
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
لەڕێی ڕادیۆی تەكسییەكەیەوە، سۆران 14 ساڵە گوێبیستی هەواڵەكانی چاكسازیو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە، بەبێ ئەوەی هیچ كاتێك دەرئەنجامەكانیانی بیستبێتەوە.
تەمەنی سۆران مستەفا گەیشتۆتە 42 ساڵ، نیوەی سەردەمی گەنجێتی چاوەڕێی ئەوەبوو پڕۆژەو دروشمی بەرپرسان كەمێك گۆڕانكاری لەژیانو گوزەرانیدا بكەن، بەڵام نەیبینی، بۆیە ئێستا متمانەی بە چاكسازی نەماوە.
ئەنجامدانی چاكسازیو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی رژێمی بەعسەوەو بەتایبەتتر لەسەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە لەساڵی 2009، بەردەوام دروشمو بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حزبو حكومەت بووە، بێ ئەوەی هیچی لێ سەوز ببێت.
لە نوێترین گفتوگۆدا دەربارەی چاكسازی، لەم مانگەدا لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی سەرۆكایەتی حكومەت ئەنجامدراو بڕیاریاندا، هەماهەنگی نێوان دەزگاكان لەو پڕۆسەیەدا هەبێت.
سۆران مستەفا، شۆفێری تەكسی لەشاری سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی"ئەگەر جددی بن دەتوانن چاكسازی بكەن، بەڵام من متمانەم نییە چاكسازی بكرێت، لەبەرئەوەی خۆیانو دارودەستەكەیان دەگرێتەوە بۆیە نایكەن."
بۆچوونەكانی سۆران، قسەی رۆژانەی سەدان هاوڵاتی تری هەرێمی كوردستانە دەربارەی چاكسازی، چونكە خەڵكو موچەخۆران سێ ساڵە قوربانیی دەستی قەیرانی دارایین، لەكاتێكدا پێیانوایە نادادیو بەردەوامیی گەندەڵی هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەو دۆخەیە.
لەنێو ئەو بەرپرسانەی جەختیان لەئەنجامدانی چاكسازی كردۆتەوە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پشكی شێری بەردەكەوێت.
مەسعود بارزانی، لەشەش ساڵی رابردوودا چەندین بەرنامەو پلانو پڕۆژەی بۆ چاكسازی راگەیاندووە، تەنانەت لە نەورۆزی 2011دا سێ بۆ چوار مانگی بۆ جێبەجێكردنی دیاریكرد، بەڵام هێشتا هەر ئەنجامیان دیارنییە.
"پێموایە هەندێك كاردەكرێتو ئەو پڕۆسەیە درێژخایەن دەبێت، بەڵام شەرت نیە ئەو كارانە جێگەی ڕەزامەندی هەموو خەڵك بێت بەتایبەت كاتێك ناكۆكی سیاسی هەیە لەنێوان لایەنەكانو كاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەكە دەبێت"، ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان وادەڵێت.
حاكم ئەحمەد، بۆ پەرەگراف جەختی لەوەكردەوە جگە لە چاكسازی، هیچ رێگایەكی تر نیە بەتایبەت لەژێر فشاری دۆخی ئابوریو تێبینی وڵاتانی هاریكاری هەرێم.
10ی مانگی 2ی 2016، مەسعود بارزانی چەند بڕیارێكی دەركرد بەمەبەستی زیاتر رێكخستنەوەی كاروباری حكومەت، ئەنجامدانی چاكسازیو چارەسەری كەموكوڕییەكان، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەك بۆ جێبەجێكردنیان دیاریبكرێت.
بڕیارەكانی بارزانی تایبەت بوون بەپێداچونەوە بەگشت میلاكات بەهێزە ئەمنیو سەربازیەكانەوە، هەیكەلیەتی كارگێڕیو دارایی حكومەت، گشت زەویە كشتوكاڵیو گەشتوگوزاریەكان، موڵكەكانی حكومەت، داهاتی هەرێمو سیستمی وەبەرهێنان لەگەڵ رێكخستنەوەی تەواوی ئەو سێكتەرانە.
هەر لەو بڕیارانەدا هاتبوو، كە داوا لەو كۆمپانیایانە بكرێت كە لەچالاكیەكانیاندا سەركەوتوبوون بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی بەشێك لەسودەكانیان پێشكەشی گەنجینەی حكومەت بكەن، ئەوانەیشی بەشێوەیەكی نایاسایی دەوڵەمەند بونو لەگەندەڵیدا تێوەگلاون ئیجرائاتیان لەگەڵدا بكرێت.
خالید حەیدەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەرو پسپۆڕی ئابوری پێیوایە ئەوەی تائێستا هەبووە شكڵی بووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.
ئەو دەڵێت"حكومەت ئەگەر نیەتی ئەوەی هەبێت گەندەڵی كۆتایی پێبێنێت دەبێت ئەگەر بەرپرسان دەستیان چووەتە گەندەڵییەوە ڕاپێچی دادگا بكرێن، ئەگەر لێپێچینەوە لەو كەسانە كرا ئەوانەی خوارتریش دەترسنو كۆتایی بە گەندەڵی دەهێنن."
خالید حەیدەر بۆ پەرەگراف زیاتر رونیكردەوە"لەدوای ڕوخانی بەعس گەندەڵییەكە لە بڕیاردەرەوە دەستیپێكرد، لەوكەسانەوە كە دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، وەك بەڕێوەبەری گشتیو بریكاری وەزیرو وەزیر، بۆیە زۆر گرنگە لەوێوە دەستپێبكرێت."
بڕیارو هەنگاوەكانی شوباتی ساڵی رابردوی بارزانی، زۆرینەیان هەمان ئەو خاڵو بڕگانەبوون كە مانگی 3ی 2011 دەریكردو چوار مانگ بۆ جێبەجێكردنیان دانرا، ئەوەش دوای 40 ڕۆژ بوو لەدەستپێكردنی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان لەسلێمانی(17ی شوبات).
تائێستا لەسەرۆكایەتی هەرێم سێ لیژنە دروستبوون بۆ كاروباری پێشمەرگە، دەرمانو تەجاوزات، بڕیاردراوە هەندێك لیژنەی بچوكتریش بۆ كۆكردنەوەی داتا پێكبهێنرێت بەئامانجی بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ بڕیاردران لەهەر كەرتێكدا.
لەسەر ئاستی حكومەتیش، لیژنەیەكی باڵای روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی پێكهێنراوە لەنوێنەری بەشێك لەدامودەزگاكانی هەرێم، بۆ چەند مەلەفێك سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرتن.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانی كوردستانو ئەندامی لیژنەی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیە، ئەویش لەگەڵ ئەوەدایە كە "دەبێت پڕۆسەكە سەرتاسەری بێتو هەموو خەڵك بگرێتەوە."
سۆفی بۆ پەرەگراف وتی"ئەگەر بڕیاربێت بۆ خەڵكی هەژارو خوارەوە بێتو خەڵكی دەستڕۆیشتووی تێدانەبێت باوەڕناكەم ئێمە ئەوەندە بێویژدان بین قبوڵبكەین لەپڕۆسەیەكی وادا بەشداربین".
ئەو ئامادەنەبوو بچێتە وردەكاری زیاتر دەربارەی هەنگاوەكانیان، تەنیا ئەوەندە نەبێت مانگی داهاتوو راپۆرتێك بڵاودەكەنەوە.
رۆژێك دوای بڕیارەكانی شوباتی ساڵی رابردووی بارزانی، فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لەسایتی سەرۆكایەتیەكەدا ئاشكرایكردبوو، كە لەپێناو جێبەجێكردنی بڕیارەكان كار لەسەر دامەزراندنی دەستەیەكی تایبەت لەكەسانی پسپۆڕو شارەزا دەكرێت.
چەندین ساڵە لەهەرێمی كوردستان كارو پڕۆژەو لێكۆڵینەوەكان ڕادەستی لیژنە دەكرێن، بەڵام زۆرینەیان ئەنجامیان نابێت، بۆیە خەڵك متمانەی بە لیژنە نیە.
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی دەڵێت بارزانی چەندینجار باسی لەوەكردووە هەركەسێك لەهەر پۆستو پلەیەكدابێت بە كەسوكارو خزمی نزیكی خۆشیەوە، ئەگەر دامودەزگا پەیوەندیدارەكان نەیانتوانی ئیجرائاتی لەگەڵدا بكەن ئاگاداری بكەنەوە هاوكاریان دەبێت.
ئەحمەد ئەنوەر وتی "بەڵێن وەرگیراوە ئەو پڕۆسەیە بەیەكسانی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكرێت."
لەمانگی 6ی ساڵی رابردوودا، مەسعود بارزانی پەیامێكی دەربارەی چاكسازییەكان بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، 93 دۆسیە پێشكەشی دەستەی نەزاهەو داواكاری گشتی كراوە لەچوارچێوەی ڕوبەڕبونەوەی گەندەڵیدا، پڕۆسەی لێكۆڵینەوەو ئیجرائاتیش دەستیپێكردوە.
لەپاڵ ونبوونی دەرەنجامی پڕۆژەكانو ئاشكرا نەكردنیان، كەسانی كەمتەرخەم یان تۆمەتبار بەگەندەڵیش دیارنین، خەڵكی هەرێم تائێستا بینەری هیچ دادگاییەك دەربارەی ئەو جۆرە دۆسیەیانە نەبوون.
"نزیكەی 50 دۆسیە تاكۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەستەی نەزاهەوە دراوەتە دادگا، سەرۆكی حكومەتیش داوای لەسەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی كردووە ڕێوشوێنێك بگرنەبەر ئەو كەیسانە بەكاتێكی كەمتر یەكلایی بكرێنەوە نەك بەو قەرەباڵغییەی لەدادگاكاندا هەن"، ئەحمەد ئەنوەر وایوت.
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی دەڵێت لەنێو دۆسیەكاندا، فەرمانبەری ئاساییو بەرپرسیشی تێدایە، بەڵام تەنیا سێ بۆ چوار كەیسیان لەقۆناغی دادگاییكردندانو ئەوانی دیكە چاوەڕوانی دیاریكردنی وادەی دادگایی كردنن.
دەستەكە بڕیارە دوای یەكلابوونەوەی دۆسیەكانو قۆناغی تەمیزكردنەوە، جۆری دۆسیەو ناوی تۆمەتبارەكانیش بڵاوبكاتەوە.
هەروەها ئەحمەد ئەنوەر لەبارەی هەنگاوەكانی ترەوە ئاشكرایكرد، بڕیارە مانگی داهاتوو ڕاپۆرتێك لەسەر كارو چالاكییەكانی ساڵی ڕابردووی هەمو ئەو لیژنانەو حكومەت بڵاوبكرێنەوە، بۆئەوەی خەڵك بزانن چی كراوەو حكومەت بەنیازە چی بكات.
كاركردن لەسەر دۆسیەكانی چاكسازی لەكاتێكدایە، هەرێم جگە لەقەیرانە ئابورییەكەی، لەهەشت ساڵی رابردوودا كەمترین ئارامیی سیاسی بەخۆیەوە بینیوەو زیاتر لەساڵێكیشە، پەیوەندی لایەنەكان لەوپەڕی گرژیدایە.
لەپاڵ حكومەتدا، زۆرینەی حزبەكانیش بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمان كورسییان هەیە، لەساڵانی رابردوو زیاد لە پڕۆژەیەكیان بۆ چاكسازی بڵاوكردۆتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانن یەك پڕۆژەی هاوبەشو گشتگیری تێدا گەڵاڵە بكەن.
مانگی 5ی ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێم نەخشەڕێگەیەكی ڕیفۆرمی ئابوری هاوبەشی لەگەڵ گروپی بانكی نێودەوڵەتی، بۆ سێ ساڵی ئایندە ڕاگەیاند، بڕیارە لە مانگەكانی داهاتوودا هەنگاوە كردارییەكانی جێبەجێكردنی دەربكەوێت.
بۆچوونی خالید حەیدەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەرو پسپۆڕی ئابوری وایە ئەگەر ئەگەر حكومەت بەڵگەی هەبوو كەسانی تایبەت لەگەندەڵییەوە گلاون دەبێت ڕاپێچی دادگابكرێن، بەڵام ئەگەر نەدرێنە دادگا "ئەوا بەو حكومەتە دەوترێت گەندەڵ."
ئەوەشی وت كە كەسانەی بەشداربوو لە داپۆشینی تاوانەكانو گەندەڵیی بەرپرسان، هەروەها خاوەنی پەیوەندییە گەندەڵیو داراییەكانیش دەبێت ڕاپێچی دادگا بكرێن.
چڕبوونەوەی هەوڵەكانی دەسەڵات بۆ چاكسازیو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بەتایبەت لە ساڵی ڕابردوودا، هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزایی بەردەوامی خەڵكو موچەخۆران چونكە قەیرانی دارایی، جگە لەدواكەوتنی موچە هەزاران پڕۆژەی ڕاگرتو بازاڕیشی بەتەواوی سست كرد.
ئەوەی متمانەی سۆران بۆ چاكسازی دەگەڕێنێتەوە تەنیا دەرئەنجامە، كاتێك بیبینێت بەهۆی گەندەڵییەوە كەسانێك ببرێنە بەردەم دادگا.
"ئەگەر بیانەوێت ئاسانەو ئاشكرایە دزو گەندەڵەكان كێن، تا دوو سێ مەسئولی گەورە نەدرێنە دادگا خەڵك متمانەی بۆ ناگەڕێتەوە"، بەبڕوای سۆران هەر بەو ڕێگەیە مێژوویەكی باش بۆ بەرپرسەكانو لەنێویاندا مەسعود بارزانی دەنوسرێتەوە، ئەگەر جێبەجێی بكات.