دوو كەس وەك جێگری سەرۆك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەوام دەكەن

پێچەوانەی یاسایە
24-01-2017 07:08
بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. فۆتۆ: ماڵپەڕی ئەنجومەن


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لەبینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوو كەس وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەن دەوام دەكەن، ئەوەش پێچەوانەی یاسای پارێزگاكانی هەرێمە كە بەڕوونی ئەوەی دیاریكردووە سەرۆكی ئەنجومەن دەبێت یەك جێگری هەبێت.

 

هەریەكە لە ئەكرەم شەریف‌و ئەنوەر تاهیر كە هەردووكیان خۆیان بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن دەزانن، لارییان لەوە نییە كە دەبێت سەرۆكی ئەنجومەن یەك جێگری هەبێت، بەڵام یەكێكیان بڕیاری ئەنجومەن‌و ئەوەی دیكەیان بڕیاری دادگای كارگێڕی پاڵپشتیی دەكات لەپۆستەكەیدا.

 

ئەو كێشەیە لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە لەكۆبوونەوەی 25-8-2016ی ئەنجومەنی پارێزگا، بەپێی ڕێككەوتنێكی حزبیی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، ئەكرەم شەریف جێگری سەرۆكی ئەنجومەن لەپۆستەكەی لابراو لەبری ئەو ئەنوەر تاهیر لە پشكی گۆڕان دانرا.


لە دانیشتنەكەدا‌ كە هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی پێشووی ئەنجومەن سەرۆكایەتی دەكرد‌و تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر ئاڵوگۆڕی‌ پۆستەكانی‌ سلێمانی‌ لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان، ئەكرەم شەریف لابردنی‌ لە پۆستەكەی‌ بە نایاسایی ناوبرد، بەوپێیەی‌ خۆی‌ دەستی‌ لەكارنەكێشابوەوە، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجومەن بەخشینی لەپۆستەكەی خستە دەنگدانەوە.

 

"بەپێی بڕیاری دادگای كارگێڕی سلێمانی من جێگری شەرعیی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیم."ئەكرەم شەریف بۆ پەرەگراف وای وت.

 

دوای لابردنی لەپۆستەكەی، ئەكرەم شەریف سكاڵای یاسایی تۆماركردو دادگای‌ كارگێڕی‌ سلێمانی ‌20-11-2016 بڕیاری‌ لابردنی‌ ئەكرەم شەریف-ی‌ لە پۆستی جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ هەڵوەشاندەوە.

ئەكرەم شەریف ئەوەشی خستەڕوو كە لەئێستا ئەو دەوامی خۆی دەكات، وتی"لای من بەپێی یاسا یەك كەس هەیە ناوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بێت".

 

ئێستا هەریەكە لە ئەكرەم شەریف‌و ئەنوەر تاهیر وەك جێگری سەرۆك لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەوام دەكەن.

 

لەبارەی دەوامكردنی ئەنوەر تاهیر وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەكرەم شەریف ئامادەنەبوو لێدوان بدات، وتی"من قسە لەسەرخۆم دەكەم بەپێی پاڵپشتی یاسایی من جێگری شەرعیم‌و مەرجە یەك جێگر هەبێت."

 

لایخۆیەوە ئەنوەر تاهیر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، باسلەوەدەكات ڕاستە بەپێی یاسا دەبێت یەك جێگر هەبێت، بەڵام ئەو پرسە بابەتێكی یاسایی‌و سیاسییە.

 

"ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە بڕیاری ژمارە 14 متمانەی پێبەخشیوم‌و بڕیارێكی سەلیمەو هەموو ئەركانەكانی بڕیارێكی ئیداریی تێدایە." ئەنوەر تاهیر وای وت.

 

لەبارەی ئەكرەم شەریفەوە كە وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەن دەوام دەكات، ئەنوەر تاهیر بۆ پەرەگراف وتی"كاك ئەكرەم بڕیاری دادگای كارگێڕی هەیەو پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە، لەڕێگەی سەرۆكی ئەنجومەن‌و پارێزەرەكانەوە تەمیز كراوەتەوەو لە ئەنجومەنی شورایەو چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی شوراین‌و دوابڕیار لای ئەوانە، برای بەڕێزم كاك ئەكرەم دەبێت چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی شورا بكات."

 

ئەو جێگرەی سەرۆكی ئەنجومەن ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو ڕێزی تەواو لەبڕیاری دادگاو ئەنجومەنی شورا دەگرێت، وتی"من كە لەئەنجومەن متمانەم وەرگرتووە هەردەبێت ئەنجومەن متمانەم لێوەربگرێتەوە، ئەم پرسە چەندە یاساییە ئەوەندەش سیاسیەو ئەو پۆستە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانەو ئیعتمادمان لەسەر رێككەوتنە سیاسیەكەبووە هەرلەسەرەتاوە."

 

لەئێستادا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە لەپشكی یەكێتییەو سەربە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە مامەڵە لەگەڵ ئەكرەم شەریف ناكات وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كە سەر بە باڵی ناوەندی بڕیارە كە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح سەرپەرشتی دەكەن.

 

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو لەكۆبوونەوەكاندا ئەنوەر تاهیر وەك جێگری سەرۆك بەشداریی دەكات، ئامادەنەبوو لەبارەی ئەكرەم شەریفەوە قسەبكات‌و وەڵامی ئەو پرسیارەشی نەدایەوە كە ئەو كامیان بەجێگر دەزانێت.

 

لایخۆیەوە ئەكرەم شەریف ئاماژەی بەوەكرد سەرۆكی ئەنجومەن مامەڵەی لەگەڵ ناكات‌، وتی"من ئیشم بە یاسا هەیە نەك شەخس."

 

لەڕۆژی لادانی ئەكرەم شەریف لەپۆستەكەی، فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوون بە دوو بەشەوەو ئەكرەم شەریف‌و چەند ئەندامێك ناڕەزایی توندیان دەربڕی‌و وازهێنانیان لە فراكسیۆنەكە ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ئەندامەكان پاشگەز بوونەوە.

 

هۆكاری ناڕەزاییەكەیان بۆئەوە گەڕاندەوە، كە ناوی كاندیدی حزبەكەیان بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی ڕێككەوتنیان لەگەڵ گۆڕان، لە ئەكرەم شەریفەوە بۆ ئازاد حەمەئەمین گۆڕدرابوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان، گۆڕینی ناوی كاندیدەكەی بۆ ململانێ‌و كێشە ناوخۆییەكانی نێوان دوو باڵەكەی یەكێتی گەڕاندەوە.

 

بوونی دوو جێگری سەرۆك لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكاتێكدایە بڕیارە هەفتەی ئایندە ئەنجومەنەكە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامبدات، ئەوەش دوای 2 مانگ لە كۆنەبوونەوەی.

 

هەریەكە لە ئازاد حەمەئەمین‌و ئەنوەر تاهیر كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنەكە بۆ ماوەی 2 مانگ بە ئاسایی دەزانن.

"سەد لەسەد هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی ئەنجومەن بەڕێوەدەچێت." ئەنوەر تاهیر وای وت.

 

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاش باسلەوەدەكات لەگەڵ ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجومەن 2 مانگە نەكراوە، بەڵام كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی‌و سەرۆك لیژنەكان‌و سەرۆك فراكسیۆنەكان كراوە، ئەوەشی خستەڕوو لەئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی ئەنجومەن دەكەن.

 

"كۆبوونەوە بۆ ئەو بەرنامەو پڕۆژانەیە كە پێویستی بە دەنگدانە، لەبەرئەوە كۆنەبوونەوە لەو ماوەیەدا زۆر ئاساییە." ئازاد حەمەئەمین وای وت.

 

لەسەر پرسی دوو جێگری سەرۆك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە مەهدی مەحمود سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگا كە لەپشكی یەكگرتوو ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات.