گەزۆی سلێمانی بە خورمای جەزائیر

فوئاد مەعسوم‌و بوتەفلیقە شیرینی بۆیەك دەنێرن
18-01-2017 05:51
عەبدولعەزیز بوتەفلیقەو فوئاد مەعسوم


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لەبەرامبەر ئەو خورمایەی سەرۆكی جەزائیر بۆ سەرۆك كۆماری عێراق وەك دیاریی سەری ساڵ ناردویەتی، فوئاد مەعسوم گەزۆی سلێمانی بۆ عەبدولعەزیز بوتەفلیقە دەنێرێتەوە.

 

خورماكە سەرۆكی جەزائیر وەك دیاریی ساڵی نوێ پێشكەش بەسەرۆك كۆماری عێراقی كردوە، فوئاد مەعسومیش لەو دیارییەدا هاوڕێ دێرینەكەی خۆی جەلالی سام ئاغای لەبیرنەكردو 15ی ئەم مانگە بەشێكی بۆ ناردە شاری سلێمانی.

 

ئەو خورمایەی بوتەفلیقە بۆ فوئاد مەعسومی ناردووە.

 

د.فوئاد مەعسوم لەبارەی ئەو خورمایەوە، بۆ پەرەگراف بەپێكەنینەوە باسیلەوەكرد لەنێوان سەرۆكی وڵاتاندا دیاریی بۆیەك دەنێرن لەكاتی بۆنەكاندا، بوتەفلیقە كارتۆنێك خورمای بۆ ناردووە وەك دیاری ساڵی نوێ، ئەویش بەشێكی بۆ جەلالی سام ئاغا ناردووە بۆ سلێمانی. جگە لەو خورمایە، پێشتریش فوئاد مەعسوم بەرلەوەی ببێتە سەرۆك كۆمار بەردەوام خورمای ناردووە بۆ ئەو هاوڕێیەی.

 

خورمای جەزائیر یەكێكە لە بەناوبانگترین جۆرەكانی خورما لەتەواوی جیهانداو لەساڵی 2014 بوتەفلیقەی سەرۆك پڕۆژەیەكی خستەبواری جێبەجێكردنەوە بەڕواندنی یەك ملیۆن‌و 500 هەزار دارخورما لەتەواوی وڵاتەكەدا وەك ڕێزلێنانێك بۆ ژمارەی ئەو شەهیدانەی ئەو وڵاتە كە لەپێناو سەربەخۆیی جەزائیردا گیانی خۆیان بەخت كردووە.

 

سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زیاتر گەزۆو بەرهەمەكانی تۆفیقی حەڵواچی بۆ سەرۆكی وڵاتان دەنێرێت لە بۆنەكاندا، "لەبەرئەوەی تامی خۆشەو سندوقەكانیان جوانە."

 

فوئاد مەعسوم باسلەوەشدەكات، ئەو دیاریی ناردنە شتێكی ڕەمزییە وەك دۆستایەتی، وتی"بەبێ ئەوەی پارەی زۆری تێبچێت، منیش بەنیازم گەزۆ بۆ سەرۆك بوتەفلیقە بنێرم."

 

ئەو خورمایەی بوتەفلیقە بۆ فوئاد مەعسومی ناردووە.

 

شیرینی تۆفیقی حەڵواچی كە فوئاد مەعسوم بۆ سەرۆكی وڵاتانی دەنێرێت، یەكێكە لە بەناوبانگترین شیرینییەكانی هەرێمی كوردستان‌و شاری سلێمانی كە گەزۆو لوقمی جۆراوجۆری هەیە.

 

تۆفیقی حەڵواچی، خاوەنی كارگەی حەڵواچی لەسلێمانی، لەساڵی 1956ەوە خەریكی ئەو كارەیە، بۆ پەرەگراف ئەوەی ڕوونكردەوە، سلێمانی بەناوبانگە بە حەڵوای گەزۆ، لەدروستبوونی سلێمانییەوە چەند بنەماڵەیەك خەریكی ئەوكارە بوون‌و بنەماڵەی ئەوانیش یەكێك بووە لەو بنەماڵانەو ئەویش لەماڵی باپیریەوە فێربووە.

 

لەبارەی تام خۆشیی بەرهەمەكەی‌و ناوبانگی، تۆفیقی حەڵواچی وتی"هەموو پیشەیەك دەبێت جۆرەكەی‌و كەرەستەكانی باشبن‌و بەرهەمەكەش خۆت شارەزابیت، ئەوە كارەكەت پێش دەخات."

 

كارگەی تۆفیقی حەڵواچی 25 بۆ 30 جۆر شیرینیی هەیەو سەرەكیترینیان گەزۆیەو وەك تۆفی حەڵواچی وتی"گەزۆكە شای ئیشەكەیە."

 

گەزۆكە دوو جۆرە جۆرێكیان لەناو سندوقدایەو ئاردی تێدایە، جۆرەكەی دیكەیان لە پاكەتدایەو هەردوو جۆرەكە كیلۆی بە 35 هەزار دینارە.

 

تۆفیقی حەڵواچی هەست بە خۆشیی دەكات كە شیرینییەكەی ناوبانگی باشی هەیەو دەنێردرێتە وڵاتانی دیكە، وتی"مایەی شانازییە بۆ خۆمان‌و وڵاتەكەشمان، شتێكی خۆشە ئینسان بەرهەمی بگاتە وڵاتان‌و سەركردەكان".