
پەرەگراف- هاوكار محەمەد
لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا سەنتەرێكی لێكۆڵینەوەی ئیسرائیلی باسلەو كێشەو قەیرانانە دەكات كە چاوەڕوان دەكرێت ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان ببینەوە لەدوای تەواوبوونی شەڕی داعش.
سەنتەری رۆبن كە ناوەندێكی تایبەت بەلێكۆڵینەوەیە لەكاروباری نێودەوڵەتی ڕاپۆرتەكەی لەسەر هەرێمی كوردستان بە بەكارهێنانی 75 سەرچاوە ئامادەكردووەو پێیوایە ئێرانو هەیمەنەی شیعە، توركیاو ئێران، حەشدی شەعبیو هاوپەیمانانی، ناوچە جێناكۆكەكان، ناكۆكی ناوخۆیی، ئاوارەكان، سەربەخۆیی هەروەها ئابوری دیارترین ئەو كێشەو قەیرانانەن كە ئەگەری هەیە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕویان ببێتەوە لەدوای كۆتایی هاتنی داعش لەعێراق.
"شەڕی داعش زۆربەی هێزەكانی یەكخست، هاوكاری ئابوریو سەربازی هێنا بۆ كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا كێشەكانی ناو عێراقی زەقتر كردەوە وەك هەیمەنەی میلیشیا شیعەكان كە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ كوردستانێكی سەركەوتوو سەقامگیر. پرسیارەكە ئەمەیە ئایا حكومەتی هەرێم هەنگاو دەنێت بەرەو ڕوی ئەم هەڕەشانە بە كەمبوونەوەی كاریگەری ئەمریكا لەناوچەكە" راپۆرتەكە وادەڵێتو بەم شێوەیە باس لەهەریەك لەكێشەو قەیرانەكان دەكات.
ئێرانو هەیمەنەی شیعە
سەنتەری رۆبن باسلە هەژموونی ئێرانو میلیشیا شیعەكانی سەربەو وڵاتە دەكات لەعێراقو پێیوایە ئەمانە لەداهاتوودا كێشە بۆ كورد دروست دەكەن بەتایبەت لەپرسی سەربەخۆییدا.
ئەو سەنتەرە لەراپۆرتەكەیدا باسلەوەدەكات، لەمانگی 11ی 2016 بارودۆخی ئەمنی وای كرد كە كوردو میلیشیا شیعەكان هاوپەیمانی بكەن لەشەڕی موسڵ لەناوچەی تەلەعفەر، بەڵام هەژموونی ئێرانو نزیكیی لەكوردستانەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر كورد دەبێت، بەوپێیەی دژی سەربەخۆیی كوردستان، ڕاپۆرتەكە پێیوایە"ئێرانو هاوپەیمانە شیعەكانی داهاتووی عێراق داگیردەكەن كە دەبێتە هۆی نائومێدكردنی كورد بۆ سەربەخۆیی".
حەشدی شەعبیو هاوپەیمانەكانی
راپۆرتەكەی سەنتەری رۆبن حەشدی شەعبیو هاوپەیمانەكانی بەیەكێكی دیكە لەكێشەكانی بەردەم كورد دادەنێت، باسلەوەدەكات سیاسەتی حەشدی شەعبی بەجۆرێكە بانگێشتی گروپە كەمینەكانی ناو موسڵو شەنگال بكات بۆئەوەی كە سەرنجیان ڕابكێشت. "حەشدی شەعبیو بەغداد ئەم كارە بۆ ئەوەدەكەن كە گومانی ئێزدیەكان زیادبكەن سەبارەت بەحكومەتی هەرێم دەربارەی ئەو كارەساتەی كە لەشەنگال ڕوویدا لەمانگی ئابی 2014 و وایان وێناكرد لەمیدیا ناوخۆییو بیانیەكان دا كە ئەوان پشتگوێخران لەلایەن پێشمەرگەوە بۆیە ئەوكارەساتەیان بەسەرهاتو پارێزران لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە)و پەكەكەوە كە ئەوانیش بەجۆرێك نزیكن لەحەشدی شەعبیەوە".
هەندێك لەگروپە ئاشورییە پەناهەندەكانیش هەوڵی پاڵپشتی دەدەن بۆ بەغدادو حەشدی شەعبیو دەڵێن لەلایەن هەرێمەوە سەركوت كراون، ئەفرام یاكۆس جێگری سەرۆكی فیدراسیۆنی ئاشورییەكان لەسوید باسیلەوەكردووە كە پشتگیری "عێراقێكی یەكگرتوو" دەكەن، وەك دژایەتییەك بۆ هەوڵی سەربەخۆیی كوردستان."تا ڕادەیەك سەختە بڕیار لەسەرئەوە بدەیت كە ئایا ئاشورییەكان پاڵپشتی حكومەتی ناوەند دەكەن یاخود حكومەتی هەرێم".
سەنتەرە ئیسرائیلییەكە ئاماژەبەوەشدەكات، حكومەتی هەرێم زیاتر كارلەسەر زەقكردنەوەی سەرپەرشتیكردنی كریستیانەكانو یارمەتیدانی ئازادكردنی شەنگالو ناوچەكانی موسڵ دەكات. ئەم جۆرە هەوڵانەش كاری خۆیان دەكەن لەگەڵ ئەو كەمایەتیانەی كە هاوسۆزییان لەگەڵ هەولێر هەیە، وەك شەبەك، كاكەیی، پێشمەرگە ئێزدیەكانو گروپە كریستیانەكانی وەك یەكەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا، لەدوای جەنگی داعش كێشمەكێشمی ڕاكێشانی هاوسۆزیی كەمایەتیەكان لەشەنگالو موسڵ زیاتر دەبێت.
ناوچە جێناكۆكەكان
ئەو ئاڵۆزییانەی ڕوبەڕوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە لەپەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران، بەغداد، میلیشیا شیعەكانو توركیا بەهۆی گیروگرفتی ناوچە جێناكۆكەكان زیاتر دەبێت.
لەساڵی 2011 لەپەیمانگای ئاشتی لەئەمریكا سیان كەین كە توێژەرێكی ئەمەریكییە ئاماژەیبەوەكرد"گەورەترین هەڕەشە بۆ سەقامگیری عێراق گروپە تیرۆریستییەكان نیە، بەڵكو ئەگەری شەڕی كورد-عەرەبە لەسەر ناوچە نەوتیەكانی كەركوكو ناوچە كێشە لەسەرەكانی تر".
"ئەم سنورانە بەخوێن داڕێژراون" ئەمە وتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانە كە لەساڵی 2016 وای وتو دوپاتی كردەوە كە حكومەتی هەرێم پاشەكشەیان لێناكات. لەهەڵمەتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لەمانگی 10ی 2016 هەماهەنگییەكی باش دەبینرا لەنێوان سوپای عێراقو پێشمەرگە. پەیوەندی نێوان حەشدی شەعبیو پێشمەرگە لەنزیك تەلەعفەر دەرئەنجامی ڕێكەوتنی نێوان بەغدادو پێشمەرگە بوو. ناوچە كێشە لەسەرەكان بەردەوام دەبنە كێشە لەداهاتوودا لەنێوان بەغدادو هەولێر.
ناكۆكی ناوخۆیی
لەمانگی 10ی 2015 نێچێرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، دووبارە كابینەی حكومەتی هەرێمی داڕشتەوە بەدورخستنەوەی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت، ئەم دووبارە داڕشتنەوەیەی حكومەت زیاتر هێزی خستەدەست پارتی دیموكراتی كوردستان.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێرانو گروپە شیعە مەزهەبەكاندا هەیە وەك هاوپەیمانەكانی مالیكی، ناكۆكیەكان لەنێوان سلێمانیو هەولێرو دابەشبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوان پارتەكاندا بەردەوام دەبێت بۆ ساڵی 2017.
سەربەخۆیی
لەسەر ئەرزی واقیع سەربەخۆیی بووەتە بۆچوونێكی بڵاو تەنانەت لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام میكانیزمەكانی چۆن بەدەستهێنانی ڕون نییە لەكاتێكدا هاوكاری نێودەوڵەتی زۆر وەردەگرن.
تا كاتی نوسینی ئەم ڕاپۆرتە پرسی ڕیفراندیۆم بۆ سەربەخۆیی نەخراوەتە بەرنامەی كاری حكومەتەوە كە ئەگەرێكی كەمی هەیە دانی پێدابنرێت لەلایەن بەغدادو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە.
ئەم هەوڵدانە بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەتایبەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كە ببوە پاڵەوانی ئەم بابەتە، بەڵام تەنها بەڕاگەیاندن كاری بۆ دەكرد لەماوەی ساڵی ڕابردوو، ئەوەش بووەهۆی دابەشبوونی حكومەتی هەرێمو كاردانەوەی لێكەوتەوە.
ئاوارەكان
حكومەتی هەرێم دەڵێت 2 ملیۆنو 500 هەزار ئاوارە لەسێ پارێزگاكەی كوردستان دەژین. پێویستە كە خەڵكی ناوچەكانی كەركوكو نزیك موسڵیش بۆ ئەو ژمارەیە زیاد بكرێت، قەیرانی ئاوارەكان دیمۆگرافیای كوردستانی گۆڕی كە ئێستا نزیكەی لەسەدا 35ی ڕێژەی خەڵكی كوردستان پێكدەهێنن. بۆ هەرێمێكی وەك كوردستان كە هەموو هەوڵی لەڕابردوودا بۆ دەربازبون بوو لەپڕۆسەی بەعەرەب كردنو ئەنفال لەكاتی ڕژێمی سەدام حسێن كە سەدان گوندی وێران كرد، ئەم گۆڕانی دیمۆگرافیاو ڕێژەی زۆرەی ئاوارەكان بەرەنگارییەكی گەورەیە.
هەرێمی كوردستان سەقامگیری خۆی بەكار دێنێت بۆ دەستخستنی بەرژەوەندیەكانی، بەڵام ڕێژەی زۆری ئاوارەكان قەیرانێكە بەرەو ناسەقامگیریی كوردستان.
ئابوریی
ڕاپۆرتەكەی سەنتەری رۆبن باسلە ناهەمواریی ڕەوشی ئابوری هەرێمی كوردستانو كێشەی نەوتو پارە لەنێوان هەولێرو بەغداو دواكەوتنی موچەو كورتهێنان دەكاتو پێشبینی بەردەوامبوونی ئەو كێشانە دەكات بۆ داهاتوو.
ئەوەدەخاتەڕوو، كێشەكە ڕەنگە بەردەوام بێت بۆ ساڵی 2017 كە رێكخراوی ئۆپێك بڕیاریدا هەناردەی نەوت سنورداربكات. بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەو پشتگیریكردنی لەجەنگی دژی داعش، ئەمریكا یارمەتی پێشكەشی كورد كرد بەپێدانی موچەی پێشمەرگە لەمانگی 7ی 2016وە.
ئەمەو هەموو پاڵپشتیە داراییەكانی تریش گرنگو بێ پێشێنەن بۆ كوردو تائێستاش ناڕونە كە قەیرانی دارایی چۆن چارەسەر دەكرێت كاتێك كە جەنگ كۆتایی دێت؟ ئایا وڵاتە بیانیەكان دوای جەنگ بەردەوام دەبن لەپاڵپشتی هەولێر یاخود لەڕێی بەغدادەوە دەبێت؟ لەگەڵ ئەمانەشدا حكومەتی هەرێم چەند سەركەوتنێكی بەدەستهێنا دەربارەی هەناردەكردنی نەوت، بەڵام ئەو سەركەوتنانە توانای ئەوەیان نییە كە پاڵپشتی بودجە بكەن كە 95 لەسەدی لەسەر داهاتی هایدرۆكاربۆنە.