نامەكەی هەڵسوڕاوان لە بەرنامەدا نییە

جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنەوە كۆدەبنەوە
25-01-2017 07:18

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوەو تاوتوێی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكەن، گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو نامەیەی هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی ئاڕاستەی هەردوو جڤاتیان كردو داوای وەڵامی بەپەلەیان كرد لە كارنامەی كۆبوونەوەكاندا نین.

 

كۆبوونەوەی ئەو دامەزراوە باڵایانەی گۆڕان لەسەر پرسی هەڵبژاردن لەهەرێم لەكاتێكدایە، هێشتا بە فەرمی هیچ شتێك لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئارادا نییە.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت.

 

د.ڕەئوف عوسمان، سكرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، سبەینێ جڤاتەكەیان كۆدەبێتەوەو ڕاسپاردەی دەبێت بۆ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی كە بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

 

سكرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان وتی"زیاتر لەبارەی هەڵبژاردن‌و دوا پێشهاتەكانەوە گفتوگۆدەكەین."

 

لەبارەی باسكردن لە كێشەسیاییەكانی هەرێم‌و پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان كە پرسی گەرمی ڕۆژە، ڕەئوف عوسمان وتی"بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە هەندێكی دەجوڵێت ڕەنگە زیادو كەم بكات، بەڵام ئەوەی تائێستا هەیە لەبارەی هەڵبژاردنەوە گفتوگۆدەكەین."

 

سكرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەشی خستەڕوو ئەوان نازانن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت یاخود نا، "بەڵام ئامادەكاریی خۆمان دەكەین".

 

بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، یەكێك لە ئەركەكانی جڤاتی گشتی هاوكاریكردنی جڤاتی نیشتمانییە بە ڕاوێژو ڕاسپاردە لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە.

 

دوو ڕۆژ دوای كۆبوونەوەكەی جڤاتی گشی، بڕیارە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەسەر هەمان پرس كۆببێتەوە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی ئەو حزبە جڤاتی نیشتمانی بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕاندا.

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بۆ پەرەگراف وتی"شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوەو باسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم دەكەین."

 

لەبارەی باسكردنی كێشەكانی هەرێم‌و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی، ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتی"كارنامەی كۆبوونەوەكە باسكردنە لە هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئەو پرسانەی دیكەش لە گفتوگۆكاندا بەشێوەی لاوەكی ڕەنگە قسەیان لەبارەوە بكرێت."

 

پەرەگراف لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیداو ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەوبارەیەوە، پەیوەندیكرد بە شیروان زراری وتەبێژی كۆمسیۆن، بەڵام ناوبراو ڕەتیكردەوە لێدوان بدات، هەروەها هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

 

كۆبوونەوەی جڤاتەكانی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنەكان لەكاتێكدایە، جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان باسێكی گەرمی ڕۆژەو ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەم مانگەدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كردووە لەسەر ئەو پرسە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یەكێتی‌و پارتی‌و هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی تێڕوانینی هاوبەش بۆچارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم.

 

ڕۆژی 17-5ی ساڵی ڕابردوو یەكێتی‌و گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.

 

8ی ئەم مانگە ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان نامەیەكیان ئاڕاستەی هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەكەیان كردو داوای وەڵامی بەپەلەیان كرد، ڕەخنەی توندیشیان لە سیاسەتەكانی یەكێتی گرت.

 

لەبەشێكی نامەكەی ئەو هەڵسوڕاوانەدا هاتبوو"پێمان وایە ئیدی هیچ پاساوێك بۆ بێدەنگی نەماوە‌و، كاتی ئەوە هاتوە لە نزیكترین كاتدا سەركردایەتی یەكێتی بە فەرمی و ئاشكرا ئاگادار بكرێتەوە، بۆئەوەی بزانین ئایا ئامادەن رێكەتنەكە جێبەجێ بكەن یان نا؟ ئەگەر ئامادەن ئەوا بفەرمون لە سبەینێوە هەنگاوی كرداری بنرێت، خۆ ئەگەر پەشیمانن، با خۆیان هۆكارەكانی بۆ رای گشتی رون بكەنەوەو كۆتایی بە رێكەوتنەكە‌ بهێنن."

 

عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و یەكێك لەوكەسانەی ئەو نامەیەی واژۆ كردووە، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، نامەكەیان جۆرێك لە كۆدەنگی لەسەرە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، وتی"ناوەڕۆكی نامە بەهیچ شێوەیەك پشتگوێ ناخرێت."

 

ئەو هەڵسوڕاوە گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا وەڵامی نامەكەیان نەدراوەتەوە، پێشیوایە ئاساییە یەكێك نییە لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی سبەینێ‌و شەممەی حزبەكەی.

 

"ئەو پرسە بەدڵنیاییەوە دەكرێت كۆبوونەوەی تایبەتی بۆ بكرێت‌و كاتێك پێگەیشت‌و چاوەڕێی دوابڕیاری كرد پێویستی بەكۆبوونەوەی نائاسایی دەبێت."عەدنان عوسمان وای وت.

 

لەناو یەكێتیشدا دەنگی ناڕەزایی هەیەو داوادەكرێت ئەو ڕێككەوتنەیان لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بكرێت، 18ی ئەم مانگە 12 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە نامەیەكیان ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كرد.

 

ئەو سەركردایەتییانەی یەكێتی لەنامەكەدا سەرباری بە بایەخەوە باسكردنی پەیوەندییەكانی حزبەكەیان‌و پارتی، بە پێویستیان زانیبوو پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ گۆڕان پەرەی پێبدرێت‌و ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان "كارا بكرێ".