پنتاگۆن: یەپەگە کاریگەرترینن

مەسرور بارزانی فشار لە ئەمەریکا دەکات پێشمەرگەی ڕۆژئاڤا پڕچەک بکرێت
18-01-2017 07:35
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم.. فۆتۆ: پەرەگراف

 

پەرەگراف

 

لەدواین ڕۆژەکانیدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا، باراک ئۆباما دەیەوێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات بۆ پڕچەککردنی یەپەگە، مەسرور بارزانیش فشاری خستوەتەسەر بەرپرسانی ئەمەریکا بۆئەوەی ئەو پێشمەرگانەی ڕۆژئاڤا پڕچەک بکەن کە لەئێستادا لەهەرێمی کوردستانن‌و نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.

 

رۆژی سێشەممە 17ی 1ی 2017، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکا کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاو تێیدا پرسی کەمپینی دژ بەداعش لەعێراق‌و سوریا تاوتوێ کرا، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی.

 

هەرچەندە کۆشکی سپی ڕەتیکردوەتەوە ئەو بڕیارە ئاشکرا بکات کە باراک ئۆباما لەو کۆبونەوەیەدا داویەتی، بەڵام چەند بەرپرسێکی ئیدارەکەی پێیانوایە پێ ناچێت ئۆباما بتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات لەو ماوە کەمەی وەک سەرۆکی ئەمەریکا ماویەتی.

 

ئەو بڕیارە قورسەی لەبەردەم ئۆبامادا ماوە کارکردنە لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) هەروەها پرسی ناردنی هێزی ئەمەریکییە بۆ ئەوەی لەهەرێمەکەدا شەڕ بکات.

 

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ وانشتۆن لەمانگی رابردوودا، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان "فشاری لە بەرپرسانی ئەمەریکا کردوە کە کار لەگەڵ ئەو گروپە کوردیانەی سوریادا بکەن کە جیاوازن لەیەپەگەو لەئێستادا لەعێراقدان‌و ناسراون بە پێشمەرگەی ڕۆژئاڤا."

 

مەسرور بارزانی بە ئەمەریکییەکانی ڕاگەیاندوە"ئەو هێزانە لەڕووی سیاسییەوە لەلایەن تورکیاوە قبوڵکراون‌و ژمارەیان نزیکەی 3 هەزارو 300 پێشمەرگەیە."

 

بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا(پنتاگۆن) لەوەڵامدا ئەوەیان ڕەتکردوەتەوەو ڕایانگەیاندوە کە یەپەگە کاریگەرترین شەڕکەری دژی داعشن‌و لەئێستادا نزیکن لەشاری ڕەققە، هەواڵدان بۆ کۆکردنەوەو ڕاهێنان‌و پڕچەککردنی هێزێکی دیکە قورس دەبێت‌و لەباشترین حاڵەتدا چەند مانگێک دەخایەنێت.

 

ئۆباما بەڵێنیداوە گورزی کوشندە لە داعش بوەشێنێت لە موسڵ‌و ڕەققە پێش ئەوەی لە ڕۆژی هەینی داهاتوودا دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتییەکەی ببێت. لەئێستاشدا گورزە ئاسمانییەکان‌و هێرشە زەمینییەکان لە نزیک ڕەققە زیادیان کردوەو هەزاران چەکداری کوردو عەرەب دەوری شارەکەیانداوە.

 
چەند شەڕڤانێکی یەپەگە لەئۆپەراسیۆنی رەققەدا

 

مانگی رابردووش ئۆباما فەرمانیدا بە ناردنی 200 سەربازی دیکە لە هێزی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بۆ یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕەققە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت کە یەپەگە هێزی سەرەکییەتی.

 

پڕچەککردنی کوردەکانی سوریا دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو تورکیا، چونکە ئەنقەرە پێیوایە کە یەپەگە پەیوەندی هەیە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کە لەلایەن تورکیاو ئەمەریکاشەوە لە لیستی تیرۆردایە.

 

ئیدارەی ئۆباما تاوتوێی چەند ڕێگایەک دەکات بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا، وەک ئاسانکاریی بۆ چاودێریکردنی ئەو چەکانەی دەدرێن بە کوردەکان بۆ شەڕی گرتنەوەی ڕەققەو ڕێگریی کردن لەوەی ئەو چەکانە لەهەرشوێنێکی دیکە بەکاربهێنرێن. هەروەها شاری ڕەققە بدرێتەوە دەست عەرەبەکان دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵدەکرێتەوەو هێزە کوردییەکان پاشەکشە بکەن.

 

هەر لەمیانەی ئەو ڕێگایانەدا، واشنتۆن بەم دواییە دەستی کردووە بە بۆردومانی ئاسمانیی بۆ سەر شارۆچکەی باب لە باکوری سوریا کە تورکیا دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات.