یوسف محەمەد: سەربەخۆیی كوردستان بابەتێكی ئاڵۆزە

16-01-2017 05:36
یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

پەرەگراف

 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت خەونی هەموو كوردێكە دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام ئەوە بابەتێكی ئاڵۆزەو دەوڵەت "بنیات دەنرێت نەك ڕابگەیەنرێت."

 

ئەو وتانەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا هاتووە كە لەگەڵ ماڵپەڕی مۆنیتەر ئەنجامیداوە.

 

لەبارەی پرسی سەربەخۆیی كوردستانەوە سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت "ئەوە خەونی هەموو كوردێكە كە دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەبێت وەك نەتەوەكانی دیكەی فارس‌و عەرەب‌و تورك. بەڵام دەوڵەت بنیات دەنرێت نەك ڕابگەیەنرێت. دەبێت ژێرخانی سیاسیی‌و دامەزراوەیی هەبن دواتر گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندی."

 

"چەندین ئاڵۆزیی هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ نمونە هیچ دامەزراوەیەك‌ نییەو دۆخێكی ئابووریی باشیش لەئارادا نییە. هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوە." یوسف محەمەد وادەڵێت.

 

یوسف محەمەد لەرۆژی 12ی 10ی 2015 لەكاتێكدا ویستی بچێت بۆ شاری هەولێر، لەبازگەی پردێ ڕێگریی لێكراو لەوكاتەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوتووەو هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجام نەداوە، ئەوەش بەسەرەتای قەیرانێكی سیاسیی قوڵ لەهەرێمی كوردستان دادەنرێت كە تائێستاش درێژەی هەیە.

 

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەگەری ئەوە هەیە قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەكان سەربكێشن بۆ شەڕی ناوخۆیی یاخود دابەشكاریی لەنێوان شارەكانی هەرێمدا، یوسف محەمەد دەڵێت "ئەگەری هەیە ململانێی سیاسیی بگۆڕێت بۆ ململانێی چەكداری، لەبەرئەوەی بەشێك لەحیزبە سیاسییەكان كاریگەرییان هەیە بەسەر هەندێك لەهێزە چەكدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەندێك جار بەكاریدەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر نەیارەكانیان."

 

"ئەمە بەرامبەر من روویدا، كاتێك ژمارەیەكی زۆر لەكەسی چەكدار رێگریان لێ كردم بچمە ناو هەولێرەوە، ئەگەر منیش هەمان شتم بەرامبەر بكردنایە هێزی چەكدارم بەكاربهێنایە، شەڕ دروست دەبوو. بەڵام من ڕەتمكردەوە دۆخەكە بەو ئاقارەدا بڕوات‌و هێزی چەكدار ببەم بۆ ئەوەی بەزۆر بچمە ناو هەولێرەوە."