هەرێم: لەسەدا 70ی ئاوارەكانمان لەخۆگرتووە

16-01-2017 05:31
چەند منداڵێکی ئاوارە لەهەرێمی کوردستان

پەرەگراف- کەرکوک ناو

 

سەنتەری كوردستانی هاوبەشی قەیرانەكان ئاشكرایدەكات، لەسەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە سێ‌ هەزار دانیشتووی موسڵ ئاوارەبوون‌و بەرێژەی لەسەدا 70 روویان لەكەمپەكانی هەرێم كردووە، بۆیە توانای وەرگرتنی خێزانی زیاتر زۆر سنوردار بووە.

 

هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەرەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ژمارەی ئاوارەكان لە 10 رۆژی رابردودت دوو ئەوەندە زیادیكردووە‌و رۆژانە زیاتر لەسێ‌ هەزار كەس ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش نزیكەی لەسەدا 70یان چوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەپێی سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

سەنتەری هاوبەشی قەیرانەكان كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دامەزراوە‌و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراقی‌و نێودەوڵەتی كار بۆ هاناوەچوونی ئاوارەكان دەكات، جەختیكردۆتەوە لەوەی هەرێم توانای داڵدەدانی ئاوارەی زیاتری زۆر سنووردار بووە، بۆیە ئەگەر هەموو كەمپەكان تەواوببن ئەوكات دەتوانرێت تەنیا پێشوازی لەنزیكەی 12 هەزار خێزانی دیكە بكرێت.

 

زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان هاوكاتە لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشەكان بۆ سەر داعش‌و پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان، كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە توانیویانە زۆرینەی گەڕەكەكانی بەری‌ چەپی‌ شاری‌ موسڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵبكەنەوە.

 

ئەو پێشڕەوییانە لەچوارچێوەی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵدا هات لەكۆتایی مانگی رابردوودا، ئەوەش دوای وەستانی شەڕ‌و پێكدادانەكان بۆ ماوەیەكی كورت‌و كاتی.

 

بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری هاوبەشی قەیرانەكان دەڵێت بەهۆی شەڕی ناو موسڵەوە، ژمارەی بریندارانی مەدەنی بەرێژەیەكی بەرچاو زیادبوون‌و تائێستا زیاتر لەسێ‌ هەزار بریندار‌ لەنەخۆشخانەكانی پارێزگای هەولێر و دهۆك چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

 

هەروەها داوایكردووە لەلایەنی پەیوەندیدار‌و رێكخراوە مرۆییەكان لەعیراق‌و جیهان، هاوكاری زیاتری هەرێم بكەن بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەكان‌و دابینكردنی پێویستیەكان.

 

هۆشەنگ محەمەد ئەوەشی خستۆتەڕوو كە لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ‌و دەوروبەریەوە لەسێ‌ مانگی رابردوودا، سەدان هەزار كەس ئاوارەبوون‌و زیاتر لە 90 هەزاریان كە نزیكەی 25 هەزار خێزان دەكات روویان لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی‌ كۆچ‌و كۆچبەرانی‌ عیراق ژمارەی‌ ئاوارەكان لەسەرەتای دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ شاری‌ موسڵەوە گەیشتووەتە نزیكەی 180 هەزار كەس.

 

لەسەرەتای‌ دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ “واهاتین نەینەوا” لە‌ 17ی‌ تشیرینی دووەمی‌ 2016 بەبەشداری‌ هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی‌ پێشمەرگە، بەدەیان هەزار لەدانیشتوانی‌ شاری‌ موسڵ و دەوروبەری‌ ئاوارەی‌ ناوچە ئازادكراوەكان بوون‌و تائێستاش ئاوارەبوونی‌ دانیشتوانی‌ ئەو ناوچانە بەردەوامی هەیە.