ماڵى شیعە لە لێوارى دووکەرتبووندا؛ ئەمڕۆ دواوادەیە بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیران، سینارۆ یەکلاکەرەوەکان چین؟
پەرەگراف - ئەمڕۆ ماوەى دەستووریى ڕاسپاردنى کاندیدى سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق کۆتایى دێت. ناکۆکییەکانى نێوماڵى شیعە لە لووتکەدایە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە خاڵێکى هاوبەش بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆکوەزیران. کاتژمێرەکانى داهاتوو یەکلاکەرەوەن لەنێوان دووکەرتبوونى ماڵى شیعە و گەیشتن بە چارەسەر. دوو بژاردەى سەرەکى و ژمارەیەک بژاردەى بەدیل هەن.
بەپێى (ماددەى ٧٦/بڕگەى یەکەم) ـى دەستوورى عێراق، لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، دەبێت لە ماوەى ١٥ ڕۆژدا سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت ڕابسپێردرێت. سەرۆککۆمار لە ڕۆژى ١١ـى نیسانى ٢٠٢٦ هەڵبژێردرا، بۆیە کاتژمێر ١٢: ٠٠ـى شەوى ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ـى نیسان، دواوادەى دەستوورییە بۆ ئەو پرسە.
لە ڕۆژى دووشەممەى ڕابردووەوە کە کۆبوونەوەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆکوەزیران شکستى هێنا، ناکۆکى و ململانێکان قووڵتر بوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا زۆرێک لە سەرکردەکانى شیعە لەسەر کاندیدیکردنى (باسم بەدرى) ڕێککەوتن، کە بە کاندیدى نوورى مالیکى ناو دەبرێت، بەڵام بەشێک لە سەرکردەکان ڕەتیان کردەوە.
دواى ئەو کۆبوونەوەیە، شەوى چوارشەممە بۆ کۆبوونەوەى دواتر دیارى کرا، بەڵام قووڵیى ناکۆکییەکان ئەنجامدانى کۆبوونەوەکەى پەکخست. دواتر شەوى هەینى ٢٤ـى نیسان کۆبوونەوەیەکى کورت و بێ ئەنجامیان هەبوو. کۆبوونەوەى یەکلاکەرەوەش کە شەوى ڕابردوو بوو، دیسان ئەنجام نەدرا و بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
سەرەتاى هەفتەى ڕابردوو، ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران، سەردانى بەغدادى کرد و لەگەڵ سەرکردەکانى شیعە کۆبووەوە. بەڵام ئێرانیش نەیتوانیوە سەرکردەکانى شیعە بگەیەنێتە لێکتێگەیشتنێک بۆ چارەسەرى کێشەى کاندیدى سەرۆکوەزیران.
دوو بژاردە کە لەلایەن دوو بەرەى جیاوازى ناو لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیى شیعەوە پاڵپشتیى لێ دەکرێت، وەکوو میکانیزمى یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆکوەزیران گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، بەڵام هێشتا هیچ کام لە بەرەکان بە بژاردەى ئەوى دیکە ڕازى نەبووە. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پەنا بۆ بژاردەى بەدیل ببەن.
بژاردەى یەکەم
بژاردەى یەکەم کە پێشنیازى (یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆکوەزیرانە بە دەنگى دوو لەسەر سێى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، واتە هەشت دەنگ لە کۆى ١٢ دەنگ)، شکستى هێناوە. هەرچەندە بەشێکى زۆرى سەرکردەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى پاڵپشتیى دەکەن، بەڵام بەشێک لە سەرکردەکان کە لە براوە گەورەکانى هەڵبژاردنن، دژى وەستاونەتەوە و بە دادپەروەرانەى نازانن.
هاوپەیمانیى بنیاتنانەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیى (محەمەد شیاع سوودانى) کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە و خاوەنى ٤٦ کورسیى پەرلەمانە، دژى یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکوەزیرانە بە دەنگى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى.
سوودانى کە پێشتر لەسەر داواى سەرکردەکانى شیعە و لەژێر فشارى ئێراندا بە کاندیدکردنى نوورى مالیکى ڕازى بوو، پاش دوورخستنەوەى مالیکى، چانسى مانەوەى خۆیشى لاواز بووە، بۆیە کاندیدى بەدیلى داناوە کە ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران عێراقە.
قەیس خەزعەلى، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبى ئەهلى حەق، کە لیستەکەى لەژێر ناوى (سادیقوون) دا براوەى سێیەمى هەڵبژاردنە و ٢٧ کورسیى پەرلەمانى هەیە، بە یەکێکى دیکە لە دژبەرانى ئەم بژاردەیە ناو دەبرێت. هاوکات ناوى عەمار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى، وەکوو دژبەرێکى دیکە باس دەکرێت. حەکیم کە لەگەڵ حەیدەر عەبادى سەرکردایەتیى (هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى) یان لە هەڵبژاردندا کرد، ١٨ کورسیى پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.
هەرچەندە ئەو سەرکردانەى شیعە بە ئاشکرا دژایەتیى خۆیان بۆ بژاردەى یەکەم ڕانەگەیاندووە، بەڵام زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان وا دەڵێن. شکستى هەڵبژاردنى هەڵبژاردنى (باسم بەدرى) یش لە کۆبوونەوەى دووشەممەى ڕابردوو کە زۆرینەى سەرکردەکانى شیعە دەنگیان پێ دابوو، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.
بژاردەى دووەم
بژاردەى دووەم کە پێشنیازى سەرکردە ناڕازییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگییە، بەتایبەت محەمەد شیاع سوودانى، بریتییە لە (یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆکوەزیران بە دەنگى دوو لەسەر سێى پەرلەمانتارانى چوارچێوەى هەماهەنگی).
سەرکردەکانى نزیک لە سوودانى بە ئاشکرا ئەم پێشنیازەیان لە میدیا عێراقییەکاندا باس کردووە و بە "دادپەروەرانە" ـى ناو دەبەن بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەى کاندیدى سەرۆکوەزیران.
ئەم بژاردەیە ئەگەرچى کەمینەى سەرکردەکانى شیعەى لەگەڵدایە، بەڵام ئەو کەمینەیە خاوەنى زۆرینەى کورسییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەناو پەرلەمانن.
سەرجەم هاوپەیمانى و لایەنە پێکهێنەرەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى خاوەنى ١٦٤ کورسیى پەرلمانن، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ ئەم بژاردەیەن خاوەنى نزیکەى ٩٠ کورسین، واتە زیاتر لە نیوەى کورسییەکان.
زۆرینەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بە بژاردەى دووەم ڕازى نەبوون. پێیان وایە سەنگ و پێگەى چوارچێوەى هەماهەنگى و سەرکردەکانى وەکوو ناوەندێکى بڕیاردانى شیعە لاواز دەکات.
بژاردەى شوێنگرەوە
یەکێک لە بژاردە شوێنگرەوەکان تێکەڵکردنى هەردوو بژاردەکەیە. واتە کاندیدى سەرۆکوەزیران پێویستە لە کۆى دەنگى ١٢ سەرکردەى چوارچێوەى هەماهەنگى، هەشت دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام دەبێت ئەو هەشتسەرکردەى دەنگى پێ دەدەن، حیزب و هاوپەیمانێتییەکانیان خاوەنى ١١٠ کورسى لە کۆى ١٦٤ کورسیى چوارچێوەى هەماهەنگى بن.
ئەم بژاردەیە ئەگەر کۆدەنگیشى لەسەر هەبێت، لە ڕووى واقعییەوە جێبەجێبوونى سەختە، چونکە تەنیا بەوەى کە ژمارەى کورسییەکانى ئەو هەشت سەرکردەى کە دەنگى پێ دەدەن نەگاتە ١١٠ کورسى، بژاردەکە دەگات بە بنبەست.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بژاردەى نوێتریش بخرێتە ڕوو، بەتایبەت کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەى چارەسەر لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا چڕ کراونەتەوە.
سیناریۆ کۆنەکە
بژاردەى (دیاریکردنى کاندیدێک لە دەرەوەى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردن)، ئەو سیناریۆیە کە هەمیشە پێکهاتەى شیعە لە کاتى قووڵبوونەوەى ناکۆکییەکاندا وەکوو فریادڕەس پەناى بۆ بردووە. زۆرینەى سەرۆکوەزیرانەکانى پێشووى عێراق بە محەمەد شیاع سوودانییشەوە، لەو جۆرە کاندیدانە بوون.
ئەگەرى پەنابردنەوەى شیعەکان بۆ ئەم چارەسەرە هەمیشە لەئارادایە، ئەگەرچى ناکۆکى و ململانێکانى ئەمجارەى نێوماڵى شیعە، بە جۆرێکن کە کاندیدە بەدیلەکانیش هەر لە ناوخۆى لایەنە براوە گەورەکانەوە دیارى کراون و پێدەچێت هەر لەناو خۆیشیاندا یەکلاى بکەنەوە.
ئەگەرى بنبەست
ئەگەر سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر کاندیدى سەرۆکوەزیران بگەنە بنبەستى تەواوەتى، چاوەڕوان دەکرێت هەمان چیرۆکى کورد و سەرۆککۆماریان هەبێت. بە جۆرێک شیعەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن و هەریەکە بە بەستنى هاوپەیمانى لەگەڵ لایەنەکانى کورد و سوننە، هەوڵى پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى و مسۆگەرکردنى پۆستى سەرۆکوەزیران بدات.
ئەگەر ئەمڕۆ چوارچێوەى هەماهەنگى کاندیدى سەرۆکوەزیران یەکلا نەکاتەوە، ماوە دەستوورییەکە کۆتایى دێت. لە دەستووردا هیچ چارەسەرێکى ڕوون بۆ ئەم دۆخە دیارى نەرکراوە، بۆیە دەبێت سەرۆککۆمار پەنا بۆ دادگاى فیدراڵى ببات بۆ چارەسەر.
کردنەوەى دەرگا بۆ دووبارە تۆمارکردنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى، دیارترین ڕێگەچارەیە کە چاوەڕوان دەکرێت دادگاى فیدراڵى وەکوو چارەسەر بۆ دۆخەکە بڕیارى لەبارەوە بدات.