا 2026 عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەونە گەورەترین قەیرانی بێ ئاوییەوە و بەنداوی موسڵیش شكستدەهێنێت. توركیا تێكچونی ڕەوشی سوریا و عێراق بە هەل دەزانێت بۆ دروستكردنی بەنداوی زیاتر و دەزانێت ئەو دوو وڵاتە ناتوانن ڕێگری لێبكەن.

پەرەگراف: كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانی بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر ئاوی عێراق و هەرێم چی دەبێت؟

ڕەمەزان حەمزە: دروستكردنی بەنداوی ئەلیسۆ یەكێكە لە خراپترین بەنداوەكان دژی عێراق و ناوچەكە، ئێمەی پسپۆڕان واپێشبینی دەكەین عێراق بەنداوی موسڵ لەدەستدەدات كە یەكێكە لە گەورەترین بەنداوی گلدانەوەی ئاو، جگە لەوەی عێراق و هەرێم توشی بێ ئاوی دەبنەوە، كاریگەریشی لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی دهۆك، موسڵ، تكریت، سامەرا، بەغدا، كوت، غەراف‌و میسان دەبێت.
ئەو شارانە جگە لەوەی بێ ئاو دەبن، ئەو بڕە ئاوەی توركیا لە بەنداوەكەوە بەریدەداتەوە بە كەڵكی خواردنەوە نامێنێت، بۆیە چاوەڕێدەكرێت عێراق و هەرێم بەهۆی بێ ئاوییەوە لە چەند ساڵی داهاتودا ڕوبەڕوی چەندین نەخۆشی ببنەوە.

پەرەگراف: عێراق و هەرێم دەتوانن ڕێگری بكەن لە تەواوكردنی بەنداوی ئەلیسۆی توركیا؟

ڕەمەزان حەمزە: بەڵێ عێراق و هەرێم دەتوانن، چەندین ڕێگا هەیە بیگرنەبەر بۆ ڕێگری لە دروستكردنی بەنداوەكانی توركیا، عێراق دەتوانێت لەڕووی یاسایی و ڕێككەوتنی نێودەوڵەتییەوە ڕێگری بكات، بەوپێیەی هندێك بەنداوی توركیا مەترسی گەورەی هەیە بۆ سەر عێراق، لەوانە بەپێی پێشبینییەكان ئەگەر هەیە لە چەند ساڵی داهاتودا یەكێك لە بەنداوەكانی توركیا بەهۆی بومەلەرزەوە بتەقێتەوە، ئەوەش مەترسی گەورە بۆ سەر هاوڵاتیانی عێراق و چەندین ناوچە دروستدەكات.

پەرەگراف: دروستكردنی بەنداوەكانی توركیا تاوەكو چەند كاریگەرییان لەسەر جوگرافیای ناوچەكە و ئاوی سروشتی هەیە؟

ڕەمەزان حەمزە: دروستكردنی هەر بەنداوێك لایەنی باشی و خراپی هەیە؛ بەنداو كاریگەری لەسەر كوالێتی ئاو و جوگرافیای ناوچەكە دەبێت، لەڕوی مێژوییشەوە چەندین شوێنەواری مێژویی ناوچەكە لەناودەچن، بەڵام توركیا بە مەبەست بەنداوی ئەلیسۆ دروستدەكات هەم بۆ لەناوبردنی مێژوی ناوچەكەو تێكدانی جوگرافیا، چونكە ئەو بەنداوە تەنیا كاریگەری لەسەر ناوچە كوردییەكان دەبێت، چەندین شوێنەواری كۆنی كوردی مێژووەكەیان لەناودەچێت.
جگەلەوەش مەترسی بۆ دروستبونی بومەلەرزە لەناوچەكە هەیە، هەرچەندە لەڕوی ڕاگەیاندنەوە بەنداوی موسڵ بە گەورەترین مەترسی ناوی هاتووە لەكاتی تەقینەوەیدا، بەڵام ئەوەی ڕاستییەو دەركەوتووە بەنداوی ئەتاتورك لە توركیا گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەكە نەك بەنداوی موسڵ.